ناوهڕۆك
ئەو شێوە بەرز و نزمیانەی کە لە ئەنجامی داتاشینی با دروست دەبن
لە ئەنجامی داتاشینی (با) وە شێوەی بەرز و نزمی زەوی جۆراوجۆر دروست دەبێت،
لەوانەش:ئەو شێوانەی کە لە ئەنجامی کرداری داتاشین دروست دەبن، وە ئەو شێوانەی کە لە ئەنجامی کرداری نیشتنەوە دروست دەبن.
گرنگترین ئەو شێوانەی زەوی کە لە ئەنجامی داتاشینی (با) دروست دەبن
بەڵام گرنگترین ئەو شێوانەی زەوی کە لە ئەنجامی داتاشینی (با) دروست دەبن، بریتین لە:
١- مێزی بیابانی یان دیاردەی قارچک
بەهۆی ڕودانی کرداری داتاشینی بایەک کە لمی هەڵگرتووە لەو ناوچانەی کە پێکهاتەی بەردینی نەرمی هەیە لە بنکەکەیدا (نزماییدا)، دەبێتە هۆی ئەوەی کە داتاشینی (داخورانی) چینە نەرمەکانی خوارەوە زیاتر بێت لە داخورانی چینەکانی سەرەوە (بەهۆی پتەوی و ڕەقیەوە) ، ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بونی دیاردەی مێزی بیابانی و ئەم دیاردەیەش بەزۆری لە ناوچە بیابانیەکاندا دروست دەبێت.
٢- ستونی بیابانی
بەهۆی کاریگەری (با) لەسەر داتاشینی بەشە نەرمەکان و مانەوەی بەشە ڕەقە ستونیەکان لەسەر شێوەی ستون ئەم دیاردەیە دروست دەبێت.
٣- هەڵکۆڵراوە گەردیلەییەکان(چاڵە بیابانیەکان)
ئەم چاڵانە بەهۆی نیشتەنی ئاویەوە لە نزمایی بیابانەکاندا دروست دەبن، وە هەر کاتێک ئاوی بنکەکە وشک بوو، ئەوا ئەو بنکە قوڕینەی کە دروست بووە دەست دەکات بە قڵیشان و (با) یش هەڵدەستێ بە گەردیلە کردنی چینە قوڕینە وردەکە لە ناوەڕاستی چاڵەکەدا، بە بەردەوام بوونی ئەم کردارە قوڵیەکەی زیاد دەکات و چاڵ و نزمایی بیابانی دروست دەبێت کە هەندێ جار ئەم نزماییانە قوڵیان دەگاتە زیاتر لە (١٥ مەتر).
٤- زەوی حەماد
بریتیە لە ڕوویەکی تەختی تەندراو (داپۆشراو) بە چەو، کە ئەم ڕوە چەویە دوای لابردنی (لاچوونی) مادە نەرمەکان دەرکەوتوە و ڕوبەرێکی فراوانی داپۆشیوە وەک ئەوەی کە لە ئەردەن و لیبیا هەیە.
٥- گردی بیابانی دابڕاو
ئەم گردانە لە ئەنجامی لاچوونی بەشێکی گەورە لە ڕوویەکی بەردین بەهۆی (با) وە دروست دەبن، بەشەکانی دیکەی بەردەکە دەمێنێتەوە و لەسەر شێوەی گردی دابڕاوی تاک دەردەکەون.