عەلی کەمال

له‌لایه‌ن: - سەرهەنگ عبدالرحمن - به‌روار: 2021-01-27-23:38:00 - کۆدی بابەت: 1714
عەلی کەمال

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ھەموومان لەسلێمانی (مزگەوتی عەلی کەمال) و (نەخۆشخانەی عەلی کەمال)مان بەر گوێ کەوتووە، بەڵام ڕەنگە بەشێکی زۆرمان، بەتایبەت ئەم جیلە تازەیەی ئێستا نەزانن ئەم ناوە لەچییەوە ھاتووە. ھەموو جارێک یادەوەرییەک لەگەڵ ئەم ناوەدا ئەمباتەوە بۆ رۆژانی سەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کاتێک وتیان عیزەت دوری گیراوە، وا لەمزگەوتی گەورەیە، کە لەگەڵ ئاپۆرای خەڵکدا چوومە ئەوێ، وتیان لێرە نییە وا لەمزگەوتی عەلی کەمالە.  

ناساندن

عەلی کەمال بەگ، لە ساڵی 1900 لەگەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایكبووە. خوێندنی سەربازیی لە سلێمانی ‌و بەغدا‌ و ئەستەنبوڵ تەواو كردووە‌ و پیاوێکی روناکبیرو ناسراوو دەوڵەمەندو بەخشندەی شار بوو، هەروەک عەلی کەمال بەشێوەی راستەوخۆ هاوکاری چەندین خێزانی هەژارو کرێچی ئەم شارەکردووە و تائێستا 45 خانووی نیشتەجێبوونی لەسەر ئەرکی خۆی دروستکردووە و پێشکەشی کردووە بە چەندین خێزانی هەژار و کەم دەرامەتی شاری سلێمانی، هەروەک چەندین پارچە زەوی بە هاوڵاتیان بە بێ نرخ یان بە نرخێکی کەم بە هاوڵاتیانی هەژار بەخشیوە و ھەمیشەش ئامادە بوو بۆ یارمەتی ھەژار و لێقەوماو و قوتابی و دەزگا نەتەوەییەکان، ھەر لەناردنی قوتابی بۆ خوێندن و چەندین خزمەت و یارمەتی تر کە ئێرە شوێنی باسکردنی نییە. وەک خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا لەساڵی ١٩٨٩ دا ئەڵێت: لە سلێمانی بە سێ چارەکە ملیۆن دینار مزگەوتێکی گەورەم دروستکرد، شەش پارچە ئەرزیشم بۆ نەخۆشخانەیەک تەرخان کردووە.


لەخۆڕا نیە پیرەمێردی شاعیر لەبارەی ئەم پیاوەوە نوسیویەتی:
عەلی کەمالی ئاوڕەحمان
ئەتسپێرین بە قورئان
یاری فەقیرو ھەژار
تۆ بۆمان کەوتویتەکار
دەسکەگوڵی کوردانی
بۆیە بۆنخۆش و جوانی

وەفاتی

عەلی کەمال لە ١-٨-١٩٩٨دا لە لەندەن کۆچی دواییکرد و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی ھێنرایەوە بۆ سلێمانی و بە مەراسیمێکی ماتەمینی شایستە لە لایەن دانیشتوانی شارەوە پێشوازی لێکراو لە مزگەوتەکەی خۆی نێژرا.

 


سەرچاوەکان



1138 بینین