شێوازی مامەڵەكردنی دایك لەگەڵ كچەكەی

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-14:22:00 - کۆدی بابەت: 2151
شێوازی مامەڵەكردنی دایك لەگەڵ كچەكەی

ناوه‌ڕۆك

شێوازی مامەڵەکردنی دایک لەگەڵ کچەکەی

ئاشکرایە منداڵ ئەگەر لە سایەی خێزانێكی تەبا و لەگەڵ یەک گونجاودا گەشە بکات کاریگەرییەکی باشی لەسەر دەرون و کەسێتی ئەو منداڵە دەبێت، هەر بۆیە پێویستە دایکان و باوکان لەسەر پیادەکردنی یەک ڕێباز کۆک بن تاوەکو ڕۆڵەکانیان بە پەروەردەیەکی ڕاست و دروست گەورە ببن.
لەبەر چەن هۆکارێک کە لای هەموان ئاشکرایە کچ زیاتر پەیوەستە بە دایکیەوە، هەر بۆیە ڕۆڵی پەروەردەیی دایک بۆ کچ زیاتر دەبێت لە ڕۆڵی باوک.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بدەم بە جۆرێک لە دایکان کە پشت دەبەستن بە هەندێ بەهای جوانکاری لە تێڕوانینیاندا بۆ کچەکانیان، وە جوانی دەکەنە سەنگیمەحەک و بەو پێوەرە سەیریان دەکەن و دەیان نرخێنن، بێگومان ئەم جۆرە تێڕوانین و پێوەر بۆ دانانە هەڵەیە و ئەم بەهایانە بناغەیی نین لە پێک هاتە و دروست بوونی مرۆڤدا، ڕۆژانە گوێمان لە وەسف و پیاهەڵدانی دایکان دەبێت بە بەژن و باڵای کچەکانیاندا هەڵ دەدەن و شانازیان پێوە دەکەن.
ئەمڕۆ ژیان گۆڕاوە و ئاڵۆز بووە و پیاو بە شێویەک بیردەکاتەوە کە بەهای جوانی و جوانکاری ناکاتە تاقە پێوەر و پێودانگ بۆ هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی هاوسەری ژیانی، پیاوی ئەمڕۆ ئەوە لە خێزانەکەی داوا دەکات کە هاوسەر هاوڕێی بێت و ژیانی لەگەڵدا بنیات بنێ و بەرپرسیارییەتەکانی لەگەڵدا هەڵبگرێ بە شێوەیەکی ئازا و دڵێرانە.

هەر بۆیە ئەرکی سەر شانی دایکە کچەکەی وەها گۆش بکات کە ڕای بهێنێ لەسەر هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی بینینی ڕۆڵی خۆی لە خێزاندا.
دایکی بەڕێز ڕێگە بدە کچەکەت ڕۆڵی خۆی بزانێت چۆن لە دواڕۆژدا وەک دایکێک و وەک مامۆستا و فێرکاری ئەو منداڵانەی لە دوا ڕۆژدا خزمەتی نیشتیمان دەکەن. لە هەمان کاتیشدا دەبێتە کابانی ماڵێک کە خۆی سەرپەرشتی دەکات و پەروەردەی ڕۆڵەکان دەکات (خۆ تۆ دڵنیای لەوەی کیژۆڵەکەتان نابێتە هونەرمەندێکی سینەما یان نمایش کارێکی جلوبەرگ یان بەرگی گۆڤارەکانی پێ بڕازێنرێتەوە).

کەواتە هەر لە سەرەتاکانی تەمەنییەوە منداڵ بە تایبەتی کچ دەبێت ئەو ڕاسیەی لە لا روون بێت کەوا تەنها بە زانست و زۆربوونی پسپۆڕی و شارەزایی و هۆشیاری سەبارەت بە ڕووداوەکانی دەورووبەری دەتوانێت هاوسەنگی و سەرکەوتن بۆ ماڵ و خێزانەکەی فەراهەم بێنێ.
هەمیشە شێوازی زیرەکانە و کاتی لەبار هەڵبژێرە تاوەکو گفتوگۆی لەگەڵدا ساز بدەی، لە هەمان کاتدا دوور بە لە شێوازی تەقلیدی و کۆن چونکە ڕۆڵەی ئەم سەردەمە زۆر لەوە زیرەکترن کە ئێمەی گەورە تەصەوری دەکەین.

بەڕاستی بارودۆخی ئافرەتی کورد تاوەکو ئەمڕۆش نالەبارە و کچان لە زۆرێک لە خێزانەکاندا ڕوو بە ڕووی توندوتیژی یان توند مامەڵەکردن دەبنەوە، بێگومان هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باش حاڵی نەبوونی دایک و باوک لە ڕۆڵەکانیان و کەمی متمانەیان بە کچەکانیان.
کچ کاتێک هەست بکات خێزانەکەی متمانەی پێیەتی ئەم هەستە وای لێ دەکات بەهێز بێت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی یان خەڵەتاندنی.
لەوانەیە ڕوو بدات لەگەڵ ئەوەی کە تۆ متمانەت پێ بەخشیوە بڕێکی ئازادیی هۆشیارانە و مولتەزیمت داوەتێ کەچی لەناکاو دەبینیت کەوتۆتە هەلەیەکەوە کە زیان بە کەسێتی لە بواری کۆمەڵایەتی دەگەیەنێ و تێڕوانینی خەڵک بەرامبەری دەشێوێنێ!

لەم کاتەدا چی دەکەیت؟
ئایا بە شێوەیەکی توند و تیژ ڕەفتاری لەگەڵ دەکەیت و لێی توڕە دەبیت؟
ئایا لێدان سوودی دەبێت؟
ئایا هەڵوێستی تۆ لەم کاتەدا چی بێ؟ ئایا بەسەرکۆنەکردن و گلەیی لێ کردنی ئینجا چاودێرییەکی پۆڵاینی بەسەردا دەسەپێنی؟

بێگومان هیچ کام لەم هەڵوێستانە سوودی نییە. چونکە کچەکەت نەیویستووە هەڵە بکات، ئەوەی کردوویەتی لە ئەنجامی کەمی شارەزایی و تێگەیشتن و حاڵی بوونی لە ژیان و لە خەڵکی یا ئارەزووکردنی لە پشکنینی جیهانێکی نادیار (المجهول) بووە.

قۆناغی پێش باڵغ بوون

ئەو منداڵەی پێش باڵغ بوون چاودێرییەکی پێویستی وەرگرتووە لە ڕووی دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتییەوە بە ئاسانی دەتوانێ قۆناغی هەرزەکاری تێپەڕ بکات بەبێ هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ کە ناڕاحەتی بکات.
بەڕاستی قۆناغی هەرزەکاری قۆناغێک نییە دابڕابێت لە قۆناغەکانی پێش خۆی، چونکە هەموویان بەندن بەیەکەوە هێندە هەیە لەم کاتە ناسکەی تەمەنی دا منداڵەکەت حەز بەوە دەکات سەربەخۆ بێت و هەست بە ئازادی بکات. هەرچی دەوێت دەیخوێنێتەوە و ئەو کەسە دەکاتە هاوەڵی کە خۆشی دەوێت. لەم قۆناغەدا چیرۆکی دایک ڕۆلێ نامێنێ و  ئەبێ دایک شێوازێکی تر بگرێتەبەر بۆ پەروەردەکردنی ڕۆڵەکەی لەم بوارەدا، بەوەی کتێک لەسەر ڕێگەی ڕۆڵەکەی دابنێ کە باسی ژیان و هەوڵدانی پاڵەوان و هەڵکەوتوان و زانایانی میللەتان بکات. وە ئەگەر هەر پرسیارێکی لێ کردیت دایکی ئازیز، پێی ڕابگەیەنە کە وەڵامەکەی لە فڵان کتێب یان فەرهەنگدایە، ڕای بێنە کە خۆی بە دوای زانیاری و ڕاستییەکاندا بگەڕێت و لەبەر چاوی هاوڕێکانت و ئەندامانی خێزاندا باسی بکە و بڵێ بەدواداچوون و گەڕانیهەیە و بە دوای زانیاریدا، زۆر زانیاری لە لای ئێمە نایزانین.

لات سەیر نەبێت گەر بڵێم فێری (زۆر وتنی) بکە، لەبەر ئەوەی قۆناغی هەرزەکاری قۆناغێکی هەسیتارە و باش وایە دایک ئاگای لە وردەکاریەکانی ژیانی ڕۆڵەکانی بێت، کاتی هانی دەدەیت ئەوەی لەناخیدایە بیدرکێنی و یارمەتی ئەویش و خۆشمان دەدەین بۆ ڕاستکردنەوەی و بەدواداچوونی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی، لە هەمان کاتدا ڕێگە لە خەڵکی تریش دەگرێت کە چەواسەی بکات و بەرەو هەڵدێری ببات، بێگومان ئەم داواکارییە بۆ دایکێک لە دەرەوە حەز بکات زۆر زەحمەتە، چونکە هەر چرکەیەک لە کاتی ئەو دایکە بەندە بە کارێکەوە، بەڵام پێویستە دایک ئەو ڕاستییە بزانێک کە ئەو پێش ئەوەی ئافرەتێکی کارمەند بێت (دایکە) و لەسەر پێویستە هەر چەند سەرقاڵ بێت و هیلات و ماندوو بێت، هانی رۆڵەی بدات لەمەڕ قسەکردن و دەربڕینی ناخی خۆی. وا چاکە ڕێگە بە منداڵەکەت بدەیت لە چێشتخانە لەگەڵتدا دابنیشێت و بە دەم کار کردنتەوە تێڕوانینی و بۆچوونەکانی خۆیت بۆ باس بکات، پێویستە هەست بکات کە بە وردی گوێت بۆ شل کردووە و هەماگەنگیت لەگەڵ ئەو قسانەی کە بۆتی دەکات.

دایکی بەڕێز، رێگە بە جگەر گۆشەکەت بدە، باس لە بیر و بۆچوون و ترس و دڵەڕاوکێی خۆی بکات، چونکە بۆی هەیە لەم ڕێگەیەوە بگەیتە نهێنییەکی ترسناک لە ژیانی منداڵەکەتدا کە لەوانەیە بەرەو کارەساتێکی خراپی بەرێت.

بە هیچ جۆرێک باس لە هۆکاری نەبوونی کات مەکە چونکە منداڵ سامانێکی زۆر بەنرخە و هیچ جۆرە شتێک لە بەرامبەردا ناتوانێت ڕابوەستێت.


سەرچاوەکان

93 بینین