ئیدوارد جینێر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-05-23:08:00 - کۆدی بابەت: 1125
ئیدوارد جینێر

ناوه‌ڕۆك

ئیدوارد جینێر ١٧٤٩ - ١٨٢٣ ز

پێشکەوتنی زانستیی لە سەدەی هەژدەدا، تەنیا تێگەیشتنی خەڵکی نەگۆڕی، بەڵکە گۆڕانکاریی بەسەر ژیانی ڕۆژانەشدا هێنان. هیچ زانایەک بە قەد (جینێر)، کاریگەری نەخستووەتە سەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی خەڵک.
جینێر پزیشکێکی زۆر کارامە بووە، لە نێوان ساڵانی ١٧٧٠-١٧٧٢ز، لە ژێر چاودێریی (جۆن هنتر) کاری برینپێچیی کردووە. بەدەر لەم کارەیش، (جینێر) چاودێرێکی باشی دنیای سروشت بووە، لە ڕۆیشتن و هاتنەوەی مەلەکانی ئاسمان ڕاماوە و خەسڵەت و ڕەفتارەکانی دیاریی کردوون.
جینێر چەندان تاقیکردنەوەی لە بواری زانستی پزیشکیدا کردووە. چارەسەری کیمیایی بۆ چەند نەخۆشێک داناوە. لە ڕێگەی توێکاریی تەنی مرۆدا، بە دوای هۆکارەکانی سینگەئێشەدا گەڕاوە.

نەخۆشیی ئاوڵە

ئاوڵە: نەخۆشییەکی زۆر ترسناکە تووشی پێست دێت و بە خێرایی تەشەنە دەکات.
ئاوڵە، گۆپکەیەکی پڕ ئاوە و لە شێوەی قنچکەی سوور دەردەکەوێت، پاشان چڵک دەکات و سەرەکەی سپی دەبێت شوێنەواری لەسەر پێست دەمێنێتەوە.
گەورەترین شتێک، کە جینێر لە توێژینەوەکانیدا پێی گەیشتووە چارەسەری نەخۆشی ئاوڵە بووە. لەو زەمانەدە ئەو نەخۆشییە بە تەواوی خەڵکی تەنگەتاو کردووە، ئەم نەخۆشییە بەشێی لێ دەکوشتن و بەشێکی دیکەیشی لە پەلوپۆ دەخستن. هەرچەند هەوڵێکی زۆر بۆ بنبڕکردنی درا، بەڵام بێ سوود بوو.
ئەو نەخۆشییە تەنیا لە ئەورووپا بڵاو نەبووەتەوە، بەڵکە چەندان وڵاتی دیکەیشی وەک ئەمریکا و هیند و چین و شوێنی دیکەی گرتبووەوە. ئەم نەخۆشییە بە زۆری تووشی منداڵان دەبوو، ئەوانەی تووشی دەبوون و نەدەمردن جارێکی دیکە تووشی نەدەبوونەوە. بەشێک لە پزیشکان بۆ چارەسەری ئەو دەردە، کوتانیان بەکار هێنا، جینێر خۆیشی کوترا، لێ ئەو چارەسەرە مەترسیی زۆر بوو، نەنگی و ناشرینیی لەسەر پێستی مرۆ دەردەخست.
جینێر شەو و ڕۆژ لە خەیاڵی ئەوەدا بوو، چارەسەرێک بۆ ئەو نەخۆشییە بدۆزێتەوە. لە ساڵی ١٧٦٩ز، وەختێک (سارە نلمز) دێتە نۆڕینگەکەی و داوای چارەسەری ئاوڵە دەکات، ئەویش لیچە ماددەیەک لە قچکەیەکی (سارە) دەردەهێنێت و منداڵێکی پێ دەکوتێت، هاوکات ئەو منداڵە بە سووکی ئەو نەخۆشیەی گرتبوو، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت، بە خێرایی شیفای بۆ هات و چاک بووەوە. لێرەوە بۆی دەرکەوت، کە ئیتر دەبێ منداڵان بە کێمی ئاوڵە بکوترێن، چونکە هیچ زیانێکی لێ ناکەوێتەوە.
لە ساڵی ١٧٩٧ز، جینێر هەوڵی دا ئەنجوومەنی شا ڕازی بکات تویژینەوەکانی بۆ بڵاو بکاتەوە، وەلێ ئەوان ڕەتیان کردەوە. ناچار ساڵی ١٧٩٨ز، لەسەر گیرفانی تایبەتی خۆی چاپی کردن و بڵاوی کردنەوە.
جینێر بە دۆزینەوەی چارەسەری ئاوڵە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی لەو نەخۆشییە کوشندەیە دەرباز کرد، کە وەک مار لە قوڕگی خەڵک ئاڵابوو، بە هەزارانی تەفر و تونا کردن. لە ساڵی ١٩٨٠ز، بە ڕەسمی لە نێو بردنی ئەو نەخۆشییە ڕاگەیەنرا. بەمەیش جینێر بوو بە یەکێک لەو سەت کەسەی کە گۆڕانکارییان لەسەر ڕووی زەمین کردووە.

بە کورتی

- چارەسەری نەخۆشی ئاوڵەی دۆزیوەتەوە.
- لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا دەستی بە کاری پزیشکیی کردووە.
- لە ئینگلتەرا لە دایک بووە و حەفتا و سێ ساڵ ژیاوە. لە ساڵی ١٨٢٣ز، کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



500 بینین