دەرکەوتنی کیشوەرەکان و ونبوونیان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-14-22:55:00 - کۆدی بابەت: 688
دەرکەوتنی کیشوەرەکان و ونبوونیان

ناوه‌ڕۆك

دەرکەوتنی کیشوەرەکان و ونبوونیان

کاتێک دەچینە سەر کەناری دەریا، لەو شوێنە دەوەستین کە زەریا بەر وشکانی (زەوی)دەکەوێت، ئەم دۆخەی ئێستا هەمیشە وا نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەو هێڵە کە هەردووکیان پێکەوە دەبەستێتەوەو هەمیشە لە گۆڕاندایە، ئەم هێڵە پێی دەوترێت: هێڵی جەنگ، لەبەر ئەوەی هەمیشە شەپۆلەکان و بەردەکان لە جەنگدان لەگەڵ یەکتری، تا ئێستا چەندان لادێی ئینگلیزی کە دەکەونە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ژێر ئاو کەوتن و نەماون، لە هۆڵەندا بەربەست دروست دەکرێت بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هێرشی ئاوی دەریا، لە ئەمڕۆدا هۆڵەندیەکان ئامێری هەوا بەکاردەهێنن بۆ دەرکردنی ئاو، بەڵام پێش چەند ساڵێک چەندەها جار ئاوی زەریاکان ئەو بەربەستەیان شکاندووەو لە ئەنجامدا چەند لادێیەکی ئەو وڵاتە ژێر ئاو کەوتوون، هۆڵەندا وڵاتێکی نزمە لە ئاست دەریا و چاڵ و چۆڵی و دۆڵی زۆری تێدایە، ئەمەش وادەکات بە بەردەوامی ئاوی دەریا هێرش بکاتە سەر وشکایی ئەو وڵاتەو تەنانەت هەموو چارەسەرەکانیش (وەک بەربەستەکان) لەناو ببات.
گومانی تێدا نییە کە بەهێزترین و بەرزترین تەپۆڵکە بەردینەکانیش ناتوانن خۆیان لە هێرشی شەپۆلە بەهێزەکانی دەریا بپارێزن، لە وڵاتی دانیمارک کیسەڵێک هەیە دەکەوێتە سەر شاخیکی بەردین، بەهۆی کاریگەری شەپۆلەکانی دەریاوە، نیوەی ژێر ئەو کیسەڵەیە خورماوەتەوەو (داکەوتووە) هەرەسی هێناوە.
لەزۆر شوێنی جیهاندا چەندان دوورگە ونبوون و ژێر ئاو کەوتوون و چەندانی تریش دەرکەوتوون، ئەمەش بەهۆی جەنگی بەردەوامی باو شەپۆلەکانەوەیە، تەنانەت خودی کیشوەرەکانیش بەهۆی ئەو دوو فاکتەرەوە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووەو دێت.
جاری وا هەیە کیشوەرەکان ڕووبەڕووی زۆرترین گۆڕان دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی بەستنی ئاوی دەریاوە بەوەش ڕووبەری دەریا زۆرتر دەبێت، هەندێک لەزانایان نەخشەیەکیان کێشاوەو تیایدا نەخشەی جیهان پێش پێنج سەد ملیۆن ساڵ تا سەد ملیۆن ساڵ دەخەنە ڕوو، لەو نەخشەیەدا کیشوەری ئەمەریکای باکوور تا ماوەیەکی زۆر لە ژێر دەریادا بووە، ئەو شوێنانەش کە لەسەر ڕووی دەریا بووە بریتی بووە لە: کەنداوی ڕۆژهەڵات و هەندێک دوورگەی بەستەڵەکاوی لە ناوچەی جەمسەردا، لەگەڵ هەندێک بەشی ویلایەتەکانی نیویۆرک و میشیگان و ویسکۆنسن و مینیسۆتا.
دواتر بەشێک لە ئەمەریکای باشوور سەرئاو کەوتووە، لەگەڵ بەشێک لە ئاسیا و ئوستورالیا، بە تێپەڕبوونی کاتیش پانتایی وشکانی ئەو کیشوەرانە ڕووی لە زیاد بوون کردووە تا شێوەی ئێستای وەرگرتووە.
بەپێی زانیاریەکانی زانایانی ئەمەریکای باکوور لە سەردەمانێکی نزیک، هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەمەریکا بەدەم یەکەوە بوونە، هیندییە سوورەکان، کە نیشتەجێی یەکەمی ئەمەریکای باکوورن بە ئاسانی لە ڕێگەی تەنگەبەری (بهێرنگ)ی ئێستا، توانیویانە لە ڕێگەی وشکانییەوە بپەڕنەوە بۆ ئاسیا، هەر لەم سەردەمەدا دوورگەی بریتانی بەشێک بووە لە ئەوروپا، بیابانی گەورەی ئەفریقاش بنی دەریایەکە بوو کە زۆر قووڵ نەبوو، چەندان دەریای تریش لە ئاسیادا هەبوون، هەروەها دۆڵی میسیسیپی چەندان جار پڕبۆتەوە لە ئاو، لە جێگەی شاخی (ڕۆکی) لە ئەمەریکا کەنداوێکی قووڵ هەبووە.
لە باکووری هێڵی کەمەری زەوی (ئەو هێڵەی کە زەوی دەکاتە دوو لەتی وەک یەکەوە) لەو شوێنە زەوی لە جەنگیدا دژی دەریا زۆر سەرکەوتوو بوو، هەریەک لە ئەمەریکای باکوور و ئاسیا و ئەوروپا و بەشێکی گەورە لە ئەفریقا و ئەمەریکای باشوور دەکەوێتە ئەو هێڵەوە، لەگەڵ ئەمەشدا دەریا بەشێکی زۆری ئەم ناوچەیە دادەپۆشێت.
لە باشووری هێڵی کەمەرەی زەویش تەنها سێ یەکی زەوی وشکە، بەشەکەی تری جیهان لەوێدا، جیهانی ئاوە.
بەرزترین کیشوەر لەسەر ئاستی دەریا، کیشوەری جەمسەری باشوورە کە بەرزییەکەی دەگاتە یەک کیلۆ مەتر، نزمترین کیشوەریش کیشوەری ئاسیایە، ناوەندی بەرزی کیشوەرەکانی تر و دوورگەکان دەگاتە سێ لەسەر چواری کیلۆمەترێک، دەبێت ئەوەش بزانین کە ناوچەی بەربڵاوتریش هەیە لەسەر ئاستی دەریادا نییەو زۆربەی دەکەوێتە ژێر دەریاوە.
هەموو کیشوەرێک بەچەند بازنەیەک لە ئاوی تەنک دەورە   دراوە (کەئاستی قووڵیان جیاوازە وەرگێڕ) ئەمانە پێیان دەوترێت (ئەفریز)ی کیشوەری، ئەم ئەفریزە ئەو پایانەن کە کیشوەرەکان لەسەری جێگیربوون، کیشوەرەکان پشت بەو پایانە دەبەستن کە لە ژێر ئاودان.
زۆربەی کات ئەفریزە کیشوەرییەکان تەختن و بە ئارامی لە کەناری دەریاوە بەرەو ناو دەریا دەکێشن تا لە دووری سێ کیلۆ مەتر یان زیاتر، ئیدی زۆر لێژ دەبنەوە بەرەو قووڵایی زەریا، زۆر جار ئەو لێژییە لێژترە لە لێژی شاخەکانی سەر ڕووی زەوی، ناوەندی قووڵی ئەفریزی کیشوەریش زۆربەی کات زیاتر لە ١٢٠ مەترە، بەڵام ئەم قووڵییە لە دەورووبەری کیشوەرەکانی جەمسەر دەگاتە نزیکەی ٦٠٠ مەتر.
ئەفریزە کیشوەرەکان لە هەندێک شوێندا دەریایەکی تەواوی کرتووەتەوە، وەک دەریای بەڵتیک و کەنداوی فارس، لە هەندێک شوێنی تردا کۆمەڵە دوورگەیەکی بەستووەتەوە بە کیشوەرێکەوە، وەک بەستنەوەی دوورگەکانی بەریتانیا بە ئەوروپاوە.
لە هەندێک کەناردا ئەفریز نییە و ئەو چەند بەرزاییەکی بەردین هەن کە لێژییەکەی بەرەو قووڵایی نێو دەریا زۆرە، لە شوێنی تردا بەرینی ئەفریزەکان دەکاتە سەدان کیلۆ مەتر، ئەوەی زانراوە ئەوەیە کە ناوەندی ئەو بەرینییە دەکاتە نزیکەی ٥٠ کیلۆ مەتر.
ئەفریزە کیشوەرییەکان لە چەندان ڕووەوە بە مەزنترین بەشەکانی دەریا دەژمێردرێن، ئەمە ئەوکاتە ڕوون دەبێتەوە کە لە داهاتوودا دەکەینە سەر باسکردنی زیندەوەرانی نێو زەریا.


سەرچاوەکان



1163 بینین