ئێد و ئێدد و ئێدی - (Ed, Edd n Eddy (1999

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-10-16:22:00 - کۆدی بابەت: 1244
ئێد و ئێدد و ئێدی - (Ed, Edd n Eddy (1999

ناوه‌ڕۆك

چیرۆك و زانیاری زنجیرە

سێ کوڕی منداڵکار بە ناوەکانی "ئێد و ئێدد و ئێدی"یەوە کە هەرسێکیان بەیەکەوە بە "ئێدەکان" یان "سێ ئێدەکە" ناسراون. ئەم سێ کوڕە لە شەقامێکی قەراغ شارێکی خەیاڵی ئەژین بە ناوی شاری " پییچ کرییک". بە ڕێبەرایەتی و پێشڕەوی "ئێدی" ئەم سێ کوڕە فێری فێڵ و پلانێک ئەبن بۆ پەیداکردنی پارە لە هاوڕێکانی تریانەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو نوقڵو شیرینی و خواردنانەی کە حەزیان لێیە بیکڕن٫ بەڵام زۆربەی کات پلان و فرتوفێڵەکانیان شکست دێنێت٫ ئەمەش زۆرجار دوچاری گیرو گرفتو شەرمەزاری و سوکایەتیەکی زۆریان ئەکات.
 
"ئێد و ئێدد و ئێدی" زنجیرەیەکی ئەنیمەیشنی تەلەفیزۆنیی کەنەدی ئەمریکییە دروسکراوە لەلایەن نوسەرو دەرهێنەری بواری ئەنیمەیشن "دانی ئەنتۆنوکسی"یەوە بۆ کەناڵی تەلەفیزۆنیی "Cartoon Network". "ئەنتۆنوکسی" داوای لێکرابو کە کارتۆنێکی منداڵان بەرهەم بێنێت؛ کاتێک سەرقاڵی دیزاین کردنی ڕیکلامێک بو فکرەی بەرهەمهێنانی ئەم زنجیرەی بۆهات کە بەشێوەیەک بێت لە کارتۆنە کلاسیکیەکانی ساڵانی ۱۹٤۰-۱۹۷۰ بچێت. ئەنتۆنوکسی زنجیرەکەی ئاڕاستەی هەردو کەناڵی "Cartoon Network" و "Nickolodeon" کرد٫ بەڵام کەناڵی "Nickolodeon" داوای کۆنترۆڵکردنی زنجیرەکەی ئەکردو هەروەها داوای ئەوەی ئەکرد بڕیار بەدەست بێت لەوەی کە چ کاتێک زنجیرەکا بوەستێنرێو بە کۆتا بهێنرێت٫ ئەمەیش وای کرد "ئەنتۆنوکسی" ڕێکەوتنەکە لەگەڵ کەناڵی "Cartoon Network" بکات٫ وە لە کۆتاییدا و لە چواری مانگی یەکی ساڵی ۱۹۹۹ پەخشکردنی زنجیرەکە دەستی پێکرد. لە کاتی نمایشکردنیدا چەندین بابەت و کورتە فیلمی تر سەبارەت بە زنجیرەکە بەرهەمهێنراوە کە کۆتای و دەرەنجامی زنجیرەکە فیلمێک بو بە ناوی "Ed, Edd n Eddy's Big Picture Show" کە لە ساڵی ۲۰۰۹ نمایشکرا. ڕەخنە گران ب گشتی تێڕوانین و هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی و باشیان هەبو بۆ زنجیرەی "ئێد و ئێدد و ئێدی"و بووە یەکێک لە سەرکەوتوترین زنجیرەکان کە کەناڵەکە پەخشی کردبێت, جگە لەوەش چەند خەڵاتێکی بردەوە٫ لەوانەش: خەڵاتێکی ڕوبن و دو خەڵاتی لیۆ و خەڵاتێکی سۆکن٫ وە پاڵێوراوی چوار خەڵاتی تری لیۆ و خەڵاتێکی ئانی و خەڵاتێکی تو کیدس چۆیس بووە. لە کاتی پەخشکردنیدا زیاتر لە ۳۰ ملیۆن خێزان بینەری زنجیرەکە بوون و لە ۱۲۰ وڵات ئەگوێزرایەوەو جگە لە منداڵان تەنانەت لە ناو هەرزەکاران و گەنجانیشدا بینەری هەبو و ناوبانگی پەیدە کردبو. بە گوێرەی ئەوەی کە نزیکەی ۱۱ ساڵ بە بەردەوامی لەسەر شاشەی تەلەفیزۆنەکان ئەبینراو پەخش ئەکرا بەم جۆرە بووەتە دورودرێژترین زنجیرەی کەناڵی Cartoon Network. ئێد و ئێدد و ئێدی لەسەر ژیانی ئەم سێ کوڕە ئەڕوات کە هەرسێکیان ناوەکانیان بە ئێد دەستپێئەکات بەڵام لە ڕوی کەسایەتیەوە زۆر لەیەکتری جیاوازن: ئێد کەسێکی بەهێزو گێل و گەمژەیە کە وەکو خزمەتکارێک ڕەفتاری لەگەڵ ئەکرێت؛ لە لایەکی ترەوە ئەدد کەسێکی ئاقڵ و ڕێکوپێک و داهێنەرە و بە زیرەکترینی ناویان دائەنرێت؛ وە ئێدی کەسێکی تەڵەکەبازو توڕە و دەسبڕە و خۆی کردوە بە سەرۆکی ئەم دوانەی تر. ئەم سێ کوڕە پلان دائەنێن بۆ ئەوەی کوڕەکانی تری سەرشەقام بخەڵەتێنن و پارەکانیان لێ بسەنن بۆ ئەوەی شیرینی و نوقڵی پێ بکڕن بەڵام هەمو جارێک پلانەکانیان شکست دێنێت و توشی شەرمەزاری ئەبن.


سەرچاوەکان



1123 بینین