شیعری ڕێگە نادەم خۆشت بوێم

له‌لایه‌ن: - ده‌رباز یونس - به‌روار: 2020-06-18-12:29:00 - کۆدی بابەت: 278
شیعری ڕێگە نادەم خۆشت بوێم

ناوه‌ڕۆك

ڕێگە نادەم خۆشت بوێم

رێگە نادەم خۆشت بوێم
ھەوڵ مەدە
وا خێرا بێیتە ژیانم ...
زەردەخەنەی من مەبینە
من لە ناخەوە رووخاوم
من وێرانم ...

ئاشق مەبە
ئەم دڵەی من
ھێزی شکانی نەماوە ...
ئەو دەستەی من سارد و سڕە
گەر بیگری، گڕ و تینت پێ نابەخشێ
ھەرگیز ناتخاتە گەرماوە ...

تۆیەک کە ناسک و نازداری
ھێندە جوانی
لە ئاگر ئاو دەرئەھێنی ...
ھەر بە چاو داگرتنێکت
ھەزارا لاو ئەخەوێنی ...

حەیف نییە،
کە ھەموو خەونت پیاسەیەو
بەختەوەریت
عەتری ئەرمەنی و شانێلە ..
بەبێ ھۆکار خۆت مەخەرە بەر رەھێڵە ...

ھەستەکانت گەورە مەکە
بەو چاوە رەش و جوانانەت ئاوا نیگای پاک مەنێرە ...
داھاتووی خۆت
بە رابردووی من مەسپێرە ...

نازدارەکەی وڵاتەکەم
خۆشت نەوێم، تکا ئەکەم، تکا ئەکەم ...
لە چاوی من خۆت مەبینە
من وا ئەمرم، ئاوا ئەبم
لە ئاوێنەی شکا ئەکەم ...


سەرچاوەکان



2206 بینین