ڕامیاری نەختینەیی

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-21-16:07:00 - کۆدی بابەت: 399
ڕامیاری نەختینەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بریتییە لە هەموو ئەو كار ڕاپەڕاندنانەی كە لە لایەن میری و بانكی ناوەندی و خەزێنەوە دەگیرێنەبەر، بە مەبەستی كاركردنە سەر بڕی پارە و پەیداكردنی پارە و بەكارهێنانی پارە و متمانەپێدان بە ئامانجی گەیشتن بە ئامانجێكی ئابووری دیاریكراو وەك ئامانجی ئیشگێڕانی تەواوەتی.

ئامانجەكانی ڕامیاری نەختینەیی

ڕامیاری نەختینەیی هەوڵ دەدات چەند ئامانجێكی دیاریكراو بەدەست بهێنێت كە دەتوانرێت لە مانەی خوارەوەدا كورت بكرێنەوە

هێنانەدی ئاستێكی بەرز لە كارپێدان

ئابووریناسەكان هەموویان كۆكن كە پێوستە دابینكردنی ئاستێكی بەرز لە كارپێكردن بە ئامانجێك دابنرێت كە ڕامیاری نەختینەیی هەوڵی بۆ دەدات، مەبەستیش لەم ئامانجە ئەوەیە كە دەسەڵاتە نەختینەییەكان ئاگاداری جێگیركردنی چالاكی ئابووری لە بەرزترین ئاستی گونجاو لە خستنەگەڕی دەرامەتە سروشتی و مرۆییەكان، پێوستە لەسەر دەسەڵاتە نەختینەییەكان هەموو ئەو كار ڕاپەڕاندنانە پەێڕەو بكەن كە ئابووری دوور دەخەنەوە لە بێكاری و ئەو شوێنەوارانەی داكشانەوانەی كە لە بەرهەمهێنان و داهات و بارگرژی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕوو دەدات لەو كارڕاپەڕاندنانەش بەرزكردنەوەی قەوارەی خواستی هەمووەكی بۆ ئاستی پێویست لە خستنەگەڕی ئەو دەرامەتە بەرهەمهێنەكیانەی سوودیان لێ وەرنەگیراوە.

جێگیركردنی ئاستی نرخەكان

ئەم مەبەستەش لەوەدا كۆدەكرێتەوە كە كار بكرێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانە توندوتیژ و بەردەوامەكانی ئاستی نرخەكان، چونكە ئەوانە لەگەڵ خۆیاندا چەندین گۆڕانكاری لە بەهای پارەدا دروست دەكەن و دواتر كاریگەری خراپ دەكەنە سەر ئاستی دابەشكردنی داهات ە سامان تەرخانكردنی دەرامەتە ئابوورییەكان بەسەر لقەكانی بەرهەم هێناندا.

هاندانی پەرەسەندنی ئابووری

كاریگەری ڕامیاری نەختینەیی لە هاندانی پەرەسەندنی ئابووریدا لەوەوە دەردەكەوێت كە كار بكات سەر وەبەرهێنان، چونكە ئەو گۆڕانكارییانەی ڕامیاری نەختینەیی دەیهێنێتە كایەوە لە یەدەگە نەختینەییەكانی بانكە بازرگانییەكان كار دەكاتە سەر بڕی خستنەڕووی پارە، ئەمەش گۆڕانێكی هاوشێوە لە نرخی سوودا دێتە كایەوە كە ئەمیش بە پێی ڕۆڵی خۆی قەبارەی وەبەرهێنانی تایبەت دیاری دەكات.

چاكتركردنی تەرازووی پارەدان

تەرازووی پارەدان بۆ هەموو وڵاتێك پەیوەندی نەختینەیی و دارایی و بازرگانی ئەو وڵاتە دەردەخات لەگەڵ وڵاتەكانی تری جیهاندا، ئەم تەرازووە كاتێك لە بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتەدا دەبێت كە وەرگرتووەكانی لە دراوی بیانی (گرانبەها) دەرەوە زۆرتر بێت لە پێدانەكانی بە دەرەوە وە پێچەوانەكەشی ڕاستە.

هەموو دەوڵەتەكان هەوڵی ئەوە دەدەن كە تەرازووی پارەدانەكانیان بەلای بەرژەوەندییەكانیاندا بێتە خوارەوە لە هەر پلەیەكی پێشكەوتنی ئابووری دا بن تا بتوانن پارێزگاری بكەن لەو یەدەگی زێڕ و دراوی گرانبەهایانەی كە هەیانە كورتهێنانیش لە تەرازووی پارەداندا مانای ئەوەیە كە ئەو وڵاتە دراوێكی بیانی زیاتر دەدات لەوەی كە وەریگرتووە ئەمەش شوێنەواری خراپ لەسەر بەهای دەرەكی دراوە نیشتیمانییەكەی دروست دەكات.


سەرچاوەکان

130 بینین