ناوهڕۆك
هێڵی ئیستیوایی-گەرم
ئەگەر سەیرێکی نەخشە یان گۆی زەوی بکەیت. هێڵی ئیستیوا وا بەدەردەکەوێت، بە شێوەیەک کە ئاستەمە بڕوا بکەیت هێڵێکی خەیاڵییە.
هێڵی ئیستیوا لە هێڵێکی خەیاڵی زیاتر هیچی تر نییە و، دەتوانیت چەند جارێک پێیدا تێپەڕ بیت بێ ئەوەی بزانیت تێپەڕ بوویتە!
وشەی هێڵی ئیستیوا لە وشەی ((ئەکۆتیر))ی لاتینییەوە هاتووە کە بە مانای ((یەکسانی نێوان دوو شت)) دا دێت. ئەمەش ئیشی هێڵی ئیستیواییە کە زەوی دەکاتە دوو بەشەوە. باکور و باشوور. ئەو هێڵە خەیاڵیانەی بە دەوری زەویدان بە تەریبی هێڵی ئیستیوایان پێ دەوترێت ((هێڵەکانی پانی)). هێڵی ئیستیواش خاڵی سفرە و هێڵەکانی سەر و ژێریشی هێڵەکانی پانی دەپێوێت بۆ دیاری کردنی خاڵەکانی لەسەر ڕووی زەویدا.
وەکو دەزانین لەسەر نەخشەی زەوی دابەشکراوە سەر ناوچەکاندا ئەگەر لەسەرەوە یان باکوورەوە دەست پێ بکەین. لە ناوچەی جەمسەری باکوورەوە دەست پێ دەکات و دوای ئەوە ناوچەی ئیستیوا و پاشان ناوچەی جەمسەری باشوور.
ناوچەی ئیستیوا درێژ دەبێتەوە تا پشت هێڵی بە ٢٣،٥ پلەی باکور بۆ ٢٣،٥ پلەی باشوور. لەم ناوچەدا تیشکی خۆر بە شێوەیەکی ستوونی دەوەستێت، لەبەر ئەوە ئەم ناوچەیە بە هەمیشەیی گەرمە.
بۆچی؟
لەبەر ئەوەی میحوەری زەوی لە کاتی سوڕانەوەیدا بە دەوری خۆردا خوار دەبێتەوە بۆیە هێڵی ئیستیواش بەو ئاڕاستەیە بە ڕێژەی ٢٣،٥ پلە خوار دەبێتەوە.
لە ئەنجامی ئەم خواربوونەوەیەدا لە کاتێکدا زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە تیشکەکەی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر زەوی. لە باکوری هێڵی ئیستیوا و هەندێک جاریش ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵی ئسیتیوا و باشووری هێڵی ئیستیوادا دەوەستێت.
بەڵام خۆر ئەگەر دوورتر لە ٢٣،٥ پلە لە هێڵی ئیستیواوە بێت ناتوانێت بە شێوەیەکی ستوونی بوەستێت. ئەمەش هۆیەکەیەتی کە هێڵی ئیستیوا تاکە شوێنێک بێت لەسەر ڕووی زەویدا خۆر بە شێوەیەکی ستوونی بکەوێتە سەری و، لە ئەنجامی ئەوەشدا هەمیشە لە نزیکی هێڵی ئیستیوا دونیا گەرم بێت.