پشکنینی هۆڕمۆنی ئیسترادیۆڵ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-14:20:00 - کۆدی بابەت: 13034
پشکنینی هۆڕمۆنی ئیسترادیۆڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی هۆڕمۆنی ئیسترادیۆڵ (بە ئینگلیزی: Estradiol blood test، بە عەرەبی: تحلیل استرادیول) پشکنینێکە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترادیۆڵ لە خوێندا بەکاردێت. ئیسترادیۆڵ جۆرێکی سەرەکی ئیسترۆجینە، هەندێک کاتیش پێی دەوترێت E2 test. لە ئافرەتاندا ڕێژەی زۆری هۆڕمۆنەکە لە هێلکەدانەکان و ڕژێنی ئەدریناڵ دەردەدرێت. هەروەها لە ماوەی دووگیانیدا لەلایەن وێڵاشیش دەردەدرێت. لەلایەن شانەکانی تری لەش وەک پێست، چەوری، خانەکانی ئێسک، مێشک و جگەرەوە دروست دەبێت. لە ڕەگەزی نێریشدا دروست دەبێت، بەڵام ڕێژەکەی بەبەراورد بەو ڕێژەی لە ئافرەتاندا دروست دەبێت کەمترە. کاتێک توخمە سیفەتە دووەمییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەرناکەون پزیشک داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینە دەکات. کاتێک ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە لە ڕێژەی ئاسایی بەرزتر دەبێت، نیشانەی ئەوەیە تەمەنی پێگەیشتن زووتر ڕووی داوە و کەمی ڕێژەکەش نیشانەیە بۆ دواکەوتنی گۆڕانکارییەکانی تەمەنی هەرزەکاری. هەروەها دەکرێت کێشەکانی ڕژێنی ئەدریناڵیش لەڕێگەی ئەم پشکنینەوە دیاری بکرێت.

ئەم هۆڕمۆنە ڕۆڵی هەیە لە:

  • گەشەکردنی منداڵدان، جۆگەی فالوب و ئەندامی زاوزێی مێینە.
  • گەشەکردنی مەمک.
  • دابەشبوونی چەوری جەستە.
  • تەمەنی نائومێدی لە ئافرەتاندا، لە کاتی چوونە تەمەنی نائومێدی لەش بڕێکی کەمتر لە هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و ئیسترادیۆڵ بە بەراورد بە تەمەنەکانی تر دروست دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی، لەڕێگەی ئەم پشکنینەوە پزیشک دەتوانێت دیاری بکات ئایە کەسەکە دەچێتە تەمەنی نائومێدی و دەرکەوتنی ئەو نیشانەنە بۆ چوونە ئەو قۆناغە دەگەڕێتەوە یان نا.

لە پیاواندا ڕێژەیەکی کەمی هۆڕمۆنی ئیسترادیۆڵ لەلایەن ئەندامی زاوزێی نێرینەوە دەردەدرێت. ئەم هۆڕمۆنە ڕێگری دەکات لەوەی تۆوەکان پێش کاتی خۆیان و لە ماوەیەکی زوودا لەناو بچن.

ئەم پشکنینە لەم کاتانەدا ئەنجام دەدرێت

  • بۆ دڵنیابوون لە باش ئیشکردنی هێلکەدانەکان، وێڵاش و ڕژێنی ئەدریناڵ.
  • ئەگەر کەسێک نیشانەکانی لووی هێلکەدانەکانی هەبێت. نیشانەکانی بریتین لە ئاوسانی سک، نەخواردنی خواردن بەهۆی ئەوەی لەدوای خواردنی بڕێکی کەم خواردن هەست بە تێربوون دەکەیت. لە دەستدانی کێش، ئازار لە بەشی خوارەوەی سک و زوو زوو میزکردن.
  • ئەگەر گۆڕانکارییەکانی جەستەی کچ یان کوڕ بەشێوەیەکی ئاسایی نەبوون.
  • لە کاتی وەستانی سوڕی مانگانەدا.
  • لە کاتی بەکارهێنانی چارەسەری هۆڕمۆنی بۆ دڵنیابوون لە باش ئیشکردنی چارەسەرەکان.
  • بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری چارەسەرەکان بۆ ئەو ئافرەتانەی کێشەی منداڵبوونیان هەیە و چارەسەر وەردەگرن.

خۆ ئامادەکردن بۆ پشکنینەکە

پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە پزیشک داوای وەستاندنی هەندێک دەرمان کە کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکان هەیە دەکات. ئەو دەرمانانەش بریتین لە:

  • دەرمانی ڕێگری لە دووگیانی
  • دژە زیندەییەکان وەک ئەمپیسلین (ampicillin) و تێتراسایکڵین (tetracycline).
  • Corticosteroids
  • ئیسترۆجین
  • دەرمان کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بیری بەکاردێت.
  • تێستۆستیڕۆن

ڕێژەی ئاسایی هۆڕمۆنەکە

ڕێژەی ئاسایی هۆڕمۆنەکە بەپێی ڕەگەز و تەمەن جیاوازی دەبێت:

  • لە پیاواندا ١٠ - ٥٠ پیکۆگرام/میلیلیتر دەبێت.
  • لە ئافرەتاندا پێش تەمەنی نائومێدی ٣٠ – ٤٠٠ پیکۆگرام/میلیلیتر دەبێت.
  • لە ئافرەتاندا لە دوای تەمەنی نائومێدی سفر – ٣٠ پیکۆگرام/میلیلیتر دەبێت.

هەروەها ئەم ڕێژانە دەکرێت لە تاقیگەیەک بۆ تاقیگەیەکی تر جیاوازی هەبێت، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی ئامێر و ماددەی جیاوازە کە بۆ پشکنیەنەکە بەکاردێت. پێویستە ئەنجامی پشکنینەکە لەگەڵ پزیشکەکەت گفتوگۆ پێ بکەیت.

ئەگەر ئەنجامی پشکنیەنەکە ئاسایی نەبوو واتای چییە؟

ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە ناڕێکی ئەنجامی پشکنینەکانەوە هەیە بریتین لە:

  • زوو دەرکەوتنی توخمە سیفەتە دووەمییەکان لە کچاندا و پێشوەختە چوونە تەمەنی باڵخبوونەوە.
  • گەشەکردن و گەورەبوونی نائاسایی مەمک لە ئافرەتاندا.
  • نەبوونی سوڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.
  • کەمبوونەوەی فرمانی هێلکەدانەکان.
  • هەبوونی کێشە لە جینەکاندا وەک کۆنیشانەی کڵاینفێڵتە و کۆنیشانەی تێرنەر.
  • دابەزینی خێرای کێشی لەش و لەدەستدانی چەوری.


سەرچاوەکان



104 بینین