ترساندنی منداڵ بە کەسێکی تر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-21:26:00 - کۆدی بابەت: 2042
ترساندنی منداڵ بە کەسێکی تر

ناوه‌ڕۆك

ترساندنی منداڵ بە کەسێکی دیکە

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە گەورانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ترساندنی منداڵ بە کەسێکی دیکە، بۆ نموونە دایک یان باوک منداڵ بە گیاندارێکی دڕندە مندڵ دەترسێنێ وەک: گورگ یان سەگ یان ورچ و یان شێر و ...تاد. یاخود بە مرۆڤێک دەترسینێ کە کەسێکی تۆقێنەر بێت یان ناوبانگێکی خراپی هەبێت یان ستەمکار بێت، یاخود بە برا گەورەکەی یان مامی یان خاڵی یان باپیری و ...تاد. بۆ ئەوەی منداڵەکەی کۆنترۆڵ بکات و سنوورێکی بۆ دابنێت، بەڵام ئەم کارە خۆی لە خۆیدا کارێکی زۆر بڤە و مەترسیدارە، چونکە زیانێکی زۆر بە خودی منداڵەکە دەگەیەنێت و ئەو ڕاستییەش دەسەلمێنێ کە باوک یان دایک یاخود هەردووکیان لە پەروەردەکردنی منداڵەکەیاندا شکستیان خواردووە و نەیانتوانیوە خۆیان ئەم ئەرکە بگرنە ئەستۆ، بۆیە پەنایان بۆ کەسێک بردووە، لە دەرەوەی بازنەی خێزان، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ:

  • لاوازی و بێ ئیرادەیی دایک و باوک.
  • لاوازی کەسایەتی دایک و باوک.
  • ناوشیاری و بێئاگایی.
  • نابەرپرسی و بێباکی.
  • نەزانین و نەفاماندن.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • شان نەدانە بەر ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • بڕوا و متمانە بەخۆ نەبوون.
  • کۆڵەواری و بێدەسەڵاتی

ئەڵبەتە ئەم جۆرە ترساندنە زیانێکی زۆری  هەیە، بە تایبەت بۆ خودی منداڵ و دایکی و باوکیشی، کە گرنگترینیان ئەم خاڵانەی خوارەوەن:

  • منداڵ دەبێتە کەسێکی ترسنۆک و بێ هەڵوێست.
  • منداڵ ناتوانێ پشت بە خۆی و دایک و باوکی ببەستێت.
  • دایک و باوکەکان لە پێش چاوی منداڵەکانیان بچووک دەبنەوە.
  • لاوازی و بێدەسەڵاتی دایک و باوک دەردەخات لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکاندا.
  • منداڵ لە کار و ئەرکەکانی دا سەرکەوتوو نابێت.
  • منداڵ دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەبێت.
  • منداڵ ناتوانێ بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان چیتر منداڵەکانیان نەترسێنن و لەسەر ئەم هەڵەیە بەردەوام نەبن، پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:

  • خۆپاراستن لە گشت جۆرە ترساندنێک.
  • نابێ منداڵ بە کەسێکی دیکە بێتە ترساندن.
  • لە ئەستۆ گرتنی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ.
  • خۆنەدزینەوە لە بەرپرسیارەتی.
  • دۆزینەوەی جێگرەوەی ترس و تۆقاندن.
  • خۆ ئاشناکردن بە شێوازە پەروەردەییەکان.
  • فەراهەمکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ پەروەردە و فێرکردن و تێگەیاندن و پێگەیاندنی منداڵ بە شێوەیەکی بابەتیانە و زانستییانە.


سەرچاوەکان



621 بینین