عەلی حاتەمی

له‌لایه‌ن: - زانیار حەسەن - به‌روار: 2021-02-12-02:00:00 - کۆدی بابەت: 2185
عەلی حاتەمی

ناوه‌ڕۆك

عەلی حاتەمی 

ناسراو بە سەعدی شیرازی سینەمای ئێران
بە قەولی بهرام بیضائی (مامۆستایەکی بێ مامۆستا)

گەورە دەرهێنەر و فیلمسازی سینەمای ئێران هەروەها باوکی (لەیلا حاتەمی خانمە ئەکتەر)

لە فیلمەکانی دا و جیاواز لەهەر دەرهێنەرێکی تر بە (بسم الله الرحمان الرحیم) دەستی پێدەکرد، کە جێی سەرنج بوو جیاواز لە وانی تر لەهەموو فیلمەکانی دا بە ناوی خودا دەست پێبکا نمونە وەک لە فیلمی 'سوتە دلان' کاتێک دەرگاکان لادەبات لەسەر ڕووی دوکانەکە ، بە گووتەی خۆی حەزی کردووە بەناوی خودا دەست پێ بکات ، ئەمەش یەکێک بووە لە جیاوازییەکانی ئەم دەرهێنەرە 

کەسێکی شارەزا و لێهاتوو لە کلتور و زمان و ئەدەب و ڕێزمانێکی تەواو بوو ، ئاوازێکی شاعیرانە لە فیلمەکانی دا هەبوو ، هەر بۆیەش نازناوی سەعدی سینەمای ئێرانی پێ بەخشرابوو

حاتەمی لە ٢٣ی مردادی ١٣٢٣ کە دەکاتە ٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٤ لە شاری تاران هاتۆتە دونیاوە ، خوێندنی لە کۆلێجی سینەما و شانۆ لە زانکۆی هونەر تەواو کردووە ، هاوسەری ئەکتەر زری خوشکام بوو،

لەیلا حاتەمی خانمە ئەکتەری دیار و سەرکەوتووی ئێران کچی عەلی حاتەمییە ،

یەکەمین فیلمی سینەمایی بەناوی حسن کچل بوو دەرهێنەر و شاعیر بوو لەم فیلمەدا ، فیلمەکە بە یەکێک لە یەکەمین فیلمەکانی میوزیکاڵی سینەمای ئێران دادەنرێت ، ساڵێک دواتر فیلمی طوقی دەرهێنا کە لە فیلمەکەدا هەردوو ئەکتەری گەورە بهروز وثوقی و ناصر ملک مطيعی ڕۆڵیانگێڕا ، لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی بەرهەمێکی تری بەناوی باباشمال'ی بڵاوکردەوە ، لە فیلمەکەدا بۆ یەکەمین جار کاری لەگەڵ محمدعلی فردین کرد و بۆ دووەم جار لەگەڵ ناصر ملک مطيعی ، 

ساڵی ١٩٧٢ پڕکارترین ساڵی عەلی بوو ، سێ بەرهەمی بڵاوکردەوە بەناوەکانی 'قلندر' و 'خواستگار' و 'ستار خان' ، قلندر بە ڕۆڵگێڕانی ناصر ملک مطيعی ، 

خواستگار بە ڕۆڵگێڕانی پرویز صیاد و زری خوشکام ،

ستار خان پڕۆژەیەکی گەورەتری بوو بە ڕۆڵگێڕانی
علی نصیریان، عنایت بخشی، عزت الله انتظامی و پرویز صیاد ، لەم فیلمەدا بۆ دیمەنی شەڕی نێوان دەستوورخوازان و هێزەکانی دەوڵەت تەکنیکی Special effects بەکار هێنراوە ، لەلایەن سوپاوە هاوکاری کراوە بۆ قەرەباڵغکردنی دیمەنەکان

ستار خان عەلی حاتەمی تووشی کێشە کرد لە دوای نمایش کردنی ڕووبەڕوی دژایەتی بوویەوە لەلایەن ڕۆژنامەنوسان و ئەندام پەرلەمانان ، پێیان وابوو کە عەلی بەم فیلمە دەستی بۆ شێواندنی مێژووی هاوچەرخ بردووە ، سەندیکای هونەرمەندان پشتی لە عەلی کرد و دژایەتیان کرد ، عەلی ڕۆیشتە دەرەوە لە سەندیکا و دوای هەفتەیەک نمایش کردنی فیلمەکە ڕاگیرا،

لە ساڵی ١٩٨٢ فیلمی 'حاجی واشنگتن'ی دەرهێنا هەر هەمان ساڵ نمایش کردنی ڕاگیرا ، فیلمەکە بڕیار بوو لە ئەمریکا بەرهەم بهێنرێت بەڵام بەهۆی کێشەی سیاسییەوە وێنەگرتنی لە ئیتاڵیا ئەنجام درا ، عزت اللە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت کە ماوەی پێنج مانگ لە ئیتاڵیا ماینەوە توشی کێشەی نەبوونی پارە و سەرمایە بووین ، سەرەنجام ساڵی ١٩٩٨ نمایش کرایەوە لە فێستیڤاڵی فەجر ، 

دیالۆگی فیلمەکە ( ئایین چرای خامۆشی نییە ) لەنێوان فیلمەکانی عەلی حاتەمی دا زۆر بەناوبانگ بوو ، تەنانەت لەسەر کێلی قەبرەکەی عەلی حاتەمی ئەم دیالۆگە نوسراوە 

ساڵێک دواتر کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (کمال ملک ) کرد نوسەر و دەرهێنەری بوو ، 

لەدوای کمال ملک فیلمی جعفرخان از فرنگ برگشته بەرهەم هێنا. 

چوار ساڵ دواتر دەرهێنانی بۆ فیلمی (مادر) کرد کەیەکێکە لە فیلمە خۆشەویستەکانی سینەمای ئێران و ئێستاش لێدەدرێتەوە بینەر لە یادی نەکردووە ، ئەکتەرانی فیلمەکە رقیه چهره آزاد، محمدعلی کشاورز، اکبر عبدی، امین تارخ و فریماه فرجامی ، بووە براوەی چەندان خەڵاتی سیمورخی بلورین

دوو ساڵ دواتر کاری لە فیلمێک کرد بەناوی ( دلشگان) بەڵام وەک دەرهێنەر نا بەڵکوو بەرهەم هێنەر و دیزاینی دیمەن 

لەدوای ئەم فیلمە سێ پڕۆژەی گرنگی ئامادە کرد کە فیلمی (ملکهای برفی ) چیرۆکی فیلمەکە لەسەر ژیانی هاوسەرانی محمد رەزا پەهلەوی بوو وە فیلمی (اخرین پیامبر) کە لەسەر ژیانی پێغەمبەری ئیسلام بوو وە فیلمی (جهان پهلوان تختی ) بوون دوو فیلمی سەرەتا بەهۆی کێشەی بودجەوە بەرهەم نەهاتن

لەماوەی بەرهەم هێنانی فیلمەکەی تر بەهۆی شێرپەنجەی پەنکریاس لە پێنجەمی کانوونی دووەمی 1996 لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد ، شێرپەنجە بەرۆکی گرت و ڕێگەی نەدا چیتر بەردەوام بێت لە بەرەوپێش بردنی سینەمایی ئێران بۆ ئێران و سینەماکەی مردنی ئەو کاریگەر بوو چونکە بەڕاستی جێ دەستی دیار بوو....

عەلی حاتەمی تەنیا دەرهێنانی بۆ فیلم نەکردبوو خاوەنی چوار زنجیرەش بوو

هزارداستان گەورەترین پڕۆژەی عەلی حاتەمی بوو کە شارۆچکەی سینەمایی دروست کرد ، ئەو لەڕاستیدا ناوچە کۆنەکانی تارانی لەگەڵ ژێرخانی ئابووری بە ئەندازەی حەوت هەزار مەتر چوار گۆشە دروست کرد ، سیناریۆی زنجیرەکە ٨ بۆ ١٠ جار دووبارە نوسراوەتەوە ، نزیکەی ١١ کاتژمێر سانسۆری لەسەر دانراوە.

عەلی حاتەمی عاشقی سینەما بوو ، ژیانی تەواوی تەرخان کرد بۆ سینەما ، لە ئێستادا کچەکەی لە ئاسمانی سینەمادا دەدرەوشێتەوە ، عەلی حاتەمی لە دوای خۆی کچەکەی بەجێ هێشت بۆ سینەمای ئێران و ڕوون و ئاشکراش دیارە کە لەیلا چی دەستێک و کاریگەرییەکی هەیە ئەمەش بەهۆی زیرەکی و لێهاتووییەکەیەوە.


سەرچاوەکان



560 بینین