رینێ دیکارت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-03-11:39:00 - کۆدی بابەت: 1075
رینێ دیکارت

ناوه‌ڕۆك

رینێ دیکارت ١٥٩٦ - ١٦٥٠ز

دیکارت بە یەکەم زانای ماتماتیک و فەلسەفەی چاخی نوێ ناسراوە. ڕووانگەی عەقڵانیی ئەو بۆ مەعریفە و فەلسەفە، شۆڕشێکی گەورەی بەرپاکرد و بۆ چەندان سەدە سایەی کرد. بەدەر لەمەیش، ڕوانینەکانی ئەو بە خاڵی وەرچەرخانی ئایندەی ماتماتیک و زانستەکانیش دادەنرێت. دیکارت ژیانی زانستیی خۆی بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی قانوون دەست پێ دەکات، پاشان چەندان ساڵ لە نێو سوپادا بەسەر دەبات. هەڵبەت ئەمە بەر لە نیشتەجێبوونی لە هۆڵەندا، لە ساڵی ١٦٢٨ز. هاوکات زۆرینەی کتێبە بەنێوبانگەکانیشی لەو ماوەیە نووسون.
لە ساڵی ١٦٤٩ز، وەک مامۆستایکی تایبەتی مەملەکەتی کرستینای شاژنی سوێد قەبووڵ کرا. مەشوورە دیکارت ڕۆژانە زۆر درەنگ لە خەو هەستاوە، گوتوویەتی: لە نێو جێگەی نەرم و بە قووڵیی بیر دەکەمەوە،لەوانەیە بە هۆی ئەو کەشوهەوا ساردەی سوێدیشەوە بووبێت، بۆ نا؟

وەرچەرخانێکی لە ناکاو

دیکارت لە دەو ڕووباری (دانیوب) لەگەڵ سوپا خەریکی خەبات و تێکۆشان بووە. لەم ماوەیەدا چەند خەونێک دەبینێت، دواتر ئەو خەونانە دەبنە کەرەستە و بنەمای کار و بەرهەمەکانی.
یەک لەو شتانەی باوەڕی پێ بووە، کۆکردنەوەی هەموو زانستەکان بووە لە یەک زانستی تەواودا... توانیویەتی سیستەمێک بۆ بیرکردنەوە داڕێژێت. ئەو بە دوای سەرچاوەی هەموو زانستەکاندا گەڕاوە، هەقیقەتی مەعریفەکانی شیتەڵ کردووەتەوە، هەر بۆیە زۆر لە زانستە باو و بەردەستەکانی ڕەت کردوونەوە. تەنێ متمانەی بەو زانستانە بووە، کە خۆی باوەڕی پێی هەبوون، بە گوزارشتێکی دیکە جێگەی هیچ گومان و دوودڵیەک نەبوون.
ئەم بۆچوون و بیرۆکانەی دیکارت لە کتێبی: ''ڕامان لە فەلسەفی بەرایی'' بە روونی تەجەللا دەکەن. لەم کتێبەدا دیکارت گوتە بەنێوبانگەکەی ''من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم''، دەخاتە ڕوو. هەر لەم هەقیقەتەوە هەموو ڕاستیەکان دەپشکوون.
ئەمە دیکارتی وا لێ کرد لە زۆرینەی تاقیکارییەکانی، پشت بە بیرکردنەوە ببەستێت. هەر لە ژێر سایەی ئەم وتەیە، بیر و باوەڕەکانی دەپشکنی و ڕاستییەکانی دەردەخات.

هەقیقەتی ماتماتیک

دیکارت لە بواری بیرکاریدا، باوەڕێکی بەهێزی بە لۆژیک هەبووە، پێی وابووە لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت تەفسیرێکی تەواوی گەردوون بکات.
لێرەوە رەنج و کۆششە زۆرەکانی ئەو لە بواری زانستەکان بە گشتی و ، بیرکاری بە تایبەتی، دەردەکەون. دیکارت هەوڵی داوە زانستی ماتماتیک بە شێوەی وێنەکێشان بخاتە ڕوو، ئەمڕۆ ئەمە بە داهێنانی دیکارت دەناسرێت. ئەو هێمای (س،ص)ـی بۆ بیرکاریی دەکارهێنا، جەبر و هەندەسەی بە یەکەوە کۆکردنەوە. ئەم ڕێگە نوێیەی دیکارت، بۆ ئایندەیەکی نوێ، وەک کڵاو ڕۆژنەیەک وابوو.

پوختەیەک لە ژیانی دیکارت

- لە گوندی (لیهای) وڵاتی فەرەنسا لەدایک بووە.
- لە تەمەنی بیست سالیدا بڕوانامەی پارێزەریی وەردەگرێت.
- ماخۆی وتەی ''بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم''.
- تووشی نەخۆشیی سییەکان دەبێت، دوای چەند مانگ کۆچی دوایی دەکات.


سەرچاوەکان



1822 بینین