دیاردە بەرز و نزمیەکانی سەر ڕووی زەوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-26-23:53:00 - کۆدی بابەت: 886
دیاردە بەرز و نزمیەکانی سەر ڕووی زەوی

ناوه‌ڕۆك

 دیاردە بەرز و نزمیەکانی سەر ڕووی زەوی

ئەو هۆکارانەی کە دیاردە بەرز و نزمیەکانی سەر ڕووی زەوی پێکدێنن:

١- جوڵەی توێکڵی زەوی
٢- جوڵە ناوەکیە هێواشەکانی زەوی
٣- جوڵە ناوەکیە خێراکانی زەوی.

جوڵەی توێکڵی زەوی

جیاوازی جوڵەکانی زەوی لە ڕووی هێز و کاریگەریانەوە، شێوە بەرز و نزمیە جیاوازەکانیان دروست کردووە، لە گرنگترین ئەو بیردۆزانەی کە پەیوەستە بە جوڵەکانی توێکڵی زەوی و بەرز و نزمیەوە و کیشوەرەکانیان دروست کردووە بریتیە لەمانەی خوارەوە:

أ-بیردۆزی خزانی کیشوەرەکان (نظریة زحزقة القارات)

هۆکاری لێکچوونی پێکهاتەی کیشوەرەکانی جیهانی کۆن و جیهانی نوێ، وایکرد کە ئەلفرێد ڤجنر (Alfred Wagner) لە ساڵی (١٩١٥) دا بردۆزی خزانی کیشوەرەکان دابنێت، بۆ ڕونکردنەوەی دروست بوونی کیشوەرەکان و بەرز و نزمی، ڤجنر پێی وایە کە کیشوەرەکان لە چاخە جیۆلۆجیە یەکەمینەکان (سەرەتاییەکان) دا دروست بوونە، کە زەوی یەک پارچە بووە لە سیال، دواتر بەهۆی ئەو پەستانەی کە تووشی چینەکانی (مانتڵ) بووە (کە دەکەونە ژێرەوە یان قوڵایی زەوی) پارچەی جۆراوجۆری لێ پەیدا بووە کە بریتین لە کیشوەرەکانی ئەمڕۆ، بەجۆرێک کە پارچە سیالەکە بۆتە دوو پارچەی سەرەکی و بە درێژایی خاچە جیۆلۆجیەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم) لە یەکتری دوورکەوتونەتەوە.
پارچەی یەکەم بریتییە لە هەردوو ئەمریکا کە ڕوویان کردە ڕۆژئاوا و باکوور، وە کیشوەری ئوسترالیا و کیشوەری جەمسەری باشوور ڕوویان کردە باشوور و تا ئێستاش بەم شێوەیە (لە شوێنی خۆیان) ماونەتەوە.
بەڵام ئەو پارچەیەی کە لە ئەفریقا و ئۆراسیا پێکهاتبوو پارچە پارچە بوو و ڕووی لە ئاراستەی جیاواز کرد،  کە ئاسیا ڕویکردە باکووری رۆژهەلات و ئەفریقاش دورکەوتەوە لە ئاسیا، وە ئەوروپا ڕوویکردە باکووری رۆژئاوا و لەم دورکەوتنەوەیەدا دەریای سور و کەنداوی عەرەبی دروست بوون و (مەدەغەشقەر) یش جیابویەوە لە هیند.
وە لەو بەڵگانەش کە پشتڕاستی بیردۆزی خزانی کیشوەرەکان دەکەنەوە بریتین لە لێکچوونی کەنارەکانی ڕۆژئاوا و رۆژهەڵاتی زەریای ئەتڵەسی و لێکچوونی کەنارەکانی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوای دەریای سور، هەروەها پێوانە گەردونیەکان ئەوە دەردەخەن کە بە بەردەوامی دورکەوتنەوە هەیە لە نێوان کیشوەری ئەمریکای باکوور و کیشوەری ئەوروپادا (بەپێوانەی ٤م/ ساڵانە) هەروەها بوونی پاشماوەی ڕوەکی و ئاژەڵی ناوچە خولگەییەکان لە ناوچە ساردەکاندا بەڵگەن لەسەر ڕودانی گۆڕانکاری لە شوێنی ئەو ناوچانەدا (شوێنی کیشوەرەکان) لە ئەنجامی خزانیان لە سەردەمە جیۆلۆجیەکاندا.

ب-بیردۆزی هەڵتەکان و داتەکان (تەکتۆنی)

ئەم بیردۆزە پشت دەبەستێت بە دابەشکردنی توێکڵی زەوی بۆ (١٠ پلێت یان زیاتر) و ئەم پلێتانە پێکهاتوون لە بارستەی ڕەق و تێکڕای ئەستوریان (١٠٠ کم)، ئەم پلێتانە تووشی هەڵخلیسکان بوون لەسەر چینی تواوەی ژێرەوەیان، جوڵەی ئەم پلێتانە لەسەر ئەم تواوەیە وەک جوڵەی هێواشی پارچە بەفرێکە لە ناوچە جەمسەریەکان لە ژێر کاریگەری (با و تەوژمە دەریاییەکاندا)، وە دەوروبەری ئەم پلێتانە بونەتە زەویەکی (ناوچەیەکی) چالاکی زەمین لەرزە و گڕکان.
بە گوێرەی ئەم بیردۆزە بنکەی زەریاکان دوردەکەونەوە بە درێژایی خەرەندەکان، وە هەریەکێک لە خەرەندەکان سنوری جیاکەرەوەیە لە نێوان دو پلێتدا، وە لەسەر درێژایی ئەم هێڵە پلێتەکان بە ئاڕاستەی جیاواز لە یەکتری دووردەکەونەوە، دەوروبەری زەریاکان شوێنی بەیەکگەشتن و پێکدادانی پلێتەکانە، لەکاتی بەریەککەوتنی ئەم پلێتانەدا پلێتێک بەرزدەبێتەوە و ئەوی دیکە ژێر دەکەوێت و نقوم دەبێت لە ناو مادە تواوەکاندا و دواتر دەتوێتەوە و دەبێتە هۆی ڕوودانی بومەلەرزە و گڕکانی بەهێز.

 

جووڵە ناوەکیە هێواشەکانی زەوی

چەمانەوە و شکانەکان بەشداری دەکەن لە دروست بوونی بەرز و نزمیەکانی ڕووی زەوی، کە هەندێ جار بەشێوەی خێرایە و هەندێ جاریش هێواشی، ئەمەش دەوەستێتە سەر بەهێزی و توندی ئەو پەستانەی کە دەکەوێتە سەر بەردەکان.

چەماوەکان

چەماوەکان لە ئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەی پەستانی لایەکی (تەنیشتی) یان ڕووی بۆ سەر بەردی نیشتەنی نەرم گەشە دەکەن و لە ئەنجامی ئەم پەستانەوە بەردە نیشتەنیە نەرمەکان توشی چەمانەوە و نوشتانەوە دەبن، وە چەماوەکانیش هەندێک جار بە شێوەی قۆقز دەبێت (بەرەو سەر)، وە هەندێ جاریش بەشێوەی قوپاو دەبێت (بەرەو خوار) کەواتە دەکتێت بوترێت کە چەماوەکان یان لە دوو لای قۆقز و ڕویەکی چاڵ پێکدێن، یان لە دوو ڕووی چاڵ و ڕویەکی قۆقز(بەرز) پێکدێنن.

جۆرەکانی چەماوە

١- چەماوەی وەستاو: کە بەهۆی دوو گۆشەی وەستاو لە نێوان دوو قەدپاڵ و هێڵێکی ئاسۆیدا دروست بووە.
٢- چەماوەی لار: لایەکانی ئەم چەماوەیە یەکیان وەستاوە، بەڵام لایەکەی دیکەی بەهەمان گۆشە چەماوەتەوە، (بەهەمان شێوە لەگەڵ یەک هاوتەریب نین)، واتە لێژیەکان جیاوازن.
٣- چەمانەوەی نەرم:  بەهۆی هەبوونی دوو قەدپاڵی نزیک لە باری ئاسۆیی دروست دەبێت.
٤- چەماوەی هاویەکسان لە لاری: کاتێ لاری دوو هێل یەکسان دەبن لەگەڵ هێڵی ئاسۆیی ئەوا ئەم چەماوەیە دروست دەبێت.
٥- چەماوەی پانکەیی:  کاتێک لایەکانی چینە نەرمەکان توشی پەستانی هێز دەبنەوە، ئەوا دەبێتە هۆی یەکخستنی بەهێزی چینەکان و دروست بونی چەماوەی پانکەیی.
٦- چەماوەی تێکشکاو:  کاتێک چینە بەردە چەماوەکان توشی کرداری شکان دەبن ئەوا ئەم جۆرە چەماوەیە (چەماوەی تێکشکاو) دروست دەبێت.


لە ئەنجامی چەمانەوەدا چەندین شێوەی جیاوازی ڕووی زەوی دروست دەبێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١- چیا چەماوەکان کە کانگای جوڵە چەماوەییە هێواشەکانن: کە قۆقزی و قوپاوی دروست دەکەن و لە ئەنجامدا دۆڵ و چیا پێکدێت.
٢- ئەو چیا چەمانەوانەی کە لە ئەنجامی جوڵەی چەماوەی بەهێز و توند دروست دەبن.
٣- پانە بەرزەکان.
٤- حەوز و چاڵاوەکان.

 

شکان

شکان لەو بەردانەدا ڕودەدات کە زۆر ڕەق و بەهێزن (پتەون) و ڕوبەڕوی پەستانێکی بەهێز دەبنەوە و لە ئەنجامدا توشی شکان و لێکترازان دەبن، وە ئەگەر بەردەکان درزیان تێدا دروست بوو (لێک جیابونەوە)، وە هەردوو بەشە شکاوەکە لە هەمان ئاستی خۆیاندا مانەوە، ئەوا ناو دەبرێت بە درز تێبوون.
بەڵام ئەگەر لایەکی بەردە شکاوەکە کە داکەوت (نزم بویەوە) و لایەکی دیکەی بە بەرزی مایەوە، لەم کاتەدا جیاوازی بەرزی لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دەبیتە هۆی دروست بوونی شکاوی و لێکترازان، وە بە جیاوازی بەرزی نێوان ئەم دوو بەشە (بەشە داکەوتوەکە و بەشە بەرزەکە) دەگوترێت ماوەی شکان.

چەندین جۆری شکان هەیە، کە دەبنە هۆی گۆڕینی ڕووی زەوی، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١- شکانی شاقوڵی یان ستونی:
لە کاتی بوونی ڕوویەکی (ناوچەیەکی) داکەوتوو لەگەڵ ڕویەکی زەوی بەرز بەگۆشە وەستاو دروست دەبێت.
٢- شکانی لار:
لە کاتی بونی ڕوویەکی داکەوتووی لار بە ئاڕاستەی تەوەری شکانەکە دروست دەبێت.
٣- شکانی داکەوتوو.
٤- شکانی هاو ئاڕاستە:
کاتێک ئاڕاستەی چینە لارەکە لەگەڵ تەوەری شکانەکەدایە، ئەم جۆرە شکانە دروست دەبێت.
٥- شکانی پلە پلەیی:
ئەم شکانە بەهۆی ڕوودانی کۆمەڵیک شکان (زنجیرە شکان) لە ناوچەیەکدا، کە وادەکات ناوچەی بەرز و نزم دروست بێت (پەیدابێت) وەک ناوچەی (غور لە دۆڵی ئەردەن)
٦- شۆستە (تەڵانە بەرد)
ئەم شکانە لە کاتی روودانی چەند شکانێک بەیەک ئاڕاستە دروست دەبێت.

جوڵە ناوەکیە خێراکانی زەوی

جوڵە ناوەکیە خێراکانی زەوی دەگرێتەوە، کە بریتیە لە هەریەک لە بومەلەرزە و گڕکانەکان، کە دەبنە هۆی گۆڕانی ڕوی زەوی لە ماوەیەکی کەمدا.

بومەلەرزە

بریتیە لە جوڵەی زەوی یان لەرینەوەی لەناکاوی زەوی، کە بەشێوەیەکی خێرا کار دەکاتە سەر گۆڕانی ڕووی زەوی، دەکرێت ئەم لەرینەوانەی زەوی بە شێوەی ئاسۆیی بێت (هەر جوڵەیەکی توێکڵی زەوی بە شێوەی ئاسۆیی)، یان لەرینەوەی ستونی کە بریتیە لە هەر جوڵەیەک کە ڕووی زەوی بەرز یان نزم دەکاتەوە، لەرینەوەی (پانکەیی- باوەشێنی) بریتیە لە جوڵەیەکی تێکەڵ لە نێوان جوڵەی ئاسۆیی و جوڵەی ستونیدا.
بومەلەرزە و کڕکان دوو ناوەندی قوڵیان هەیە لەناو زەویدا درێژ دەبنەوە بۆ سەر زەوی و پێی دەگوترێت (ناوەندی سەروو) کە لەم خاڵەوە جوڵەکانی سەر زەوی بۆ لایەکانی دەسپێدەکات، وە هەرچەندا بومەلەرزەکە لە ناوەندی سەرووی بومەلەرزەکە نزیک بێت، ئەوا بولەرزەکە بەهێز و توندە، بەڵام هەرچەندە لە ناوەندی بومەلەرزە دووربکەوینەوە، ئەوا بەهێزی و توندی بومەلەرزەکە کەم دەبێتەوە.
لە ساڵی (١٨٤٦) دەستکرا بە تۆمارکردن و چاودێریکردنی بومەلەرزە، بە بەکارهێنانی ئامێری پێوانەکردنی موبەلەرزە ، کە بریتیە  لە سیسمۆگراف (Sismograph) کە ئەم ئامێرە ماوەی ڕوودانی بومەلەرزە و سەرەتای ڕوودان و کاتی کۆتایی هاتن و بەهێزی (توندی) زەمین لەرزەکە تۆماردەکات.

ئەو شێوەی زەویانەی کە لە ئەنجامی زەمین لەرزەوە دروست دەبن:
  
١- دروست بوونی شکان و گۆڕانی نیشانە سروشتیەکان لەو ناوچەیەی کە شکانەکەی تێدا دروست بووە، وەک: پچڕانی تۆڕی لەبەر ڕۆشتنی ئاوی.
٢- لابردنی سەرویی و ئاسۆیی توێکڵی زەوی، وەک ئەو بومەلەرزەیەی کە لەساڵی (١٨٨٢) لە وڵاتی شیللی ڕوویدا، ناوچەکەی نزیکەی یەک مەتر لە ئاستی پێش بومەلەرزەکە بەرز کردەوە، کە ڕووبەری ناوچەکە نزیکەی (٢٥٠ هەزار/کم دووجا) بوو.
٣- دروست بوونی بۆشاییەکی (چاڵێکی) درێژ:
دوای ئەوەی ناوچەی سان ئەندریاسی شکاو لە ساڵی (١٩٠٦) لە کالیفۆڕنیا ڕوبەڕوی زەمین لەرزە بوو، بووە هۆی دروست بوونی بۆشاییەکی درێژ (چاڵێکی درێژ) لەسەر ڕووی زەوی کە درێژیەکەی گەشتە (١٠٠٠ کم).
٤- بومەلەرزەکان دەبنە هۆی ڕوودانی بەرزبونەوەی یان نزم بونەوەی بنکەی دەریاکان.
٥- لە ئەنجامی بومەلەرزەوە خزانی لەناکاوی زەوی و درز و کەلێنی درێژ کۆلەیی لە زەویدا دروست دەبێت.


گڕکانەکان

گڕکانەکان لە ئەنجامی هەڵچوونی مادە تواوەکانی ناو زەوی (قوڵایی زەوی) بەرەو سەر ڕووی زەوی لە دەمی ئاگر پرژێنەکانەوە دروست دەبن، کە ئەم مادانە لە دۆخی شلیدان (مادەی تواوە)، وە ئەو مادانەی کە لە دەمی ئاگرپرژێنەکان دەردەچن، زۆر جار بەهێزن و لەسەر رووی زەوی بەرز دەبنەوە (دوردەکەونەوە) و پاشان دەکەونە سەر ڕووی زەوی و لەسەر یەک کەڵەکە دەبن، وە گڕکانەکان بە شێوەیەکی خێرا دروست دەبن، بەڵام کرداری داتاشینیان پێویستی بە ملیۆنان ساڵ هەیە.

گڕکانەکان بە گرنگتر لە بومەلەرزەکان دادەنرێن، وەک هۆکارێک لە داڕشتنی شێوەکانی سەر ڕووی زەویدا، بە شێوەیەک دەکرێت گڕکانەکان لەسەر ڕووی زەوی ڕوو بدەن (وشکانی) یان لە ناو توێکڵی زەویدا بمێنێتەوە، یان لە ناو ئاوی دەریا و زەریاکاندا ڕوو بدەن، وە ئەگەر گڕکانەکان لە ناو ئاوەکاندا (ژێر ئاوەکاندا) ڕویاندا لە ژێر ئاوەکانیشدا مانەوە ئەوا بینینی ئەم گڕکانانە بە چاو ئەستەمە، بەڵام ئەگەر لەسەر ڕووی ئاوەکە دەرچوو (بەرز بویەوە) و مادە تواوەکانی (لاڤە) لەسەر یەک کەڵەکە بوو ئەوا دەبێتە هۆی دروست بوونی دورگە لە ناو زەریاکاندا، کە زۆر لە دورگەکانی زەریای هادی بەم شێوەیە دروست بوون، وەک: دورگەی هاوای.

جۆرەکانی گڕکانەکان

ئەو مادە لاڤەیەی کە لە دەمی گڕکانەکانەوە دەردەچێت هۆکارێکی یارمەتیدەرە بۆ زانینی جۆری گڕکانەکە، ئەمەش بە پشت بەستن بە ڕێژەی (ڕادەی) شلی و لینجی لاڤەکە دیاریدەکرێت، بەم پێیە دەتوانین جۆرەکانی گڕکان بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری بکەین:

١- گڕکانە زۆر شلەکان:
بریتیە لەو گڕکانانەی کە دورگەی گەورە دروست دەکەن، وەک: دورگەکانی هاوای و دورگەکانی ساندویتش و گڕکانی مونالوا و کیلوا.
٢- ئەو گڕکانانەش کە شلیان کەمترە یان سترۆمبلی:
ئەم گڕکانانە ناو دەبرێن بە گڕکانی سترۆمبلی لە دورگەکانی لیباری، وە لەگەڵ ئەم گڕکانانەدا تەقینەوەی بەهێز و توند ڕوودەدات و مادەی ڕەق بوو لەدەمی گڕکانەکانەوە دێتە دەرەوە.
٣- گڕکانە زۆر لینجەکان:
وەک گڕکانی ڤۆلکانۆ لە دورگەکانی لیباری، ئەم گڕکانە دەبێتە بەربەست لەبەردەم دەرچوونی ئەو دوکەڵ و گازەی کە لە ناخی زەویدایە، بەمەش دوکەڵ و گازەکان لە ناخی زەویدا بۆ ماوەیەک پەنگ دەخواتەوە و قەتیس دەبێت، پاشان بەهۆی دروست بونی هێزەوە لەناکاو دەتەقێتەوە و دوکەڵ و گازەکان لەدەمی گڕکانەکەوە دەردەچن و بەرزدەبنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان و پاشان دەبێتە هۆی دروست بوونی هەورێکی سپی خۆڵەمێشی.
٤- گڕکانە هاوشانیە نزیکەکان:
بریتیە لەو گڕکانانەی کەوا دروست دەن (هەڵدەچن) لە کەناریی گڕکانەکانی دیکەدا و ماددەکان بە بەهێزی دەردەچن و پلەی گەرمیان لە (١٠٠٠ پلەی س) زیاترە، وە لاڤەکانیان زۆر شلە، وەک: گڕکانی بیلیە.
٥- گڕکانە کەڵەکە بووەکان (براکین التکدس):
بریتیە لەو گڕکانانەی کە بەهۆی لەسەریەک کەڵەکەبوونی لاڤەی گڕکانەکانەوە لەسەر شێوەی کۆمەڵەیەکی گەورە یان لەسەر شێوەی گۆیەکی گەورە دروست دەبن، وەک گڕکانی چیای دروز و چیاکانی ماسیف سەنتراڵ لە فەرەنسا.

ئەو شێوە زەویانەی کە لە ئەنجامی گڕکانەکانەوە دروست دەبن

لە گرنگترین شێوەکانی زەوی بریتین لە:

١- پۆشەری (بەرگی) خۆڵەمێشی گڕکانی:
بریتیە لەو بەرگە گڕکانیە خۆڵەمێشیەی کە لەسەر ڕووی زەوی دەنیشێت و شێوە بنچینەیەکەی ڕووی زەوی دادەپۆشێت و خاکی گڕکانی ڕەش دروست دەکات.
٢- چیا کەڵەکە بووەکان:
دەرچونی بڕێکی زۆر لە لاڤەی گڕکانەکان بەتایبەت لە دەمە ئاگرپرژێنە بەرزەکانەوە و کەڵەکەبوون و ساردبونەوەیان دەبێتە هۆی دروست بوونی چیای کەڵەکە بوی بەرز، وەک چیای فۆجی یاما لە یابان، کە بەرزیەکەی لە (٣،٧٠٠ م) لە ئاستی ڕووی دەریا زیاترە.
٣- دورگە زەریاییەکان:
بەهۆی هەڵچوونی لاڤەی گڕکانەوە بۆ سەر ڕووی ئاوی دەریا و زەریاکان و ساردبونەوە و کەڵەکەبونی ئەم لاڤەیە دەبێتە هۆی دروست بونی دورگەیەکی بەردین لە ناو دەریا و زەریاکاندا، ئەمەش پێویستی بە ماوەیەکی زۆر هەیە یان لە کاتێکدا کە لاڤەی گڕکانەکان زۆر بێت یان دوبارە بونەوەی گڕکانەکان زۆر بەردەوام بێت، وە هەروەها بەهۆی کاریگەری هۆکارەکانی کەشکاری لەسەر ڕووی ئەم پاشماوە گڕکانیە خاک دروست دەبێت و دواتر ڕووەک تێیدا سەوز دەبێت و گەشە دەکات، وەک دورگەی جولیا لە نزیک سەقلیە، کە لە ساڵی (١٨٣١) دروست بووە.
٤- کێڵگە گڕکانیەکان ڕوبەرێکی فراوانی لە ڕووی زەوی دادەپۆشتن، کە لەوانەیە ئەستوری کێڵگە گڕکانیەکان گاتە سەدان مەتر، وەک: بانی کۆڵۆمبیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕووبەری (٥١٨،٠٠٠ کم دووجا)ـە، وە هەروەهابانی حوران لە سوریا و بانی فەڕەنسی و بانی حەبەشە.
وە گڕکانەکان دابەش دەبن بەسەر ناوچە لاوازەکانی توێکڵی زەویدا، وەک ناوچەی دەروازە (دەربەند) و شکان و ناوچە لاوازەکانی زەریای هێمن و ئەتڵەسی.


سەرچاوەکان



10114 بینین