گوێنەدان بە تەندرووستی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-20:49:00 - کۆدی بابەت: 2134
گوێنەدان بە تەندرووستی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

گوێ نەدان بە تەندروستی منداڵ

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە گوێ نەدان بە تەندروستی منداڵەکانیان، بە واتایەکی دیکە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە لە خەمی تەندروستی منداڵەکانیاندا نین و وەک پێویست ئاوڕی لێنادەنەوە و تەنانەت ئامادە نین پارە و کاتی خۆیان بە قوربانی تەندروستی منداڵەکانیان بکەن.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • بێ ڕەحمی و چاوچنۆکی دایک و باوک.
  • هەست نەکردنی دایک و باوک بە بەرپرسیارییەتی خۆیان.
  • خەمساردی و بێباکی دایک و باوک لە ئاست منداڵەکانیان.
  • هەژاری و دەستکورتی دایک و باوک و خێزان.
  • بێکاری و نەبوونی کار.
  • فرەکاری و سەرقاڵی و نەبوونی کاتی پێویست بۆ چاودێری و بەدواداچوون کردن بۆ تەندروستی منداڵ.
  • نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
  • نەخوێندەواری دایک و باوک.
  • درک نەکردن بەو مەترسییانە، کە بەهۆی نەخۆشییەکانەوە ڕووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە.
  • هەبوونی ژمارەیەکی زۆری منداڵ.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

بێگومان ئەگەر تەندروستی منداڵ لە لایەن دایک و باوکییەوە پشگوێ خرا و فەرامۆش کار، نەک هەر خودی منداڵەکە، بگرە دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش، کەم تا زۆر زەرەرمەدن دەبن، کە دەتوانن ئەو زیانانە لە چەند خاڵێکدا چڕ کەینەوە:

  • ئەگەر تەندروستی مندال نەخرێتە ژێر چاودێرییەکی وردی پزیشکییەوە، منداڵ ڕووبەڕووی کێشە گەلێ دەبێتەوە، لەوانەش، ئەگەری ئەوەی هەیە بمرێت یان دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە و درێژخایەن بێت.
  • منداڵ بە حوکی ئەوەی مرۆڤێکی ناسکە، بۆیە زوو زوو دووچایر نەخۆشی دەبێت، لەم سۆنگەیەوە، ئەو نەخۆشییانە، چ درێژخایەن بن یان کورتخایەن، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستییانە چارەسەر نەکرێن، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروسی منداڵ جێدێڵێت و بەرەو هەڵدێر دەبات.
  • هەر جۆرە نەخۆشییەک ڕووبەڕووی منداڵ ببێتەوە، زیانێکی زۆر بە جەستە و مێشکی منداڵ دەگەیەنێت.
  • گوێ نەدان بە تەندروستی منداڵ، وا دەکات لە ئایندەدا دایک و باوکەکان باجێکی زۆری ماددی و مەعنەوی بدەن، چونکە مندال ئەمانەتێکە، لە ئەستۆی ئەواندایە، بۆیە بە زایەکردنی ئەو ئەمانەتە، چارەنووسی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە!
  • ئەگەر نەخۆشییەکانی منداڵ لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکران، ئەوا تەشەنە دەکات و چارەسەرکردنی ئەستەم دەبێت.
  • منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە ناکات.
  • منداڵ دەبێتە بار بەسەر شانی خێزان و کۆمەڵگە و حکومەتەوە.
  • منداڵی نەخۆش، هەست بە تام و خۆشی ژیان ناکات.
  • منداڵی ناتەندروست، لە ئەرک و کار و ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەری ئەم هەڵەیە

  • پێویستە دایک و باوکی منداڵ تا ئەندازەیەکی باش لە ڕۆشنبیریی تەندروستی بەهرەمەند بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی ڕاست و دروست سەرەدەری لەگەڵ تەندروستی مندالدا بکەن.
  • پێویستە دایک و باوک وەک پەرژینێک بن بۆ پاراستنی منداڵ لە نەخۆشییەکان، چونکە پاراستن لە چآرەسەرکردن باشترە!
  • منداڵ دەبێ هەر لە سەرەتاوە، بخرێتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست گەشە بکات و لە نەخۆشییە درم و کوشندە و درێژخایەنەکان پارێزراو بێت.
  • نابێ تەندروستی مندال ببێتە قوربانی بەرژەوەندییە ماددیەکانی دایک و باوک.
  • نابێ تەندروستی مندال ببێتە قوربانی چاوچنۆکی و ڕەزیلی دایک و باوک،
  • نابێ تەندروستی منداڵ، بە پاساوی هەژاری، یان فرەکاری، یان فرە منداڵی و ...تاد پشگوێ بخرێت و فەرامۆش بکرێت.
  • دەبێ دایک و باوکەکان بزانن کە یەکێک لە مافەکانی مندال بریتییە لە هەبوونی بیمەی تەندروستی.
  • نابێ بە پاساوی جیاجیا، منداڵەکانی خۆیان لە مافی خوێندن و فێربوون و یاری و وەرزشکردن بێبەش بکەن، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تەندروستی منداڵەوە هەیە.
  • پێویستە دایکان و باوکان و قوتابخانە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، رێنمایی و ئامۆژگاری منداڵ بکەن، بۆ خۆ پاراستن لە نەخۆسییەکان.
  • ئەرکی دایک و باوکە، خەرجی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ.
  • ئەرکی دایک و باوکە خۆراک و پۆشاکی تەواو بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، بۆ ئەوەی لە بەدخۆراکی و سەرما و گەرما و نەخۆشییەکان پارێزراو بن.
  • ئەرکی دایک و باوکە شوێنی حەوانەوە و نووستن، بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.
  • دەبێ دایکان و باوکان دڵنیا بن لە تەندروستی جگەرکۆشەکانیان.
  • ئەو دایک و باوکانەی کە دەرهەق بە تەندروستی منداڵەکانیان، کەمتەرخەم و بێباکن، پێویستە لە لایەن حکومەتەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بکرێت و سزا بدرێن.
  •  


سەرچاوەکان



814 بینین