فرمانی ئێسک و پێکهاتەکانی

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-20-01:30:00 - کۆدی بابەت: 387
فرمانی ئێسک و پێکهاتەکانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئێسكەكان، كە ئێسكە پەیكەری لێپێكدێت، بە ڕێگای جیاواز كاردەكەن. ئەوانیش بنكەیەكی ڕەق دابین دەكەن، ماسولكەكانی لەسەر جێگیر دەبێت، كە ڕادەبن بە ڕاكێشانی ئێسكەكان ، هەروەها پاڵپشتی لەش دەكەن ، شێوە جیاكەرەوەكەی پێدەبەخشن و ئەندامە هەستیارە ناوەكییەكان دەپارێزن، بۆ نموونە پەراسوەكان، قەفەزێك پێكدەهێنن، كە دڵ و دوو سییەكانی تێدایە. ئێسكەكانی كەللەی سەر، دەماخ دەپارێزن، ئیسكەكان خوێ كۆدەكەنەوە وەك كالیسیۆم و فۆسفۆر كە ڕۆڵی زیندەیی گرنگیان لە كردارەكانی زیندە چالاكی دا هەیە. جگە لەمانە بەشەكانی ناوەوەی ئێسك خرۆكە سورەكان و سپییەكان و پەڕەكانی خوێنیش بەرهەم دەهێنن، ئێسكەكان لەگەڵ زۆری ژمارە و گەورەیی قەبارەیان كەمتر لە %20 كێشی لەش پێكدەهێنن. ئەوانیش شانەی زیندوو شێدارن

پێكهاتەی ئێسكێكی درێژ

ئێسكی درێژ لە چەقە كەلێنێكی كوندار پێكهاتووە، بە ئەڵقەیەك لە ماددەی چڕ دەورەدراوە. ڕووی ئێسك پەردەیەكی بەهێز دایدەپۆشێت، ناودەبرێت بە بەرگەئێسك. ئەم پەردەیە، تۆڕێك موولولەی خوێنی تێدایە كە خۆراكە ماددەكان بە ئێسك دەبەخشن، و دەمارەكانیشی تێدایە كە ئازارە ڕاگەیاندنەكان دەنێرن. لە ژێر بەرگە ئێسكدا ماددەیەكی ڕەق هەیە ناودەبرێـت بە ئێسكی پتەو(چڕ). چینە ئەستوورەكەی ئێسكی پتەو، كە تەوەرەی درێژە ئێسكە، وایلێدەكات كە بەرگەی بڕێكی زۆر لەو ئەركانە بگرێت، كە پێی دەگات لە ماوەی هەڵسان بە ڕاهێنانە وەرزشییەكان وەك بازدان.

ئێسكی پتەو لە لوولە پێكدێت، لوولەكانیش لە كریستاڵی خوێ و ڕیشاڵە پڕۆتینییەكان پێكدێن كە ناودەبرێن بە پەڕەكان. لە ناوەڕاستی هەر لوولەیەكدا جۆگەیەكی تەسك هەیە ناودەبرێت بە جۆگەی هاڤەرس، لوولەكانی خوێن بە ناو جۆگەی هاڤەرسی بەناویەكداچوو درێژ دەبنەوە، كە تۆڕێك پێك دەهێنن، خۆراك بۆ ئێسكە شانەی زیندوو دەگوازنەوە، لە دەوری هەر جۆگەیەكی هاڤەرس چەند چینێك لە ڕیشاڵی پڕۆتینی پێچ دەخۆن كەلێنیان تێدایە، كە ئێسكەخانەكانی لەناودایە.

لە ژێر ئێسكی پتەودا تۆڕێك لە بەستەرە شانە هەیە، كە ناودەبرێت بە ئێسكی ئیسفەنجی. ئێسكی ئیسفەنجیش، لە كەلێنی فراوان پێكدێت كە ژمارەیەك ئێسكە پەڕەی تێدایە بە تەریبی ڕیزكراون لەگەڵ هێڵی هێزی پەستاندا، كە وای لێ دەكات بەرگەی پەستانی گەورە بگرێت و لەكێشی ئێسكەكەش كەم بكاتەوە.

مۆخی ئێسك

زۆرینەی ئێسكەكان نەرمە شانەیەكی سوور یان زەردییان تێدایە ناودەبرێت بە مۆخی ئێسك. مۆخی سووری ئێسك (لە ئێسكی ئیسفەنجی و لە ناو جەمسەرەكانی درێژە ئێسك و پەراسووەكان و بڕبڕەكان و كۆڵە و ئێسكی موسڵداندا هەیە) خرۆكەی سووری خوێن و پەڕەكانی خوێن و خرۆكە سپییەكان بەرهەمدەهێنێت. بەڵام مۆخی زەردی ئێسك كەلێنەكانی درێژە ئێسك پڕ دەكاتەوە، زۆربەی لە چەورییە خانەكان پێكهاتووە، وەكو كۆگە بۆ وزەی یەدەك كاردەكات. وە لە توانادایە بگۆڕێت بۆ مۆخی سووری ئێسك كە خانەكانی خوێن دروست دەكات لە كاتی ڕوودانی ونكردنی بڕێكی زۆری خوێن.

بەركەوتن و ساڕێژبوونەوە

سەرەڕای ئێسك ئەگەر بەر قورساییەكی زۆر گەورە یان تووشی بەركەوتنێكی كتوپڕ ببێت. لەوانەیە درز ببات یان تێكبشكێت. بەو درزبردنە یان تێكشكاندنە دەڵێن شكان. ئەگەر سوڕی خوێن لەسەر سروشتی خۆی و بەرگەئێسك بە زیندووی بمێننەوە ئەوا ئێسك لە شكان چاك دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر تووشبوونەكەشی گەورە بێت.


سەرچاوەکان



3946 بینین