دایبی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-07-21:29:00 - کۆدی بابەت: 7121
دایبی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دایبی منداڵ (بە عەرەبی: حفاضات اطفال، بە ئینگلیزی: Baby diapers)، هۆکارێکە کە بۆ منداڵ بەکاردێت لە تەمەنێکی کەمدا، چونکە منداڵ لەو تەمەنەدا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی میز و پیسایی بکات بۆیە دەبێت هۆکارێک هەبێت، هەندێک لە دایبییەکان یەکجار بەکاردێن و هەندێکی دیکەیان چەند جارێک دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

مێژوو

لە سەدەی ١٩ـدا بەکارهێنانی دایبی نایلۆن زۆر باو بوو، بەڵام کێشەکە ئەوەبوو کە ئەم جۆرە دایبیانە تەڕایی و پیسییان زوو لێوە دەهاتە دەرەوە و جێگای پیس دەکرد، لە سەدەی ٢٠ـدا بە زیادبوونی پلاستیک بە بیری زۆرێکدا هاتبوو کە پۆشەرێکی پلاستیکی دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و هەوڵدانێکی زۆریش لەم بارەیەوە کرا و تاقیکرایەوە بەڵام پۆشەری پلاستیکی دەبووە هۆی هەوکردن و خورانی پێستی منداڵەکە.
بەڵام کاتێک کە (ماریۆن دانڤۆن) دووەمین منداڵی خۆی هێنایە دونیاوە هەموو شتێک گۆڕدرا، ئەو پێش ئەوەی منداڵی ببێت لە گۆڤاری مۆدە و جوانکاریدا کاری دەکرد بەڵام دوای منداڵبوونی دووەمی ناچاربوو کە بەردەوام پەڕۆی ناوی دایببیە نایلۆنەکەی منداڵەکەی بشوات و پاکی بکاتەوە، ڕۆژێک کە لە گەرماودا بوو لەناکاو پەردە پلاستیکییەکەی گەرماوەکەی لابردوو و چووە ژوورەوە و هەوڵیدا بەم پەردەیە دایبییەک دروست بکات کە هەم پیسی و تەڕایی نەیەتە دەرەوە و هەم ڕێگای چوونە ژوورەوەی هەواش نەگیرێت و ئازاری پێییەکانی منداڵەکەشی نەدات، هەوڵەکەی سەرکەوتوو بوو و توانی یەکەمین دایبی دروست بکات لە ساڵی ١٩٤٦ و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا کە ناوی لێنا کڵاوی حەسیری (بە ئینگلیزی: Boater) بۆ بەستنی ئەم جۆرە دایبییەش پێویستی بە گرێدان نەبوو بەڵکوو چەسپی بۆ دروست کردبوو کە بە ئاسانیی دەبەسترا.
ئەم داهێنانە پێشوازییەکی زۆری لێکرا لەلایەن خەڵکییەوە و بەڵام لە ساڵی ١٩٤٩ کاتێک کە ویستی بیفرۆشێت سەرکەوتوو نەبوو، پاشان  ٢ ساڵ دوای ئەوە واتە لە ساڵی ١٩٥١ توانی ئەم داهێنانە بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار بفرۆشێت بە کۆمپانیای کێکۆ - keko، ئەم خاتوونە لە ساڵی ١٩٩٨ و لە تەمەنی ٨١ ساڵید کۆچی دوای کرد.

پێکهاتەی دەرەوە و ناوەوە

دایبی منداڵ پێکهاتەیەکی باش و گونجاوی هەیە چونکە بۆ هەستیارترین شوێنی منداڵ دروست کراوە و کە منداڵ خۆشی هەستیار و ناسکە، دایبی لە چەند بەشێک پێکهاتووە و هەریەکەیان لە چەند ماددەیەک پێکهاتووە.
بەشی دەرەوەی دایبی منداڵ لە پۆلیئەسیلین (Polyethylene) پێکهاتووە واتە هەمان ئەو شتەی کە زەرفی نایلۆنی لێ دروست بووە، و بەشی ناوەوەی کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی هەیە لەگەڵ جەستەی منداڵەکەدا لە پۆلی پڕۆپین (polypropene) یاخود هەمان ئەو ماددە باو و ئاساییە کە بۆ جلی ژێرەوە دروست دەکرێت، ئەم دوو ماددەیە هەردووکیان تەواو سەلامەتن بۆ منداڵەکە، هەروەها بەشێک لە کۆمپانیاکان ئەلۆڤێرا و ڤیتامین E زیاد دەکەن بۆ پێکهاتەی ناو دایبی کە پێکهاتەی باش و گونجاون و ئەم دوو ماددەیەش لە پێکهاتەی کرێمی سووتانەوەدا بەکاردێن.

پێکهاتەی هەڵمژەر

پێکهاتەی هەڵمژەری دایبی منداڵ پێکهاتووە لە هەویر کە بە کلۆر سپی کراوەتەوە و پۆلیمەر لە پێکهاتەیدا هەیە، (پۆلیمەر واتای ناوەکەی بریتییە لە فرەبەش، ماددەیەکە کە لە دووربارەبوونەوەی بەشی جیای گەردی کیمیایی زۆر گەورە و زۆر بچوک پێکدێت، هەردوو جۆری پۆلیمەری سروشتی و دەستکرد ڕۆڵێکی بێسنووریان هەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەبەر تایبەتمەندییە فراوانەکانیان)، بە گشتی پۆلیئەکریلاتی سۆدیۆم (Sodium polyacrylate) پێکهاتەیەکە کە دەتوانێت ٣٠ بەرامبەری کێشی خۆی میز هەڵبمژێت، ئەم جۆرە هەویرە هێزێکی زیاتر دەبەخشێت بە دایبی، هەروەها یارمەتی دەدات کە ناسکتر بێت و دایبییەکە زیاتر بە وشکی بمێنێتەوە و زوو نەخوسێت.

پێکهاتە کیمیاییەکانی ناو هەڵمژەری دایبی

دایۆکسین - Dioxine

بریتییە لە گروپێکی کیمیایی کە یەکێکە لە پیسکەرەکانی ژینگە و زۆر ژەهراوییە کە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە گەشەکردن و زیان بە سیستی بەرگری بگەیەنێت، هەروەها لەگەڵ هۆڕمۆنەکان کارلێک بکات و ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، زۆرینەی دایبییەکان پێکهاتەیەکی زۆر کەمی دایۆکسینیان تێدایە، بەڵام ئەم بڕە کەمە هەڕەشە و مەترسی نییە لەسەر ژیانی منداڵەکە، بڕەکەی تەنانەت نزیک لەوەش نییە کە بتوانێت زیانێکی کەمیشی هەبێت، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک منداڵان هەزاران و ملیۆنانن جار زیاتر دایۆکسین لە خواردنەوە وەردەگرن بە بەراورد بەوەی کە لە دایبییەوە وەریدەگرن دایۆکسن لە لە ژینگەی دەوروبەریشدا لە هەموو جێگایەکدا بوونیان هەیە و دەچنە ناو هەر شتێکەوە کە ئێمە دەیخۆین بەتایبەت چەوری ناو ئاژەڵەکان، هەر بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە دەرکەوتووە کە مەترسیدارترین جۆری دایۆکسن ئەوانە نین کە لەناو دایبیدا هەن.

پۆلیئەکریلاتی سۆدیۆم - Sodium polyacrylate

پێکهاتەیەکی ناو هەڵمژەری دایبییە کە پێکهاتەیەکی ڕوونە و توانایەکی باشی هەیە بۆ هەڵمژینی میز لەناو دایبیدا و دەکرێت بە هۆی بەرکەوتن یاخود بۆنکردنی ئەم پێکهاتەیەوە تووشبوون بە هەستیاری ڕووبدات، بەڵام ئەم پێکهاتەیە بڕەکەی لەناو دایبیدا ئەوەندە کەمە کە بە دەگمەن منداڵ تووشی هەوکردن و هەستیاری دەکات.

ڕەنگ و بۆنی دایبی منداڵ

بەشێک لە دایبییەکان لە بەشی دەرەوەی ڕەنگیان تێدا بەکارهاتووە و بۆنێکی تایبەتیشیان هەیە، ئەم بۆنە بەگشتی پێکهاتووە لە ماددەی ستیڕال، بەگشتی ئەم بۆن و ڕەنگانە بێزیانن و زیان لە منداڵەکە نادەن، بەڵام هەندێک جار ئەو منداڵانەی کە زۆر هەستیارن تووشی هەستیاری دەبن بەهۆی ئەم ڕەنگ و بۆنەوە، بە پێی لێکۆڵینەوەکان ڕێژەی ستیڕاڵی ناو دایبییەکی منداڵ بە نزیکەیی یەک ملیۆن جار کەمترە لەو بڕەی کە بتوانێت منداڵێک تووشی هەستیاری بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک منداڵ ئەوەندە هەستیارن کە بەوەش تووشی هەستیاری دەبن بۆیە واباشترە کە ئەم منداڵانە دایبی بێ بۆن و ڕەنگیان بۆ بەکاربێت.


سەرچاوەکان



1572 بینین