شیرینکردنی دەم و مەڵاشوی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-01-00:53:00 - کۆدی بابەت: 2749
شیرینکردنی دەم و مەڵاشوی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

شیرینکردنی دەم و مەڵاشوی منداڵ

یەکێک لەو ئەحکامانەی شەریعەتی پاکی ئیسلام بۆ منداڵی تازەبووی داناوە شیرینکردنی دەم و مەڵاشوی منداڵە لەسەرەتای لەدایک بوونیەوە.
بەڵام با بزانین شیرینی لە دەم وەردانی منداڵ چییە؟ حیکمەتەکانی چییە؟ شیرینکردنی دەم و مەڵاشو بریتیە لە مژینی دەنکە خورمایەک بە نەرم و نیانی هێنانی بەلای ڕاست و چەپی ناو دەم و مەڵاشوی منداڵی تازەبوودا بە پەنجەی دەست بۆ ئەوەی هەموو ناو دەم بگرێتەوە، ئەگەر خورما دەست نەکەوت هەر مادەیەکی شیرینی تر هەبوو وا باشە پێی بکرێ وەک هەنگوین کە لەدوای خورما باشترین شتە، لەبەر شوێنکەوتنی کار و کردەوەکانی پێغەمبەری خوا (د.خ) و پەیڕەوی سوننەتەکانی.
حیکمەتەکانی شیرینی لە دەم وەردان ئەبێتە هۆی بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەم و هەردوو شەویلاگ بەجوڵانی زمان و مژینی شیرینییەکە، ئەو کاتە ئامادەیی باشی دەبێ بۆ گرتنی مەمکی دایکی و هەڵمژینی شیرەکەی بە ئاسانی.. چاکتر وایە ئەو کەسەی ئەو کارە دەکات خواناس و پارێزکار بێ، دوعای خێر بکات بۆ منداڵەکە بەڵکو تەمەن درێژ و بۆ خوا سوڵحاو بێ

ئەو فەرموودانەی لەم بارەوە هاتوون

ئەو فەرمودانەی سوننەتن و لەو بارەوە هاتوون ئەمانەن:

ئەبو بەردە لە ئەبو موساوە ڕەزای خوایان لێ بێ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: خوای گەورە کوڕێکی پێ بەخشین منیش بردم بۆ خزمەتی پێغەمبەری خوا (د.خ) ناوی نا ئیبراهیم و بە دەنکە خورمایەک دەم و مەڵاشوی منداڵەکەی شیرین کرد و دوعای خێر و بەرەکەتی بۆ کرد و دایەوە دەستم.
ئەنەسی کوڕی مالیک ڕەزای خوای لێ بێ فەرمویەتی: ئەبو تەڵحە کوڕێکی هەبوو زۆر نەخۆش بوو، ئەبو تەڵحە چوو بووە دەرەوە و کوڕەکەشی وەفاتی کرد، کاتێ ئەبو تەڵحە گەڕایەوە وتی: کوڕەکەمان چۆنە؟ ئوم سەلیم وتی: زۆر باشە، ئەمجا نانی بۆ ئامادەکرد و تێری خوارد، خۆی بۆ ڕازاندەوە لە جاران چاکتر، ئەویش جوتبوو لەگەڵی، ئوم سەلیم پێی وت: ئەی ئەبو تەڵحە کورەکە مردووە بچۆ ئەسپەردەی بکە و بیشارەوە، بەیانی ئەبو تەڵحە چوو بۆ لای پێغەمبەری خوا (د.خ) (هەواڵەکەی بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووی: (أعرستم اللیلة) ئەمشەوتان کرد بە شایی و زەماوەند؟. ئەبو تەڵحە وتی بەڵێ. پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمووی: (بارک اللە لیلتکما) خوایە فەڕ و بەرەکەتی خۆتیان بۆ بنێری، ئوم سولەیم کوڕێکی تری بوو گوتی: ئەبو تەڵحە پێی گوتم: هەستە ئەم مناڵە بەرە بۆ لای پێغەمبەر (د.خ) بە هەندی خورماوە. پێغەمبەری خوا (د.خ) منداڵەکەی لێ وەرگرت و فەرمووی: (أمعە شيء ؟) کوا هیچی لەگەڵدایە، گوتیان بەڵێ هەندێ خورمای لەگەڵدایە، ئەمجا پێغەمبەری خوا (د.خ) دەنکە خورمایەکی وەرگرت و خستیە ناو دەمی و دەم و مەڵاشوی مناڵەکەی شیرینکرد و ناوی نا عبداللە.
ئەبوبەکری خەلای فەرمووی: موحەممەدی کوڕی عەلی بۆی گێڕامەوە و فەرمووی: بیستم لە دایکی کوڕێکی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل دەیگوت: کاتێ ژان گرتمی مەولای خەوتبوو گوتم: ئەی مەولای هەستە وا خەریکە دەمرم لەتاو ژان، ئەویش گوتی: خوای گەورە دەروی خێرت لێ بکاتەوە و خۆشی بخاتە دڵتەوە، ئەو هەر ئەوەی دەگوت، منیش سەعیدم بوو، گوتی نا ئەوە خورمایە، خورمای مەککەمان هەبوو، گوتی بە دایکی عەلی: ئەم خورمایە بجوە و دەم و مەڵاشوی پێ شیرین بکە ئەویش کردی.


سەرچاوەکان



1069 بینین