عەلی عیزەت بیگۆڤیچ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-20-04:04:00 - کۆدی بابەت: 2413
عەلی عیزەت بیگۆڤیچ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەلی عیزەت بیگۆڤیچ یان عەبیجا عیزێتبیگۆڤیچ (Alija Izetbegović)، لە ڕۆژی ٨ی ئابی ١٩٢٥ لەدایکبووە، یەکەمین سەرۆک کۆماری بۆسنە و هەرسک بووە لەدوای جەنگی بۆسنە و هەرسک، ئەو چالاكوانێكی سیاسی بۆسنەیی و فەیلەسوفێكی ئیسلامی بوو، خاوەنی چەندین كتێبە كە بەناوبانگترینیان (ئیسلام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)ـیە. لە شاری بۆسانا كرۆبای بۆسنە لە خێزانێكی بۆسنی ئیسلامی لەدایكبووە، ناوی خێزانەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری بوونی دەوڵەتی عوسمانی لە وڵاتەكەی، كە لەناو ناوەكەیدا وشەی (بیگ) هەیە كە هەمان وشەی بەگی توركییە و نازناوەكەیشی بیگۆڤیچە كە واتە عەلی عیزەت بەگ.

ناو عەلی عیزەت بیگۆڤیچ
لەدایكبوون ٨/٨/١٩٢٥
كۆچی دوایی ١٩/١٠/٢٠٠٣ لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا
هۆكاری مردن نەخۆشی دڵ و دەمار
نیشتەجێبوون سرایڤۆ، بۆسنە و هەرسك
هاوڵاتی
كۆماری یووگۆسلاڤیای سۆسیالیستی هاوپەیمان هەتاوەكو ١٩٩٢
بۆسنە و هەرسك لە ساڵی ١٩٩٢ ـەوەوە
ئایین ئیسلام
هاوسەر خالیدە
منداڵەكان لەیلا – سابینا – بەكر
بڕوانامە كۆلێژی یاسا لە زانكۆی سرایڤۆ
پیشە پارێزەر – فەیلەسووف – سیاسی – نووسەر
حیزب حیزبی كاری دیموكراتی
زمانەكان بۆسنی

ژیاننامە

بیگۆڤیچ بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ وەك پارێزەر كاری كرد دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی یاسا لە كۆلێژی سارایڤۆ، دواتر وازی هێنا و دەستی كرد بە لێكۆڵینەوە و نووسین، ژیانی گەنجی بیگۆڤیچ لەوكاتەدابوو كە هێشتا بۆسنە و هەرسك بەشێك بوو لە كۆماری یۆگۆسلاڤیا كە خێزانێكی لیبڕاڵی حوكمیان دەكرد، و شتێك نەبوو بەناوی پەیڕەوی ئیسلامی لە قوتابخانەكاندا، بەڵام عەلی لەو سەردەمەدا سوور بوو لەسەر ئەوەی كە هەمووشتێك بكات بۆ مانەوە و پتەكردنی بیروباوەڕی خۆی لەبارەی دینەكەی. بۆیە لەگەڵ هەندێك هاوڕێیدا یانەیەكی قوتابخانەیان دروستكرد بەناوی (گەنجانی موسوڵمان) كە دواتر گەورەتر و گەورەتر بوو و جگە لە پەروەردەكردن، دەستی دایە كاری خێرخوازی و یارمەتیدانی خەڵكی، دواتریش بەشێكیان تایبەت بۆ كچان كردەوە.

لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا ئەم كۆمەڵە توانی دەورێكی زۆر كاریگەری هەبێت لە یارمەتیدانی ئەوانەی كە ئاوارەی جەنگ بوون یاخود هەتیو كەوتبوون لە سەروبەندی جەنگدا. دواتریش ئەم كۆمەڵەیە دەستیان بە بونیادنانی فیكر و ڕاكێشانی سەرنجی خەڵكی كرد، هەروەها سەرسام بوون بە هەندێك قوتابی كە لە زانكۆی ئەزهەری میسڕەوە گەڕابوونەوە وڵات.

كاتێك ئەڵمانیای نازی وڵاتی یۆگۆسلاڤیای داگیركرد، كۆمەڵەكەی بیگۆڤیچ ناڕەزایی دەربڕی و خەریكی چالاكی بوون دژی ئەو حكومەتەی ئەوكات، بیگۆڤیچ یەكێك بوو لە دیارترین ئەو كەسانەی كە دەنگێكی دلێری هەبوو بۆیە چەندین جار دەستگیركرا لە سەردەمی سەرۆك كۆماری ئەوكات (جۆزێف بڕۆز تیتۆ). بیگۆڤیچ لە ساڵی ١٩٩٠ دەبێتە یەكەمین سەرۆك كۆماری بۆسنە و هەرسك دوای واژووكردنی بەڵێننامەی دایتۆن هەتاوەكو ١٩٩٦، دواتریش دەبێتە ئەندامی مەجلیسی سەرۆكایەتی بۆسنە هەتاوەكو ساڵی ٢٠٠٠.

ڕووبەڕووبونەوە

بیگۆڤیچ لە سەردەمی گەنجی و گەورەبوونیشی هەمیشە بەرهەڵستكار و كەسێكی قسەزان بوو دژی شیوعی و یۆگۆسلاڤیی و سڕبییەكان، كە زۆرینەی كاتیش بە سزای زیندانی كردن كۆتایی دەهاتن، زۆرینەی ئەو بابەتانەی قسەشیان لەبارەوە دەكرا بابەتی سیاسی و فیكری بوون كە بیگۆڤیچ دەیویست لە ڕێی باوەڕپێهێنانەوە خەڵكی ڕابكێشێتە بازنەی ئایینەكەی خۆی.

زیندان

دوای ئەوەی دژی سەرۆك تیتۆ وەستایەوە لە ساڵی ١٩٤٦ دوای جەنگ، سزای زیندانی سێ ساڵی بەسەردا سەپێنرا، پێش ئەوەی بگیرێت بڕوانامەكەی بەدەست گەیشتەوە لە یاسا، لەدوای زیندان بە كاری سیاسی دەستی پێكردەوە، هەروەها لە نیسانی ١٩٨٣ بیگۆڤیچ و دوانزە چالاكوانی بۆسنەیی لە دادگای سەرایڤۆ بەهۆی بڵاوكراوەی ئیسلامییەوە كە بە قسەی دادگا ئەوانە نایاسایین، هەروەها بەشداری كۆبوونەوەی ئیسلامی لە ئێران، سزای چواردە ساڵ بەسەر بیگڤیۆچدا سەپێنرا، لەم كاتەشدا ڕێكخراوەكانی ڕۆژئاوا دژی بڕیارەكەی دادگا وەستانەوە لەوانەش (ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هێلسنكی وۆچ)، كە وتیان ئەوە تەنیا هۆكارەكەی باكگراوندێكی شیوعیەتییە و هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ ناكرێتەوە، لە مانگی دواتردا دادگا كۆبوویەوە و بڕیاریدا كە هیچ توندوتیژییەك ئەنجام نەدراوە بۆیە سزاكەی كەمكردەوە بۆ ١٢ ساڵ، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ كاتێك شیوعییەت ڕووی لە كەمی كرد لە بۆسنە و هەرسك بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دەرچوو دوای پێنج ساڵ زیندانیكردن، لەو كاتەشدا باری تەندرووستی بیگۆڤیچ ڕووی لە خراپیەكی زۆر كردبوو.

سەرۆكایەتی

دوای نەمانی شیوعییەت لە وڵات، بیگۆڤیچ و هاوڕێكانی بڕیاری دروستكردنی پارتێكی سیاسییان دا بەناوی (حیزبی كاری دیموكراتی) لە ٢٧ی ئاداری ١٩٩٠، لایەنی ئیسلامی بەشێكی زۆر دیار و گەورەی ئەم حیزبە بوو، لە هەڵبژاردنی داهاتووش بووە یەكەمین حیزب و براوەی هەرە لە پێشی هەڵبژاردن، و لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٠ عەلی عیزەت بیگۆڤیچ كرایە سەرۆكی كۆماری بۆسنە و هەرسك. كاتێك لە ساڵی ١٩٩١ جەنگی نێوان سلۆڤینیا و كرواتیا دروستبوو، بیگۆڤیچ لەترسی هاتنی جەنگ بۆ بۆسنە داوای سیستمێكی كۆنفیدڕاڵی كرد بۆ بۆسنە بۆ پاراستنی سنوورەكانی و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ پاراستنی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی سلۆڤینیا و كرواتیا، وتیشی " ئێمە بەژداری بەیاننامەی ئاشتی ناكەین ئەگەر بڕیاربێت بۆسنە و هەرسك بەشێك بە زەرەرمەندەكان".

لیژنەی سەرۆكایەتی بۆسنە

یەكێك لە گرنگترین دەرەنجامەكانی پەیماننامەی ئاشتی دایتۆن بریتیبوو لە لیژنەی سەرۆكایەتی بۆسنە، كە كارەكەی بەڕێوەبردنی وڵاتە جگە لە سەرۆك كە بە ڕاستەوخۆ وڵات بەڕێودەبات، ئەم لیژنەیە دروستكرا بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی بۆسنە و هەرسك لە ئەستۆ بگرێت، كە پێكدێت لە سێ ئەندامی سەرەكی: بۆسنەیی و كرواتی كە هەریەكێكیان ڕاستەوخۆ لە یەكێتی بۆسنە و هەرسكەوە هەڵدەبژێردرێن، و سڕبەكان یەكێك كە لە كۆماری سڕبی بۆسنەوە هەڵدەبژێردرێت.

هەڵبژاردن

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ١٩٩٦ بە بەشداری هەرسێ لایەن حیزبی كاری دیموكراتی زۆرترین ڕێژەی كورسییەكانی مسۆگەر كرد بۆ خۆی، و لە پەرلەمانی كۆماری سڕبی بۆسنەدا توانییان ٤٩ كورسی لە كۆی ٨٣ كورسی مسۆگەر بكەن. هەروەها لە لیژنەی پێكهێنانی بۆسنەدا توانییان ٢٠ كورسی لەكۆی ٢٨ كورسی بەدەستبهێنن بۆ موسوڵمان و كرواتییەكان، هەروەها بۆ سەرۆكایەتی سێ لایەنەكە كاندیدی سەرەكی حیزبی كار (عەلی عیزەت بیگۆڤیچ) توانی ببێتە خاوەنی زۆرترین دەنگەكان بە ٧٢٩ هەزار دەنگ.

سەرۆكایەتی لیژنە

دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ١٩٩٦ سەرۆكایەتی هەرسێ لایەن (عەلی عیزەت بیگۆڤیچ) وەك نوێنەری موسوڵمانان، و موسشیلۆ كرایشنیك وەك نوێنەری سڕبەكان و كریشمیر زۆباك نوێنەری كرواتییەكان، ماوەی ئەم لیژنەیە چوار ساڵ بوو لە ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠٠، عەلی عیزەت لەم لیژنەدا دووجار كرا بە سەرۆك یەكەمجار لە ١٩٩٦ و دواتریش لە ٢٠٠٠ هەتاوەكو ١٤ی ئۆكتۆبەری ٢٠٠٠.

نەخۆشی و كۆچی دوایی

دوای تەواوبونی سەرۆكایەتی بۆسنە لە ساڵی ٢٠٠٠ بیگۆڤیچ وازی لە ژیانی سیاسی هێنا، ئەویش لەبەر دوو هۆكار:

یەكەمینیان: لەبەر ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەی لەسەری بوو بەهۆی بەرگری لە دینەكەی و دانانی وەك یەكێك لە سەرۆكەكانی جەنگی بۆسنە.

دووەم: لەبەر باری تەندرووستی خۆی، بەڵام هەر وەك سەرۆكی ڕەمزی حیزبەكەی مایەوە كە سەرۆكی ئەوكاتی سولەیمان تیهیتش بوو، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی وازی هێنا نەخۆشییەكەی زیاتر و زیاتر بوو، كە دواتر بووە هۆی ئەوەی نەشتەرگەری لە وڵاتی سعودیە بۆ بكرێت.

مردن

لە ١٩ی تشرینی یەكەمی ٢٠٠٣ لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا بیگۆڤیچ بۆ دواجار چاوەكانی لێكنا و كۆچی دوایی كرد لە نەخۆشخانەی سارایڤۆی ناوەندی كە لە ڕۆژی شەشی مانگەوە لەوێ خەوێنرابوو و مابوویەوە تا كاتی كۆچكردنی بەهۆی بورانەوەیەوە كە بووە هۆی شكانی چوار پەراسووی، لە كاتژمێڕ ٢:٢٥ی دوای نیوەڕۆ سەرۆكی حیزبی كار سولەیمان تیهیتش هەواڵی كۆچی سەرۆكی پێشووی خوێندەوە، كۆتا سەرۆكی ئەوكاتیش كە سەردانی بیگۆڤیچی كردبێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی (سەرۆك وەزیرانی ئەوكات)ـی توركیا بوو كە دوو ڕۆژ پێش كۆچی دوایی سەردانی كرد بە تایبەت.

وتەی پێش كۆچی دوایی

ئەو لە چاوپێكەوتنەكانی كاتی نەخۆشی و پێش مردن دەڵێت بە گەلەكەی:

" كار بكەن بۆ ئەوەی باشتر بن لە سەردەمی پێش جەنگ"

بەرهەمە فیكرییەكان

دوای وازهێنانی لە كاری سیاسی بیگۆڤیچ خۆی یەكلاكردەوە بۆ نووسین و خوێندنەوە، هەرچەند لە پێش ئەوەوە و لە زینداندا بەناوبانگترین كتێبی خۆیی نوسیبوو بەناوی " ئیسلام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا" كە وەك ئینسكلۆپیدیایەكانی زانستی دادەنرێت لە جیهان، چونكە زمانی كتێبەكە ڕووی لە خەڵكی ڕۆژئاوایە، بیگۆڤیچ لەو كتێبەدا تێكەڵەیەكە لە فەیلەسوف و هونەرمەند و نووسەر و موسوڵمان، چونكە نموونە مێژوویی و هونەرییەكانی ئەوروپای بەستۆتەوە بە ئایینەكەی خۆیەوە و خەڵكی لە ڕێگایەكی ترەوە بانگ دەكات بۆ ڕاستی.

هەروەها كتێبی " هەڵهاتنم بۆ ئازادی" كە لە زینداندا نوسیویەتی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها كتێبی " عوائق النهضة الاسلامیة". بیگۆڤیچ خوێنەرێكی زۆر لێهاتوو بووە و سەرسام بووە بە فیكری ئیخوان موسلمین و زۆرینەی بەرهەمەكانی خوێندونەتەوە، هەروەها كتێبەكانی ئەبو عەلای مەودودی و مەسعود عالم نەدەوی و كەوتۆتە ژێر كاریگەری بیروبۆچوونیان.

وتەكانی

وتەکانی بیگۆڤیچ

  • ئاژەڵ كاتێك برسی بێت مەترسیدار دەبێت، بەڵام مرۆڤ كاتێك مەترسیدار دەبێت كە تێر دەبێت.
  • كۆمەڵگای بێ باوەڕ، ناتوانێت شۆڕشیش بكات
  • یاریكردن بە خەڵكی تەنانەت ئەگەر لە سوودی خۆشیان بێت، كارێكی نامرۆڤانەیە، هەروەها ئازادكردنیان لە بەرپرسیاریەتی و ئەركەكانیان كارێكی نامرۆڤانەیە.
  • كاری دین و هونەر و فەلسەفە بریتییە لە ڕاكێشانی سەرنجی مرۆڤەكان بۆ پرسیار و بیركردنەوە و نهێنیەكان، لەوانەیە ئەمەش ببێتە هۆی تێگەشتنمان بەڵام زۆرینەی كات دەبێتە هۆی ئەوەی پەی بە نەزانینی خۆمان ببەین، یان بۆ گۆڕینی ئەو نەزانینەی كە نایزانین بۆ ئەو نەزانینەی كە دەیزانین (واتە بزانین كە نازانین).
  • تەلەفزیۆن شوێنی ئەدەب و بیركردنەوەی گرتوەتەوە، هەروەها توانیویەتی چالاكی مێشك كەم بكاتەوە، ئەو چارەسەری ئامادەكراوی بۆ تەواوی كێشەكانی ژیان پێیە.
  • نوێژ تەنیا دەربڕینی هەڵوێستی ئیسلام نییە لەبارەی جیهانەوە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی ئەو ڕێگایە كە ئیسلام دەیەوێ جیهانی پێ ڕێكبخات.
  • ئەگەر بەدەستهێنانی دەسەڵات تەنیا بە بەڵێن بێت، ئەوا پاراستنی تەنیا بە ئەنجام دەبێت.

خەڵاتەكانی

  • خەڵاتی مەلیك فەیسەڵ بۆ خزمەتی ئیسلام لە ١٩٩٣
  • خەڵاتی بیرمەندی گشتی لە ڕێكخراوی عەلی و عوسمان حافظ لە ١٩٩٦
  • خەڵاتی مەولانا جەلالەدین ڕۆمی نێودەوڵەتی بۆ خزمەتی ئیسلام لە ٢٠٠١
  • خەڵاتی بەرگری لە دیموكراسی گشتی، لە بنكەی ئەمریكی بۆ پاراستنی دیموكراسی و ئازادی لە ١٩٩٦
  • خەڵاتی دوبەی نێودەوڵەتی قورئانی پیرۆز لە ڕەمەزانی ١٤٢٢ی كۆچی.
  • خەڵاتی كەسایەتی ساڵ ـی ئیسلامی لە ٢٠٠١


سەرچاوەکان



1615 بینین