کشتوکاڵکردن لە ڕێگەی دەریاوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-29-21:06:00 - کۆدی بابەت: 947
کشتوکاڵکردن لە ڕێگەی دەریاوە

ناوه‌ڕۆك

کشتوکاڵکردن لە ڕێگەی دەریاوە 


ئێمە لە دونیایەکی قەرەباڵغدا دەژین، زۆرێک لە خەڵک بەهۆی نەبوونی خۆراک و زەوییەکی گونجاو بۆ کشتوکاڵکردن کەم دەرامەت و برسین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستە خۆراکیان بۆ دابین بکرێت لە زیاد بووندایە، جا بۆ ئەم مەبەستە خەڵک لە زۆر کونجی ئەم دونیایەدا ڕوویان کردۆتە کشتوکاڵ کردن لە ڕێگەی دەریاوە.
ئەم سەوزە و میوەجاتەی کە دەیخۆین لە بنەڕەتدا ڕووەکی و درەختی کێوی بوون، بەڵام پێویستی مرۆڤ وایکردووە بەرەبەرە چاکسازی تێدا بکرێت، گەنم و برنج لە سەرەتادا دوو گیای دەشتی بوون، بەڵام هەر لە کۆنەوە نەوە دوای نەوە مرۆڤ توانی چاکسازی لە جۆری چاندنی ئەو ڕووەک و میوانە بکات تا بەم ئاستەی ئەمڕۆ گەیشتن، بۆ نموونە: لە ئەمەریکا لە ڕێگەی چەند یانەیەکی تایبەتەوە مناڵانی فێری چۆنێتی بەخێوکردنی مریشک دەکرێن، بەڵام فێر ناکرێن چۆن ماسی و نەهەنگ بەخێو بکەن، لەبەر ئەو هەموو هۆکارانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد پێویستە ئەو بەرهەمانەی کە لە دەریادا خۆراکی مرۆڤن زیاتر بکەین، چەندەها گیا و درەختی دەریایی هەیە کە بەردەکانی ناوچەی هەڵکشان و داکشانی دەریا دایانپۆشیوە، دارستانی گژو گیای دەریایی دەکەونە بنی ئاوە قووڵەکانەوە و پێویستە سەرمایەگوزاری تێدا بکرێت تا وەکو خۆراک کەڵکی لێ وەربگیرێت، بۆیە زیاتر لە سەد ساڵە هەر یەک لە وڵاتانی فەرەنسا و نەرویج و ئیسکۆتلەندا ئەم گژوگیانە کۆ دەکەنەوە، جاران ئەو وڵاتانە لە ڕێگەی دەستەوە و بە بەکارھێنانی داس ئەو کارەیان دەکرد، بەڵام پێویستی مرۆڤ وایکردووە کە ئامێری دروێنە کردنی گەورە بۆ ئەو كارە بەکار بهێنرێت کە دەتوانێت لە ماوەی یەک کاتژمێردا (٢٥) تەن گیای دەریا دروێنە بکات، لە پاڵ بەکارھێنانی زۆرێک لە گژوگیای دەریا وەکو خۆراک ئەوا وەکو  سەمادێکی باشیش بەکار دەهێنرێت بۆ برەودان بە بەرهەمی کشتوکاڵی سەر وشکایی، لە ئەمڕۆدا زانایان لە بڕوایەدان کە ئەگەر پەتاتە لە نێو گژوگیای دەریایەکاندا کشتوکاڵ بکرێت ئەوە بەرهەمێکی زۆر باشی دەبێت.
بەرهەمەکانی دەریا تەنها لە بواری خواردن و سەمادی کیمیایی کەڵکی لێ وەرناگیرێت، بگرە چەندەها داو دەرمانی بە سوودی لێ دروست دەکرێت، لە زۆر شوێنی دونیادا ساڵانە شەپۆلەکانی دەریا بە چەندەها تەن گژو گیایانە جارێکی تر لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە بۆ ناو دەریا بێ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت، زۆرێک لە خەڵک لەو بڕوایەدان کە گژوگیای دەریا بۆ خواردن ناشێت، ئەم بڕوایەیەیان ڕاست و دروست نییە، چونکە لە ئەمڕۆدا خواردنی دەریایی پڕ سوودترین و گرانترین جۆری خۆراکن، لە ویلایەتە ڕۆژهەڵاتەکانی ئەمەریکا جۆرێک لە گژوگیای دەریا کە پێی دەڵێن:(دلص) ڕەواجێکی باشی هەیەو خەڵکێکی زۆر وەکو خواردنێکی سەرەکی بەکاری دەھێنن، لە ئسکۆتلەندا لەگەڵ شیردا دەیکوڵێنن.
جۆرێکی تر لە گیای دەریایی لە کەنارە بەردییەکانی نیو ئینگلاند لە ئەمەریکا دەست دەکەوێت و لە شوێنەکانی تردا پێی دەڵێن: (حەزازی ئێرلەندی)، ئەمیان ڕەنگی (زەرد و سوور و سەوز وڕەش)ی هەیەو بۆ زۆر جۆری شرینی بە تام بەکار دەهێنرێت، زۆر لە وڵاتانی دونیا بە باشترین شێوە سوودیان لە دەریا وەرگرتووە، بۆ نموونە: وڵاتێکی وەک ژاپۆن نیوەی خواردنی لە دەریاوە بەرهەم دێنێت بەتایبەت ماسی، هەندێ جۆری تری وەک (زیندەوەری وەتەر و مەحار و گمبری و قرژاڵ)، هەروەها زیاتر لە (٣٠) جۆر گیای دەریایی دەخۆن، تەنانەت زۆرێک لە ساردەمەنییە بەتامەکانیان بە هەندێ گژوگیای دەریایی دروست دەکرێت.
ژاپۆنییەکان بە زۆری لە دوورگە بەردییەکاندا دەژین، ئەمەش بچووکترە لەوەی بتوانێت خۆراکی تەواویان بۆ دابین بکات، بەڵام دوورگەکانیان کەناری زۆر درێژی هەیە، پڕە لە کەنداو ئاوی تەنک کە لەوێدا گیای دەریایی بە زۆری دەڕوێت، گژوگیای دەریا لە کەنارەکانی چین و فلیپیندا دەخورێت و لە بازاڕەکاندا بەباشترین نرخ دەفرۆشرێت، دانیشتوانی ئەسکیمۆ گژوگیای دەریا وەکو سەوزە دەخۆن، هەر هەموو ئەو ڕووەک و درەختانە بە سروشتی لە دەریادا سەوز دەبێت، بەڵام دەکرێت کشتوکاڵیش بکرێن، لە ئێرلەندا و ژاپۆن ئاوە تەنکەکان بەکاردەهێنرێت بۆ کشتوکاڵکردن، بەڵام کۆنتڕۆڵ کردنی ژیانی ئاژەڵی لە دەریادا زۆر ئاسان نییە، بەڵام (ئیسفنجییەکان) چونکە زیندەوەرێکی بچووکەو کەم جووڵەیە، دەکرێت وەکو سەوزەی کشتوکاڵ بکرێت، بە ئەم مەبەستە چەندان پارچە چیمەنتۆی ڕاست و ساف دادەنێن و (ئیسفەنجییەکان) دەخرێتە قەی تا زۆر دەبن و پاشان دروێنە دەکرێت، لە ئێستادا هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی (مەتات) وەکو (ئیسفەنجییەکان) لەناو ئاوی دەریادا کشتوکاڵ بکرێت و هەندێک لەو هەوڵانە سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە،بەڵام لە ڕووی جۆرییەوە هەرگیز ناگاتە ئاستی (مەتات)ە سروشتییەکە.
هەندێک جار هەوڵ دراوە هەر وەکو چۆن مریشک بەخێو دەکرێت (ڕۆبیان) بەخێو بکرێت، بەڵام ئەم کارە ئاسان نییە، چونکە ڕۆبیان بە ملیۆنەها هێلکە (گەرا) دادەنێن، دەبێت هەمیشە ئەوەشمان لەیاد بێت کە ڕۆبیانەکان لەگەڵ یەکتردا بەشەڕ دێنو جاری وا هەیە یەکتری دەخۆن.
لە ژاپۆن کشتوکاڵی (لولو) زۆر پێشکەوتنی باشی بە خۆیەوە بینیوە، کێڵگەکانیان باشترین جۆری لولو بەرهەم دێنێت، ژاپۆنییەکان دوای ئەوەی دەنکە لمێک یان هەر تەنێکی تر کە شێوەیەکی داواکراوی هەبێت دەخەنە ناو (سەدەفی مەحار)ەوە، ئەویش بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی شلەی لولوی بەسەردا دەکات و بەوەش جوانترین شێوەی لولو بەرهەم دەهێنرێت.
لە ئەمڕۆدا ئامرازەکانی کشتوکاڵ کردنی دەریا کەمن و ئەو هەوڵانەش کە دراوە لە ئاستی پێویستدا نین، بەڵام لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کە ئێستا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بۆتەوە بەتایبەت کێشەی کەمی خۆراک ئەگەری ئەوەی هەیە کشتوکاڵ کردنی دەریا و سوود وەرگرتن لە بەروبوومەكانی وەکو خواردن برەو بسێنێت.


سەرچاوەکان



1591 بینین