ئەرکی حەسانەوە و ئەرکی کار

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-18-00:14:00 - کۆدی بابەت: 477
ئەرکی حەسانەوە و ئەرکی کار

ناوه‌ڕۆك

ئەركی حەسانەوە

دەمارە خانە لە باری حەسانەوەیە ئەو كاتەی دەمارە ڕاگەیاندن وەرناگرێت و ناینێرێت. لەم بارەشدا  خەستی پڕۆتینە بارگە نێگەتیڤەكان و ئایۆنەكانی پۆتاسیۆم بارگە پۆزەتیڤ لە ناوەوەی خانەكە بەرزتر دەبن وەك لە دەرەوەی خانەكە، وە خەستی ئایۆنەكانی سۆدیۆم لە دەرەوەی خانەكە زۆرتر دەبن وەك لە ناوەوەی خانەكە. خەستی ئایۆنەكانی سۆدیۆم و ئایۆنەكانی پۆتاسیۆم لە پاڵنەڕی سۆدیۆم – پۆتاسیۆم پەیدا دەبن، كە بە گواستنەوەی چالاك ئایۆنەكانی سۆدیۆم بۆ دەرەوەی خانە ئایۆنەكانی پۆتاسیۆمیش بۆ ناوەوەی خانەكە دەگوازرێـتەوە. پەردەی خانە ڕێگە بە تێپەڕبوونی هەندێك ئایۆن دەدات و بەهی دیكەی نادات. ئایۆنەكانی سۆدیۆم بە ئاسانی بە پەردەدا بڵاونابنەوە، بەڵكو لە دەرەوەی خانەكە كەڵەكە دەبن. بەڵام پڕۆتینە بارگە نێگەتیڤەكان هەر لە ناو خانەكەدا دەمێننەوە، چونكە قەبارەیان گەورەیە و ناتوانن بچنە دەرەوە لەو كاتەشدا ئایۆنەكانی پۆتاسیۆم بە سەربەستی بە پەردەكەدا تێپەڕ دەبن و بۆ دەرەوەی خانەكە بڵاودەبنەوە، كە لە كۆتاییدا وا لە ناو خانەكە دەكات بارگە نێگەتیڤ بێت بە گوێرەی دەرەوەی كە بارگە پۆزەتیڤە بۆیە پەردەی خانەكە لە باری حەسانەوە بە جەمسەرگری جیادەكرێـتەوە. بە جیاوازی ئەركی پەردەی پەیدا بوو بەهۆی جیاوازی بارگەكانەوە دەڵێن ئەركی حەسانەوەی پەردەكە، ئەم ئەركەش لە زۆربەی دەمارە خانەكاندا دەگاتە نزیكەی 70- مللیڤۆڵت.

 

ئەركی كار

كاتێك لق و پۆپەكان، یان لەشی خانەكە ئاگادار دەكاتەوە پێداڕۆیشتنی پەردەی دەمارە خانە بە شێوەیەكی كتوپڕ دەگۆڕێـت.

لە خاڵی وریا كەرەوەكە پەردەی خانە پیاڕۆ دەبێت بۆ ئایۆنەكانی سۆدیۆم. بەمەش چۆگە ئایۆنەكان لە پەردەكەدا دەكرێنەوە و ئەمەش ڕێگە دەدات بە ئایۆنەكانی سۆدیۆم كە وروژم بكەن بۆ ناو دەمارە خانەكە، لەبەر ئەوە ناوەوەی پۆزەتیڤ دەبێت بە گوێرەی دەرەوەی كە نێگەتیڤە. بە پێچەوانە بوونەوەی ئەو جەمسەرگرییە بە پەردەكەدا، ئەركی كار پەیدا دەبێت، ئەركی كار لە خاڵی بەیەكگەیشتنی نێوان لەشی دەمارە خانەكە و سەرەتای تەوەرەكەی دەستپێدەكات.

بە درێژایی تەوەرەی دەمارە خانەكان جۆگە ئایۆنییەكان هەن، لە وریابونەوەی دەمارە خانەكەدا ناوەوەی ئەو پارچەی تەوەرەیەی كە وریا كراوەتەوە پۆزەتیڤ دەبێـت، وە گۆڕانی ئەرك دەبێـتە هۆی كردنەوەی جۆگەكانی پەردەی ئەو پارچە تەوەرەی كە لە دوای دێت، لە ڕێگەیانەوە ئایۆنەكانی سۆدیۆم دەچێتە ناویەوە وەك ئەوەی پێشوو. بۆیە ئەركی كار تەنها بە یەك ئاڕاستە بە درێژایی تەوەرەدا دەگوازرێتەوە، واتە بۆ دوور لە لەشی خانە كە بەرەو دەمارە كۆتاییەكان دەگوازرێتەوە.

دوای ئەمە جۆگەكانی ئایۆنی سۆدیۆم دادەخرێت، و جۆگەكانی ئایۆنی پۆتاسیۆم دەكرێـنەوە، بەمەش دەرەوەی خانەكە پۆزەتیڤ دەبێت بە گوێرەی ناوەوەی، ئەمەش ناودەبرێـت بە گەڕانەوەی جەمسەرگری، كە ئاماژەیە بۆ كۆتایی هاتنی ئەركی كار. بەڵام دەمارەخانە لە توانایدا نییە ئەركی كارێكی دیكە بەجێ بهێنێت پێش گەڕانەوەی ئەركی حەسانەوە ئەم ماوە كاتیەش ناودەبرێـ بە ماوەی نەویستن.

دوای كۆتایی خاتنی ئەركی كار خەستی ئایۆنەكانی سۆدیۆم لە ناوەوەی خانە بەرزتر دەبێـت، وەك ئەوەی لە باری حەسانەوەدایە، بەڵام خەستی خەستی ئایۆنەكانی پۆتاسیۆم لە ناوەوەی خانە نزمترە. پاڵنەری سۆدیۆم – پۆتاسیۆم، بە بەكارهێنانی ATP، یارمەتی گەڕانەوەی خەستی ئایۆنەكانی سۆدیۆم و ئایۆنەكانی پۆتاسیۆم دەدات، بۆ ئەو بارەی كە هەردووكیان تێیدا بوون لە باری حەسانەوەدا، بەمەش ئایۆنەكانی سۆدیۆم بە ناو پەردەی خانەدا بۆ دەرەوە دەگوازرێنەوە، بەڵام ئایۆنەكانی پۆتاسیۆم بە پەردەكەدا بۆ ناوەوە دەگوازرێنەوە، بەمەش دەمارە خانە لە توانایدا دەبێت ئەركی كارێكی دیكە وەربگرێت.

 

 

 


سەرچاوەکان



2243 بینین