جوگرافیای وڵاتی میدیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-14-15:07:00 - کۆدی بابەت: 1336
جوگرافیای وڵاتی میدیا

ناوه‌ڕۆك

جوگرافیای وڵاتی میدیا

لە سەردەمێکدا میدەکان سەنتەری دەسەڵاتیان لە ناوچەی دەوروبەری هەمەداندا بووە، واتا بە گشتی قەڵەمڕەوت دەسەڵاتیان کەوتبووە باشوری وڵاتی مانیەکانەوە. لە دوای ڕوخاندنی دەوڵەتی ئاشوری، میدەکان بەهێز بوون  وڵاتەکەیان فراوان کرد و هەموو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی مەنیەکان و زۆربەی ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن ئێران و زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاشووریەکانیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.


سترابۆ لە سەدەی یەکەمی زاییندا بە ووردی باسی جوگرافیای میدیای کردووە و ناوچەکەیان دەکاتە دوو بەشەوە، یەکەمیان میدیای گەورە و دووهەمیان میدیای ئازەربایجان/ ئاتروپاتیان. میدیای گەورە پایتەختەکەی هەمەدان بووە. جیاکردنەوەی میدیای ئازەربایجان، لە میدیای گەورە، ڕەنگدانەوەی ڕابردووی میدەکان و مانیەکانە لە سەردەمی ئاشوریەکاندا. میدیای گەورە، هەتاوەکو سەدەی دوانزەهەمی زاینیش، سەرچاوەی ئیسلامییەکان بە (ماهات) ناویان بردووە. لەبەر ئەوەی کاتێک کە ئیسلامییەکان گەیشتنە کوردستان، وڵاتەکەیان بەش کرد و ئەو ناوچەیەی کە لایەن سترابۆوە بە میدیای گەورە ناستابوو، دابەشکرا بە دووبەشەوە، باجی بەشێکیان دەچوو بۆ موسڵمانەکانی کوفە و بەشەکەی تریان بۆ موسڵمانەکانی بەسڕە. بۆیە بە دینەوەر و دەوروبەری دەگوترا ماهولکوفە (ماە الکوفة) و بە نەهرەوان  و دەوروبەری دەگووترا ماهولبەسڕە (ماه البصرة). کە مانای میدیای کوفە و میدیای بەسڕە دەدات. ئەم ڕاستییە لە سەرچاوەی جیاواز و بە شێوەی جیاواز ئاماژەی پێ کراوە.


وڵاتی مادەکان لە کات و سەردەمی جیاوازدا سنورەکەی لە هەڵکشان و داکشاندا بووە. ڕاوسڵن پێی وایە کە لە کاتی ئەوپەڕی دەسەڵاتیاندا زۆرر لە نەتەوەکانی تریشیان خستبووە ژێر دەستیان بەرەوە باشوور، هەتاوەکو ئۆقیانوسی هیندی و لە ڕۆژهەلاتەوە، هەتاوەکو وڵاتی ئەفغانستان و بەرەو ڕۆژئاوا، هەتاوەکو سوریای ئەمڕۆ و لە باکورەوە سنورەکەی بەرەو هەموو وڵاتی ئازەربایجان ڕۆیشتبوو. ناوجەی بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی میدەکان هەر ڕەنگدانەوەی ناوچە هوری، سۆمەری، میتانی، هیتی، گوتی و کاسیەکانی ڕابردوو بوو و ئەمانە ناوچەی دەسەڵاتیان بەرەو ڕۆژهەڵات و باشوور بۆ زیادکردبوو. لە کاتێکیشدا کە میدەکان باڵادەست نەبوون، هەر ناوجەیەکی بەرفراوان بە ناوی وڵاتی میدەوە ناو‌هێنراوە. ئەو ناوچەیەش پایتەختەکەی هەمەدان بووە و بەرەوخوار هەتاوەکو ئیلامی ئەمڕۆ و بەرەو باکوور ئازەربایجانیشی  دەگرتە خۆی و بەرەو ڕؤژهەڵات هەتاوەکو کێوی دەماوەند و تارانی ئەمڕۆ دەڕۆیشت. بە گشتی زۆربەی جار ناوچەی دەسەڵاتی میدەکان لە ناو کوردستاندا بووە.


سەرچاوەکان



1203 بینین