مارلۆن براندۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-17-20:10:00 - کۆدی بابەت: 1400
مارلۆن براندۆ

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە

مارلۆن براندۆ یەکێک بوو لە ئەکتەر و دەرھێنەرە گەورەکانی ئەمریکا لە سەردەمی خۆی. لە ٦٠ ساڵی خزمەتی بۆ سینەما، دوو جار بووەتە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر لە رۆلی سەرەکیدا. لە دوای نواندنە مەزنەکەی لە فیلمی The Godfather (١٩٧٢)، کە مێژووی رۆلگێرانی گۆری، بە یەکێک لە مەزنترین ئەکتەرەکان لە سەدەی بیستەمدا لە قەڵەمدرا. لە ساڵی ١٩٧٣دا خەڵاتی ئۆسکاری پێبەخشرا، بەڵام براندۆ رەتی کردەوە بەهۆی ئەو مامەڵە خراپەی کە حکومەتی ئەمەریکا بەرامبەر هندە سوورەکانی کرد.

زانیاری

كار : ڕۆڵگێران

ڕەگەز : نێر

بەرواری لەدایكبوون : 3/4/1924

شوێنی لەدایكبوون : ئۆماها، نێبراسكا، ئەمریكا

بەرواری مردن : 1/7/2004

لە فیلمە بەناوبانگەکانی

  • A Streetcar Named Desire 1951
  • The Wild One 1953
  • On the Waterfront 1954
  • The Godfather 1972
  • Superman 1978
  • Apocalypse Now 1979
  • The Island of Dr. Moreau 1996

ژیانی ماڕلۆن

مارلۆن لە ٣ی نیسانی ١٩٢٤ لە ئۆماهای سەر بە ویلایەتی نێبراسکا لەدایکبووە. دوو خوشکی لە خۆی گەورەتری هەبووە بە ناوی «جۆسلین» و «فرانسس». مارلۆن بەرەگەز ئەڵمانی-هۆڵەندی-بەریتانی-ئێرلەندی بووە، وەک براندۆ خۆی دەڵێت: «پەیوەندی نێوان دایک و باوکم هەرگیز باش نەبووە لەبەرئەوەی باوکم هەمیشە ئەلکهولی دەخواردەوە و هەمیشە سەرخۆش بوو وە دایکیشم ئەکتەر بوو. باوکم هەمیشە رەخنەی لێدەگرتم، من هەمیشە کینەیەکم لە دڵدا بووە بەرامبەر باوکم. هەمیشە دەیووت «تۆ ناتوانیت هەرگیز سەرکەوتوو بیت لە ژیانتدا و هیچ شتێک نازانیت و ناگەیت بە هیچ شتێک!» باوکم خوویەکی گرتبوو بەم قسانەوە.»

دوای چەند ساڵێک، کە مارلۆن تەمەنی ١١ ساڵ بوو، باوک و دایکی لە یەک جیادەبنەوە. بەپێی بریاری دادگا مارلۆن و خوشکەکانی لەلای دایکیان مانەوە.

شاری نیویۆرک و سەرەتای نواندن

مارلۆن هەندێک پیشەی دیکەی تاقیکردووەتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە تیایاندا. بۆیە بڕیاریدا شوێن خوشکەکانی بکەوێت بۆ شاری نیویۆرک کە خوشکەکانی لەوێ لە بەشی هونەر دەیانخوێند. خوشکە گەورەکەی مارلۆن لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە ساڵی ١٩٨٨ وتی:

«مارلۆن لە شانۆگەرییەکانی قوتابخانەدا بەشداردەبوو. بۆیە لەگەڵمان هات بۆ نیویۆرک و لەوێ لە بەشی رۆڵگێران دەیخوێند. چونکە نواندن تاکە شت بوو مارلۆن چێژی لێ ببینێت. چونکە بۆ یەکەم جار بوو لە ژیانیدا لەلایەن خەڵکییەوە پیایدا هەڵبدرێت.»

ژیانی تایبەتی

مارلۆن لەگەڵ چەندەها ژندا پەیوەندی هەبووە و بەلایەنی کەمەوە ١١ منداڵی هەبووە. لە ئاهەنگێک بەناوی «ئەو گۆرانییانەی دایکم فێری کردم» خانمە ئەکتەری بەناوبانگ «مارلین مۆنرۆ»ی بینیوە و یەکیان ناسیوە و پەیوەندیان هەبوو بۆ چەند ساڵێک. وە پەیوەندی تەلەفۆنییان هەبووە چەند رۆژێک پێش ئەوەی «مارلین» بمرێت. مارلۆن براندۆ هەرگیز باسی هاوسەرگیرییەکانی و ئەو منداڵانەی هەیەتی نەکردووە.

هەندێک ڕاستی دەربارەی ژیانی مارلۆن

دوای مردنی نزیکەی ٢١ ملیۆن دۆلاری جیھێشتووە.

• مارلۆن هەمیشە خەونی بەوەوە بینیوە لە فیلمێکی ئەکتەر و دەرهێنەری گەورە «چارلس چاپلن»دا بەشداری بکات وە کردیشی.

• مارلۆن لەگەڵ «مایکڵ جاکسن» هاورێی نزیکبوون هەتا گەیشتووەتە ئەوەی مارلۆن یەکێک لە کورەکانی ناو ناوە «میکۆ» وەک کورتکراوەی ناوی ئەو.

• مارلۆن دوو جار لە قوتابخانە دەرکراوە.

مەرگی مارلۆن

مارلۆن لە ١ی تەمموزی ٢٠٠٤ کۆچی دوایی کرد. بەپێی هەندێک سەرچاوەی باوەرپێکراو بەهۆی شێرپەنجەی جگەر و شەکرە و قەڵەوییەوە بووە.

«ئەو پیاوەی کە کات لەگەڵ خێزانەکەیدا بەسەرنابات هەرگیز نابێت بە پیاوێکی ڕاستەقینە.»

 


سەرچاوەکان



970 بینین