جۆن تۆمسۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-07-13:53:00 - کۆدی بابەت: 1156
جۆن تۆمسۆن

ناوه‌ڕۆك

جۆن تۆمسۆن ١٨٥٦-١٩٤٠ ز

ئاشکرایە زۆرینەی داهێنراوە فیزیاییەکان لە سەرەتای چاخی بیستەمدا بوون  بەڵام جۆن تۆمسۆن لە هەموو زانا هاوچەرخەکانی سەرکەوتوو تر بووە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم پەردەی لەسەر هەموو ناکۆکی و هاودژییەکانی زانستی گەردیلە لادا. پێشتر زاناکان پێیان وابوو ئەوان بە باشی قەبارە و خەسڵەتی ئەو گەردیلانە دەزانن کە توخمەکان پێک دەهێنن، گەردیلەی هایدرۆجینیش لە هەموویان بچووکتر. کاتێک تۆمسۆن ١-١٠٠٠٠ لە بارستەی گەردیلەی هایدرۆجینی دۆزییەوە، هەڵڵایەکی گەورە کۆمەڵگەی زانستی گێتیی گرتەوە.

تیشکە کاثۆدەکان

تۆمسۆن لە سەرەتای ژیانیدا چەند وانەیەکی تیۆری زانستی فیزیای لە زانسگەی (مانشستەر) خوێند، ئەو کات زانستی فیزیا هێشتا ساوا بوو. گرنگترین دەسکەوتە فیزیاییەکانی بۆ ئەو کاتە دەگەڕێنەوە کە وەک ئوستازێک لە کارگەی کاڤندش لە کامبریدج کاری کردووە. هەڵبەت کارکردنی لەو کارگەیە، لە ساڵی ١٨٨٤ز، دەست پێ دەکات و لە ساڵی ١٩١٩ز، کۆتایی پێ دێت. هەر لەوساوە بڕیار دەدات (تیشکە کاثۆدییەکان) بتوێژێتەوە، کە ئێستە بە بەستەکی ئەلکترۆنیاتەکان ناسراوە، ئەوکات لە نێو زانایاندا مشتومڕێکی زۆری لەسەر کراوە. پێیان وابوو وەک ڕووناکییەکی ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام لە واقیعیشدا وانەبوو. تۆمسۆن هات و بە کۆمەڵێک تاقیکاریی ئەو باسەی یەکلایی کردەوە، توانی پێوەری تیشکەکان و خەسڵەتەکانیان بدۆزێتەوە.

پێوەری بارستەی بەشەکان

تۆمسۆن هەر زوو دەری خست کە تیشکەکان دەشێ لە بواری موگناتیسی و کارەباییدا، ڕووناکیی بدەنەوە. ئەم سەرنجە زۆر جێگەی بایەخی زانایان بوو، چونکە پێشتر هیچ شتێک لەو بارەوە تۆمار نەکرابوو. تۆمسۆن لە توێژینەوەکانی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تیشکەکان لە بەش نەک شەپۆل پێک هاتوون. دواتر تۆمسۆن دەری خست کە تیشکەکان هەڵگری بارگەی سالبن و هیچ پێوەندییەکیان بە توخمەکانەوە نییە. بەدەر لەمانەیش چەندان ئەنجامی دیکەیشی دەسگیر بوو.
هەموو ئەو ئەنجامانەی تۆمسۆن پێیان گەیشتبوو، لە زانستی گەردیلە ناسیدا جێگەیان بۆ کرایەوە و بایەخێکی زۆریان پێ درا، بەڵام ئەو زاراوانەی ئەو پێشنیازی کردبوون لە کۆڕی زانستیی ئەوسا، قبووڵ نەکران. بە نموونە تۆمسۆن زاراوەی (کسوول) دانابوو، زانایان ڕەتیان کردەوە و وشەی (ئەلکترۆن)ـیان بە باش زانی.

کارگەی کاڤندش

تۆمسۆن لە کارگەی کاڤندش بەشداریی لە کۆمەڵێک پڕۆژەی فیزیاییدا کرد. حەوت قوتابیی خۆی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ دەسنیشان کردن، خۆشی لە ساڵی ١٩٠٨ز، ئەو خەڵاتەیەی وەرگرت.
سەیرەکە لەوەدایە ئەو سەرەتا نیازی خوێندنی زانستی هەندەسەی هەبوو، بەڵام ناچار بوو زانستەکانی دیکە بخوێنێت، ئاخر ئەو باوکی لە ساڵی ١٨٧٢ز، دەمرێت و مەسرەفی خوێندنی هەندەسەی پێ ناکرێت. ڕێکەوتێکی خەمناک دەبیتە هۆی ئەوەی تۆمسۆن چەندان دەسکەوتی گەورە لە بواری زانستی فیزیادا بە دەست بێنێت.

کورتەیەک لە ژیانی

- خودان ڕەگەزنامەی ئینگلیزی بووە.
- لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەچێتە زانستگی (مانشستەر).
- لە ساڵی ١٨٩٧ز، ئەلکترۆنی دۆزیوەتەوە.


سەرچاوەکان



1091 بینین