ئەبووقاسم زەهراوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-01-23:43:00 - کۆدی بابەت: 1032
ئەبووقاسم زەهراوی

ناوه‌ڕۆك

ئەبووقاسم زەهراوی ٩٣٧ - ١٠١٣ ز

ئەبووقاسم خەلەف عەباس زەهراوی، پزیشک و برینسازێکی مەزنی دنیای ئیسلامە. دەربارەی ژیانی تایبەتی ئەو، زۆر کەم نووسراوە و گوتراوە، تەنانەت ساڵی لەدایکبوون و کۆچی دواییشی زۆر ڕوون و ئاشکرا نییە.

بەرهەم و کۆششەکانی

زەهراوی لە بواری برینسازیدا لە هەموو پزیشکە عەرەبەکانی هاوچاخی خۆی، بلیمەتر بووە. یەکەم کەس بووە چارەسەری خوێنبەربوونی داناوە. ناودارترین کتێبی بە نێوی: (التصریف لمن عجز عن التألیف) نووسیوە. گوتراوە تاکوو نها هیچ کتێبێک هێندەی ئەم کتێبە لە زانستی پزیشکییدا گشتگیر و هەمەلایەن نەبووە. ئەم کتێبە بە شاکتێبی نوژداریی هەژمار دەکرێت، بەشێک لە پزیشکان دەڵێن: باشتر وایە ناوی بنێین فەرهەنگستانی زانستی پزیشکیی (دائرة المعارف الطیبة). زەهراوی ئەم کتێبەی بۆ سێ تەوەر دابەش کردووە. تەوەری یەکەم: پزیشکیی. تەوەری دووەم: برینسازی. تەوەری سێیەم: باسی بواری زانستی داودەرمانی تاک و ئاوێتە (المرکب) دەکات. وەلێ زەهراوی زیاتر بە باسی برینسازیی ناسراوە.
لەو کتێبەدا لە ژێر ناوی (کاری دەستی) بە سێ باس لە برینسازیی دەدوێت، باسی یەکەم: داخکردن، پەنجا و شەش بەند لە خۆ دەگرێت. باسی دووەم: لەتکردن و خوێنبەردان، نەوەت و حەوت بەندی لێ دەبێتەوە. باسی سێیەم: برینپێچی و شکان دەخاتە ڕوو، ئەم باسەش سی و پێنج بەند وەخۆ دەگرێت. گوتراوە ئەم کتێبە یەکەم کتێبی زمانی عەرەبییە کە باسی برینسازیی کردبێت. کەم کتێبەدا زیاتر لە دووسەد وێنەی ئامرازی برینسازیی بەرچاو دەکەون، کە خۆی وێنەی کێشاون و بەکاری هێناون.
لە سەرەتای کتێبەکەیدا ئامۆژگاریی پزیشکان دەکات و دەڵێت: تکایە بەر لە هەمووشتێک خۆتان دێری توێکاریی بکەن، چونکە ئەمە ڕێسای یەکەمی برینسازییە.
زەهراوی یەکەم کەس بووە، کە باسی چۆنیەتیی لابردن و وردکردنی بەردی نێو میزڵدانی کردووە. وای پێی باشبووە سەرەتا بە ئامرازی (کلالیب) بشکێندرێت، دواترە پارچەی لێ بهێنرێتە دەر، زەهراوی لە شکانی ئەندامەکانی جەستەش شارەزاییەکی زۆر باشی هەبووە، بە تایبەتی لە ئێسکەکانی کاسەی سەر. لە کتێبە بەنێوبانگەکەی هەنگاوەکانی کارکردنی لەم بوارەدا بە وردیی روون کردوونەتەوە. هەروەها چەندان نەشتەرگەریی گەورەی بۆ پشت شکان کردووە. چارەسەری تێکچوون و لەیەکچوونی شەویلاکەکانی کردووە. ئامرازێکی داهێناوە بۆ ڕاستکردنەوە و چاککردنەوەی ددانەکان.

زەهراوی لە ئەورووپا

دیارە وەک زۆرینەی زاناکانی دیکەی ئیسلام، زەهراوی لە ئەورووپا سوودێکی زۆری لێ وەرگێڕاوە، کتێبەکانی بۆ چەندان زمانی بیانی وەرگێڕدراون، لە زانستگە پێوەندارەکان ئێستە کتێبەکانی ئەو، وەک مەنهەج دەخوێندرێن. برینسازەکانی ئەورووپا کەڵکێکی زۆریان لەو پیاوە وەرگرتووە. لە سەرەتای سەدەی پانزەوە تاکوو کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەم، کتێبی (التصریف)ـی ئەو، وەک ژێدەر و دەستاوێژ (مەرجەع) ـێکی بنەڕەتی تەماشا کراوە.

پوختەیەک لە ژیانی

- لە شاری زەهرا لە دایک بووە، هەر لەبەر ئەوەیش پێی دەڵێن زەهراوی. زەهرا ناحیەیەکی دەورووبەری قورتوبەی پێتەختی خەلافەی ئەمەوییەکان بووە لە ئەندەلووس.
- وەک پزیشکێک لە (بلات)ـی موستەنسەری (ئیبن عەبدولڕەحمەنای ناسڕ)، کاری کردووە.
- خودان فەزڵ و زانست و ئایین بووە.
- نێوەی کاتەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان لە ڕاهی خودا بەسەر بردووە.


سەرچاوەکان



849 بینین