لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەند جار پێویستە دەم و ددان بە فڵچە و دەرمان بشۆرێت؟

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-21-11:19:00 - کۆدی بابەت: 2465
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەند جار پێویستە دەم و ددان بە فڵچە و دەرمان بشۆرێت؟

ناوه‌ڕۆك

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەند جار پێویستە دەم و ددان بە فڵچە و دەرمان بشۆرێت؟

مەبەست لە شۆردنی دەم و ددان بریتییە لە لابردنی قەتماغەی میکرۆبی و ماددەی شیرینیەمەنیەکان لە سەر ڕووی ددانەکان. ژمارەی ئەو جارانەی کە پێویستە دەم و ددان بشۆرێت پەیوەستە بە جۆری خۆراکی تاکەکەوە. ئەوە ڕوون بوەتەوە کە ئەوانەی ژەمە خۆراکی زیاتر یان شیرینی زیاتر دەخۆن پێویستە زیاتر دەم و ددانیان بشۆن بە فڵچە و دەرمان. باشترین کاتی گونجاو بۆ شۆرینی دەم و ددان شەو پێش خەوتنە تاوەکو ئەو قەتماغە میکرۆبیەی کە لە ماوەی ڕۆژدا دروست بووە لاببرێت، ئەگەر ئەمەش بکرێتە خوو ئەوا کارێکی چاکە. بەڵام باشتر وایە کە دوای هەر ژەمێک یان خواردنی شیرینی دەم و ددان بشۆرێت.
هەروەک چۆن لە باسی کلۆری دداندا وتمان کە لە کاتی خەودا بەهۆی کەم بوونەوەی جوڵەی زمان و گوپ و هاتوچۆی لیک قەتماغەی میکرۆبی زووتر خێراتر دروست دەبێت و کاتێکی زیاتر میکرۆبەکان لەسەر ڕووی ددانەکان دەمێننەوە لەبەر ئەوە هەندێ پێیان وایە کە بەیانی پاش لە خەو هەستان و پێش نان خواردن دەم و ددان پێویستە بشۆرێت. هەندێک لە نوژدارانی دەم و ددان ئاماژە بەوە دەکەن کە شۆردنی دەم و ددان پاش نان خواردن چاکترە.

هەرچۆنێک بێت دوو کاتی گونجاو بۆ شۆردنی دەم و ددان بریتین لە:

  1. شەو پێش خەوتن
  2. بەیانیان پێش یان پاش نان خواردن

ئەگەر بە شێوەیەکی زانستیانە لەم دوو کاتەدا دەم و ددان بە فڵچە و دەرمان بشۆرێت وە دەزووی ددان بەکار بهێنرێت، ئەوا ئەگەری دروست بوونی کلۆری ددان و نەخۆشی پوک زۆر کەم دەبێتەوە.
وە باشترین کات دوای ئەم دوو کاتە دوای نان خوادنی نیوەڕۆیە.

ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی ددانەکانی مرۆڤ بە ٣٠ ددان دابنێین

(ژمارەی ددانەکانی هەمیشەیی مرۆڤ سی و دوو ددانە کە بریتین لە ٦ ددانی خڕێی گەورە و ٤ ددانی خڕێی بچووک ٢ ددانی کەڵبە و ٤ ددانی بڕەر بۆ هەر شەویلگەیەک)

لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە هەر ٣ ددان بەیەکەوە دەشۆرێت لەبەر ئەوە لە هەر ڕوویەکدا بە ١٠ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، هەر قۆناغیش ٢٠ چرکەی دەبێ پێبچێت. ١٠*٢٠=٢٠٠ چرکە، یەکێک لە ڕووەکانی ددانەکان پاک دەبێتەوە. کەواتە بۆ شۆرینی تەواوی ددانەکان کە ٣ ڕوویان هەیە ٣*٢٠٠*=٦٠٠ چرکەی دەوێت کە دەکاتە ١٠ خولەک.


سەرچاوەکان



715 بینین