شیردان بە منداڵی دووانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-19-21:24:00 - کۆدی بابەت: 8708
شیردان بە منداڵی دووانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

شیردان بۆ دایک پڕۆسەیەکی قوورس و لە هەمان کاتتدا پیرۆزە، هەروەها شیردان کۆمەڵێک سوودی زۆری هەیە بۆ دایک و منداڵەکە، دایکەکە لە جەستەی خۆی خۆراک دەدات بە منداڵەکە و گەورەی دەکات.
بەڵام شیردان بە منداڵی دووانە زۆر قوورسترە و ئەرکێکی زیاترە، هەبوونی کێشەکانی کەمبوونەوەی شیر، ئاوسانی مەمک، ئازاری گۆی مەمک، و کۆمەڵێک کێشەی تر لە شیردان بە دووانەدا دوو بەرامبەر زیاد دەکات. بۆیە گرنگە دایکان بزانن چۆن شیر دەدەن بە منداڵە دووانەکەیان.

شیردان بە دووانە

لە کاتی شیردان بە منداڵی دووانە سەرەتا هەوڵبدە کە هەردوو منداڵەکە پێکەوە شیر بخۆنەوە، واتە لە یەک کاتتدا شیریان پێ بدە، بەتایبەت سەرەتاکانی منداڵبوون منداڵەکان دەبێت ڕۆژانە ١٢ جار شیری دایک بخۆن، واتە هەر دوو بۆ سێ کاتژمێر جارێک و ماوەی شیردانەکەش نابێت لە ٣٠ خولەک کەمتر بێت.
ئەگەر هاتوو هەردوو منداڵەکەش دووانەی لێکچوو بوون کۆمەڵێک سیفاتیان دەبێت کە جیاواز بێت و مەرج نییە هەردوو منداڵەکە بە یەک ئەندازە شیر بخۆنەوە، بۆیە نابێت شیر لە دەمی منداڵ دەربهێنیت تاکوو خۆی مەمکی دایکی بەردەدات.

کالۆری و شیردان بە دووانە

دایکێک بۆ شیردان بە منداڵێک ڕۆژانە پێویستی بە ٥٠٠ کالۆری زیادە هەیە و ئەم کالۆرییە لەناودەچێت، واتە بۆ دوو منداڵی دووانە پێویست بە ١٠٠٠ کالۆری هەیە. شیردان و سووتاندنی کالۆری بەو واتایە دێت کە جەستەت پێویستی بە کالۆری زیاترە و دەبێت ڕۆژانە زیاترت دەست بکەوێت، پێویستە دایکەکە بۆ هەر منداڵێکی ٥٠٠ کالۆری دەست بکەوێت و ئەم ڕێژەیەش دەگۆڕێت لە کاتی گەورەبوونی منداڵەکان، واتە لەوکاتە پێویستیان بە کالۆری زیاترە یاخود ئەگەر شیری وشکیش بخۆنەوە، یان دەستیان کردبێت بە خۆراک خواردن ئەوە ڕێژەیەکی کەمتر لە کالۆرییان پێویستە، بۆیە دایکان دەبێت سیستمێکی باش و جیاوازی خۆراکی بخۆن و ڕۆژانە ئاوی زۆر بخۆنەوە.

چۆن شیری دایک زیاد دەبێت؟

ئەگەر شیری خۆت دەدەیت بە دوو منداڵە دووانەکەت واباشە بەردەوام شیریان پێ بدەت، بەشی سەرەکی و زۆری شیری دایک پێنج خولەکی سەرەتایە کە دێت، هەر بۆیە واباشترە لەجێی چەند جارێکی کەم و کاتێکی درێژخایەن بۆ شیردان، جاری شیردانەکانت زیاد بکەیت بەمەش منداڵەکان تێر دەخۆن و شیریشت زیاد دەکات.

پێدانی شیری وشک

قوورسە دایکێکی خاوەن دووانە بتوانێت تاکوو شەش مانگ یاخود ساڵێک شیر بدات بە هەردوو منداڵەکەی، بۆیە واپێویستە یارمەتیدەرێک هەبێت تاکوو دایکەکە جەستەی پارێزراو بێت و منداڵەکانیش بەباشی تێر بخۆن، لەم کاتەدا دەتوانن شیری وشکیش بەکاربهێنن لە پاڵ شیری دایکدا.

چۆن لە یەک کاتدا شیر بدرێت بە هەردووکیان؟

ئەگەر کەسێک دەتوانێت هاوکارت بێت واباشە هەر یەکە لە منداڵەکان بدەیتە دەستی کەسێک تا بۆت بگرن. بەڵام ئەگەر بەتەنهایت و ناتوانیت، لەسەر زەوی لای قەنەفەکە دانیشە و هەردوو منداڵەکە لەسەر جێگایەکەی خۆیان دابنێ و بیانخەرە ئەملاولای خۆتەوە، سەرینەکە ببەستە لە پشتت و منداڵەکان هەردووکیان پێکەوە لەملاولاوە بخەرە سەر سەرینەکە و شیریان پێ بدە.
هەروەها دەبێت بۆ هەر منداڵێک مەمکت بگۆڕیت و هەردووکیان لە هەردوو مەمکەکتەوە شیر بخۆنەوە.

چۆن بزانیت کە هەردوو منداڵەکە تێر شیریان خواردوو؟

بەچەند نیشانەیەکدا دەزانیت ئایا هەردوو منداڵەکەت شیری پێویستیان پێ دەگات، نیشانەکان ئەمانەنن:

  • دوای شیردان بە منداڵەکان مەمکەکانت نەرمتر دەبنەوە
  • پێویستە ڕۆژانە پێنج بۆ شەش دایبی پیس بکەن
  • تاکوو پێنج ڕۆژی سەرەتای لەدایکبوونیان دەبێت ڕۆژانە سێ جار پیسایی بکەن، و ڕەنگی پیساییەکە زەردی کاڵ بێت
  • لەدوای ڕۆژی پێنجەمەوە تاکوو سێ مانگی، بەلایەنی کەمەوە پێویستە هەردوو منداڵەکە ڕۆژانە ٢٨ گرام کێشیان زیاد بکات
  • منداڵەکەت دوای شیرخواردن ئارام ببێتەوە و بێ کێشە دەربکەوێت
  • زەردبوونی زۆر و تۆخبوونی میز دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ کەمی خۆراکی منداڵەکە
  • لەماوەی شیرداندا لە ژوورێکی بێدەنگ و ئارامدا دەتوانیت دەنگی دەمی منداڵەکە ببیستیت چۆن شیر دەخوات

ڕێنوێنی بۆ پێدانی شیر بە منداڵی دووانە

باشترین ڕێگا بۆ شیردان بدۆزەرەوە

چەند ڕێگایەکی جیاواز تاقیبکەرەوە بۆ شیردان بە منداڵەکەت و بزانە بە چی شێوازێک ئاسوودەیت لە کاتی شیرداندا، بۆ ئەوەی سەری منداڵەکە پارێزراو بێت واباشترە سەرین بەکاربهێنیت بۆ بەرزکردنەوەی منداڵەکە .

جێگای مەمکەکان بگۆڕەوە

ئاگاداربە دەبێت بۆ هەر منداڵێکیان هەردوو مەمکەکەت بخوات و نابێت تەنها مەمکێکت تایبەت بکەیت بە یەکێکیان، ئەم ڕێگایە وادەکات مەمک زیاتر بوروژێت و شیری زیاتر بەرهەم بهێنێت.

ڕێگاکان بگۆڕە

ئەگەر ناتوانیت لە یەک کاتدا شیر بدەیت بە هەردوو منداڵەکەت، دەتوانیت شیری مەمکێکت دابدۆشیت و بە مەمکەکەی ترت شیر بدەیت بە منداڵکیان و شیرە دادۆشراوەکەش بکەیتە مەمەکەیەک و بە هاوکاری کەسێک بیدەیت بە ئەوی تریان.

ئاگاداری گرتنی مەمکت بە

شیرخواردن دەبێتە هۆی ئازار و قڵیشانی گۆی مەمک، ئەگەر بێت و پێکەوە شیر بە دوو منداڵیش بدەیت ئەم قڵیش و ئازارە زۆر زیاتر دەکات، بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە ئەم حاڵەتە دەبێت بزانیت چۆن مەمکت دەخەیتە دەمی منداڵەکەوە و تەواوی مەمکت و دەوروبەری بخەرە دەمییەوە.

داوای یارمەتی بکە

کارکردن پێکەوە زۆر ئاسانترە و کەمتر ماندووت دەکات، لە کاتی شیردانت بە منداڵەکانت داوای یارمەتی بکە لە هاوسەرەکەت یاخود کەسانی دەوربەرت، چونکە قوورسە بتوانیت پێکەوە شیر بە هەردووکیان بدەیت بەبێ یارمەتی هیچ کەسێک.

بەرنامەیەک دابنێ

ژیانکردن لەگەڵ دوو منداڵی دووانەدا ئاسان نییە، بۆیە واباشترە بەرنامەیەک دابنێیت و منداڵەکانت لەسەری ڕابهێنێت، بۆ نموونە ئەگەر منداڵێکت دەگری و ئەوی تر خەوتووە ئەوی تریش خەبەربکەرەوە، چونکە واباشترە هەردووکیان پێکەوە شیر بخۆن و بەردەوامبە تاکوو فێری ئەم بەرنامەیە دەبن.

بزانە کامیان لە پێشترە

دەبێت ئاگاداربیت بزانیت سەرەتا شیر بە کام منداڵیان دەدەیت، ئەگەر منداڵێکیان لاوازترە لەوی تر دەبێت شیری زیاتری پێ بدەیت، هەر بۆیە یەکەمجار شیر بدە بە منداڵە قەڵەوەکە تاکوو وروژمی شیر چالاک بکات و شیری زۆر بێت بۆ ناو مەمکەکان و بەمەش منداڵە لاوازەکە بڕێک شیری باشتری دەست دەکەوێت.


سەرچاوەکان



1740 بینین