پەروەردەی منداڵ بە دوو شێوەی جیاواز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-17:24:00 - کۆدی بابەت: 1995
پەروەردەی منداڵ بە دوو شێوەی جیاواز

ناوه‌ڕۆك

پەروەردەکردنی منداڵ بە دوو شێوازی جیاواز

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە پەیڕەوکردنی دوو شێوازی جیاواز لە پەروەردە و فێرکردندا، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکە دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • کێشە و ناکۆکییەکانی دایک و باوک.
  • جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
  • گەورەبوونی دیاک و باوک لە دوو ژینگەی جیاوازدا.
  • ترسی دایک لە دڵڕەقییەکانی باوک.
  • هەبوونی دیدگە و تێڕوانینی جیاواز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
  • درک نەکردنی دیاک و باوک بە زیانەکانی ئەم کارە.
  • ڕێکەنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر پەیڕەوکردنی یەک شێوازی پەروەردەیی.
  • نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
  • عینادیکردنی دایک یان باوک یان هەردووکیان دژی یەکتری.
  • بەهرەمەند نەبوون لە ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵدا.

بێگومان ئەگەر دایک و باوک سوور بن لەسەر هەڵەی خۆیان و هەر یەکێکیان بە شێوازێک منداڵەکانیان پەروەردە بکات، زیانێکی زۆر بە دوای خۆیدا دێنێت، بە تایبەتی بۆ بەخودی منداڵ و خیزان و کۆمەلگە بە گشتی، گرنگترین ئەو زیانانەس کە لەسەر کەسایەتی منداڵ بەجێدێڵێت ئەمانەن:

  • منداڵ دووچاری سەرلێشێوان دەبێت و نازانێ بۆچوون و شێوازی دایکی ڕاستە یان باوکی.
  • متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێ.
  • دوو کەسایەتی لە خۆیدا بەرجەستە دەکات.
  • زۆر هەڵە دەکات.
  • نازانێ شتی ڕاست لە شتی هەڵە جیابکاتەوە.
  • دەبێتە هۆکارێک کە ڕقی لە دایکی یان باوکی ببێتەوە، بە تایبەتی ئەوەی زیاتر لەسەری توند دەکات.
  • ناتوانێ لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ.
  • توانای بڕیاردانی نابێت لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکان.
  • دووچاری دوودڵی و دردۆنگی دەبێط.
  • دووچاری بەدگومانی دەبێت.
  • کەسێکی سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک، منداڵ بە لاڕێدا نەبەن و پێکەوە بەرەو ئامانجەکانی ئاڕاستەی بکەن، پێویستە خۆیان لە بەکارهێنانی دوو شێوازی جیاواز بەدوور بگرن و لەسەر پەیڕەوکردنی یەک جۆرە شێوازی پەروەردەیی ڕێکبکەون و ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • پێشوەخت لەسەر یەک جۆرە شێوازی پەروەردەکردن ڕێکبکەون.
  • کاتێ ئامۆژگاری و ڕاسپاردە و ڕێنمایی ئاڕاستەی منداڵانی خۆیان دەکەن، نابێ دژی یەکتری هاودژ بن، بە جۆرێک یەکێکان بە منداڵ بلێت بیکە، ئەوی دیکە پێی بڵێت مەیکە، واتە، دەبێ قسە و هەڵوێستیان یەک بێت و نەکەونە ململانێی یەکتری.
  • نابێ دایک و باوک لە پێش چاوی منداڵ لۆمە و سەرزەنشتی یەکتری بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک دانبەخۆداگر بن و دووچاری هەڵچوون و تووڕەبوون نەبن.
  • پێویستە سوود لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرن.
  • پێویستە هەماهەنگی و هاوکارییەکی بآش لە نێوان دایک و باوک و قوتابخانەدا هەبێت.
  • ئەگەر دایک یان باوک کارێکی بە منداڵ سپارد، نابێ ئەوی دیکەیان دژی بوەستێتەوە، یاخود کارێکی پێچەوانەی پێ بسپێرێت.


سەرچاوەکان



2185 بینین