ئیبن شاتر

له‌لایه‌ن: - ئاکار قطب الدین - به‌روار: 2021-01-02-01:25:00 - کۆدی بابەت: 1034
ئیبن شاتر

ناوه‌ڕۆك

ئیبن شاتر ١٣٠٤ - ١٣٧٥ ز 

  نێوی عەلی کوڕی ئیبراهیمی کوڕی محەمەدی دیمەشقیی ئەنسارییە. لە نێو زانایان بە ئیبن شاتر، ناوی دەرکردووە. لە زانستەکانی: گەردوونناسی، ئەندازیاری، ماتماتیک، وەک بلیمەتێک دەرکەوتووە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکی دەمرێت. باپیری بەخێوکردن و حەواندنەوەی لەئەستۆ دەگرێت. دواتر تەسلیمی مێردی پووری و ئامۆزاکەی دەکات. کە پێیان گوتووە (ئیبن شاتر)، لەوێشەوە ئەو نازناوە بەو دەبڕێت.
  لە (عاج) فێری موتربەکردنی درەخت دەبێت، شارەزایێکی قووڵ لەو بارە پەیدا دەکات، بۆیە لە نێو خەڵکدا بە (موتوربەکەر) ناوی دەڕوات.
  مێردی پووری لە زانستی بیرکاری و ماتماتیک وەک یەکەم مامۆستا وانەی پێ دەڵێت. دواتر بە دڵ و گیان هۆگری زانستی گەردوونناسیی دەبێت، هەرچییەک لەوبارە پێشتر نووسراوە، دەخوێنێتەوە. هەر بۆ ئەو مەبەستەیش لە ساڵی ١٣١٩ز گەشتێکی دوور و درێژ بۆ قاهیرە و ئەسکەندەرییە دەکات و لای زانا مەزنەکانی ئەوێ هێندەی تر بەهرەمەند دەبێت.
  ئیبن شاتر بایەخێکی زۆر بە کتێبی (الزیجات) دەدات. ئەم کتێبە چەندان خشتەی گەردونیی تێدا کێشراوە. هاتووچووی ئەستێرەکانی تێدا دیاریی کراوە، کە بەم هۆیەوە ساڵانە، ساڵنامە دەردەکرێت. چەندان تێبینی و سەرنجی گرنگی لەم کتێبە تۆمار کردوون. هەر بۆچوون و بیرۆکەیەکی بە هەڵە زانی بێت، ڕاستبینیی کردووە.
  ئیبن شاتر لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق وەک بانگبێژ دادەمەزرێت، دواتر دەکرێتە سەرۆکی بانگبێژان.
  ئیبن شاتر ئالەتێک بە ناوی (بەسیت) دادەهێنێت و لەسەر منارەی یەک لە مزگەوتەکانی ئەمەوی دادەنێت، هەر بەم بۆنەیەشەوە شاری دیمەشق ئاهەنگێکی گەورەی بۆ دەگێڕێت.

  خەسڵەتەکانی ئیبن شاتر

  ئیبن شاتر کەسێکی خاکەڕا و بێفیز بووە، بۆ فێربوونی زانست و زانیاری خۆی یەکلایی کردووەتەوە، چەندان ئامێری بۆ چاودێری کردن داهێناوە، چەندان کتێبی زانایانی لەوبارە خوێندووەتەوە، دیارترینیان کتێبی (المجسطی)ـی پەتلیمۆس و کتێبەکانی نەسیرەدین تووسی بوون.

  بەرهەم و داهێنانەکانی

  ئیبن شاتر ئامرازێکی بە ناوی (الأسطرلاب) بۆ دیاریکردنی بەرزی تەنەکانی ئاسمان و زانینی کاتەکان دروست کرد. لە سالی ١٣٤٢ز، مێژوونووس سەلاحوددینی سەفدی ئەو ئامرازەی بینیوە و سەرسامی خۆی لە هەمبەر دەربڕیوە.
  ئیبن شاتر توانی مەداری هەسارەی عەتارد و هەیڤ دیاریی بکات، کە ماوەیەکی دوور و درێژ زاناکانی فەلەکیان سەرگەردان کردبوو.
  ئیبن شاتر سەعاتێکی مس و سەعاتێکی خۆری (شەمسی)، داهێنا، هەروەها چەندان ئامێری بۆ چاودێریی داهێناون. ئەو بۆ ئەمە سوودی لە کاری دەستیی خۆی لە موتربەکردن وەرگرتبوو.
  سولتان موڕادخانی عوسمانی نرخێکی زۆری بۆ زانست و مەعریفەی ئیبن شاتر دادەنا و دنەی دەدا، بە پارە و پوول کۆمەکی دەکرد، تاکوو لە ساڵی ١٣٧٥ز کۆچی دوایی دەکات. سوڵتان بەردەوام خزمەتی ئەو زانایە دەکات.

  ئەو بەرهەمانەی لەدوای خۆی جێیهێشتووە

  •  رسالە الأسطرلاب.
  •  الأشعة اللامعة فی العمل بالألە الجامعة.
  • ایضاح المجیب فی العمل بالربع المجیب.
  • الجب والمقابلة.
  • رسالە فی العمل بدقائق اختلاد الأفاق المرئیة
  • رسالە فی الهالە الجدیدە
  • زیج ابن شاطر

 تیشکێک لە ژیانی

  • لە دیمەشق لە دایک بووە، هەر لەوێش مردووە.
  • بۆ فێربوونی زانست گەشتی بۆ وڵاتانی میسر و شام کردووە.


سەرچاوەکان



811 بینین