جۆن کاڵڤن

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-14-22:09:00 - کۆدی بابەت: 2253
جۆن کاڵڤن

ناوه‌ڕۆك

جۆن کاڵڤن

زانای لاهوت و ڕەوشتزان جۆن کاڵڤن، بە یەکێ لە پیاوە بەرزەکان دادەرنێت لە مێژووی ئەوروپادا، یاداشت و ڕازەکانی لە زۆر ڕستە و بابەتی جیاوازدا شۆڕشێک بوون بۆ سەر ژیانی سەدان ملیۆن کەس بە درێژایی پتر لە ٤٠٠ ساڵ. ئەو ڕێباز و لێکۆڵینەوە بەپێزە جیاوازانەی لە زانستی لاهووت و فەرمانڕانی و، ڕەوشتی خۆیی مەردوم و ڕەفتاری بەکاردا، بووە کاریگەرییەک بۆ سەر جیهان لە سەردەمێکدا.
جۆن کاڵڤن ساڵی ١٥٠٩ز لە شاری نۆیۆن-فەڕەنسا لە دایک بووە. لە سەرەتای ژیانیدا پلەیەکی باشی لە خوێندندا تەواو کرد. پاش خوێندنی لە کۆلێژی پاریس چووە کۆلێژی ئۆلیانس بۆ خوێندنی قانوون، ماوەیەکیش لە بۆرگاس دا قانوونی خوێند.
لەو کاتەی کە مارتن لۆثەر ٩٥ بێزارنامەکەی لەسەر دەروازەی کەنشتەی ووتنبرگدا هەڵواسی، کاڵڤن لە تەمەنی ٨ ساڵیدا بوو. لە هەڕەتی لاویدا خۆی خستە ئامێزی ڕێبازگەی پڕۆتستانتییەوە. جا بۆ ئەوەی تووشی ئازار و لێدان نەبێت ناچار بوو پاریس جێبێڵێت و لە شاری پاڵ، دانیشێت. زۆر بە خەس و قووڵی کەوتە خوێندنی زانستی لاهووت. کە گەیشتە تەمەنی ٢٨ ساڵی بەناوبانگترین پەڕاوی بڵاوکردەوە بە ناوی (دامەزراوەکانی ئاینی دیان). لەم پەڕاوەدا ناوەرۆکی بڕواکانی ڕێبازگەی پڕۆتستانتی پەس دەکات کە بە شێوەکەی ژیرانە و پەیڕەوانە نووسیویەتییەوە.
ساڵی ١٥٣٦ز دیدەنی شاری جنێڤ- سویسرا ـی کرد، شارێک بوو پڕۆتستانتی تیایدا لە گەشەکردن و بەهێزیدا بوو، تکایان لێ کرد لە جنێڤ بمێنێتەوە وەک ئوستاد و ڕابەرێک بۆ کۆمەڵگای پڕۆتستانتی، بەڵام ئەوەندەی نەبرد ناکۆکی کەوتە نێوان کاڵڤنی بیورتیانی و دانیشتوانی جنێڤەوە، لە ساڵی ١٥٣٨ز دا زۆری لێکرا شاری جنێڤ جێ بهێڵێت، بەڵام لە ساڵی ١٥٤١ز دا جارێکی تر تکایان لێ کردەوە بۆ گەڕانەوە. ئەم جارەیان نەک هەر بە پێشەوایەکی ئاینی شارەکە ناسرا، بەڵکوو بووە پێشەوایەکی سیاسیش و خاوەن دەسەڵاتێکی تەواو تا دواژیانی.

لە شاری جنێڤدا ئەنجومەنێکی ٢٥ ئەندانی فەرمانڕەوایی شارەکەیان دەکرد بە ڕێگەی هەڵبژاردن و مافی دەنگدان، ئەم ئەنجوومەنە بەرپرسیار بوو لە دەسەڵاتی سیاسی شارەکە، کاڵڤنیش وەنەبێت ئەندام بووبێت لەو ئەنجومەنەدا، چونکە لە هەر کاتێکدا بوایە دووچاری سزا دەبوو بە بڕیاری ئەنجومەن، هەروەکو چۆن لە ساڵی ١٥٣٨ز دا دووچاری بوو. هەرچەندە ئەم جارەشیان کە گەڕایەوە ئەندام نەبوو لەو ئەنجومەنەدا، بەڵام بە گەورە و دەسەڵاتدارێکی شارەکە ناوی دەبرا، بە تایبەتیش لە ساڵەکانی دوای ١٥٥٥ز، وە ئیتر بووە تاکە فەرمانڕانێکی ئۆتۆکراتی لە سەرانسەری شارەکە.

جنێڤ لە ژێر دەسەڵاتی کاڵڤندا بووە گرنگترین مەڵبەندی پڕۆتستانتی لە ئەورووپای ناوەڕاستدا، زۆریش هەوڵ و هاونی ئەدا بۆ بڵاوکردنەوەی لە ووڵاتەکانی تردا، بە تایبەتی لە فەڕەنسادا، هەتاوەکو وای لێهات جنێڤیان ناو دەبرد بە (ڕۆمای پڕۆتستانت).

کاڵڤن لە بڕوای ئایینی دا لێخۆشبوونیان نەبوو، بە دەستێکی ئاسنین ئەوانەی سەرکوت دەکرد، کە سەرپێچییان لە فەرمانی دەکرد، لەوانەیش (میکایل سێرفینۆس) پزیشکێکی ئەسپانی و زانایەکی لاهوتی بوو کە هیچ باوەڕی بە سێ‌ێن نەبوو. جا هەر کە سێرفیتۆس هاتە جنێڤ دەستگیر کرا و تاوانی خوا نەناسی درایە پاڵ و بە فەرمانی سوتاندن سزادرا، فەرمانەکەیش لە ساڵی ١٥٥٣ز دا جێبەجێ کرا.
کاڵڤن ئافرەتێکی کردە هاوسەر و منداڵێکیشیان بوو، بەڵام دەسبەجێ مرد، ساڵی ١٥٤٩ز ژنەکەشی مرد، خۆیشی لە ساڵی ١٥٦٤ز دا مرد.
گرنگی کاڵڤن وەنەبێت لە چالاکی ڕاستەوخۆی سیاسیدا بێت، بەڵکو لە دامەزراندنی ئەو ڕێبازانە و گەشەپێدانی ئینجا ئاشکرا کردن و بڵاوکردنەوەی بە شێوازێکی ژیرانە.
کاڵڤن زۆر توند بوو لە دەسەڵات و بایەخ پێدانی سیپارەی پیرۆز، ئەمیش هەر وەک مارت لۆثەر لە مل ملانێ دابوو لەگەڵ دەسەڵاتی کەنشتەی کاثۆلیک لە ڕۆمادا.


سەرچاوەکان



886 بینین