ناوهڕۆك
ئەسیری
ساڵی لەدایكبوون و كۆچی دوایی : ١٨٩٠ز-١٩٦٢ز
ناوی (عەبدولخالق حوسێن نەقشبەندی)یە، نازناوی شیعری (ئەثیری-ئەسیری)یە. لە ساڵی ١٨٩٠ز لە شاری کەرکوک لە گەڕەکی (ئەخی حوسێن) لەدایکبووە و چاوی بە دیمەنە جوانەکانی کوردستان کراوەتەوە و لەناو گوڵزاری خوێندن و زانیاری و ئەدەبدا خونچەی ژیانی پشکوتووە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بۆ خوێندن چووەتە حوجرەی مزگەوت، گەلێک شوێنی کوردستان گەڕاوە بەدوای زانست و فێربووندا، وەک (سلێمانی، بانە، سەقز، سنە، کرمانشان، هەمەدان) لە دواییدا گەڕاوەتەوە شاری کەردکوک، لەماوەی خوێندنیدا فێری گەلێک جۆری زانست بووە، وەک: (ڕێزمانی عەرەبی، ڕەوانبێژی، مەنتیق، ئوسوڵی کەلام). ئیجازەی عیلمی لە مەلا (عەلی حیکمەت سیامەنسووری) وەرگرتووە.
ئەسیری بە نیازی دیدەنی نەجمەدین ئەفەندی برای، خۆی گەیاندۆتە ئەستەنبۆڵ، لەوێ چاوی بە شێخ عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری کەوتووە و جموجۆڵ و چالاکییەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردی دیوە، کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیرانی خوێنگەرمی کورد لەو شارە دەکرا. ئەمە کارێکی گەورەی کردۆتە سەر ئەسیری و عەشقی نیشتمان پەروری لە دڵیدا پەیدابووە.
بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی باوکی لەگەڵ بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهان لە ساڵی (١٩١٨)ز گەڕاوەتە کەرکوک بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروباری تەکیە و ماڵ و خێزانەکەیان.
- ماوەیەک لە دادگای شەرعیەی کەرکوک بە نووسەری یەکەم دامەزراوە.
- لە ١/١١/١٩٥٨ز خانەنشینکراوە.
- لە ڕۆژی ١٨/٦/١٩٦٢ز کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی شێخ محیەدین لە کەرکوک نێژراوە. ئەسیری شاعیرێکی زانستپەروەر بووە، خەڵکی هانداوە بۆ ئەوەی بچن بۆ قوتابخانە و فیری زانست ببن.
لە هۆنراوەکانیدا داوای یارمەتی و کۆمەککردن و یەکیەتی ڕیزەکانی نەتەوەی کوردی کردووە، چونکە زانیویەتی کە گەل بەبێ هاوکاری و یەکیەتی لە کاروانی خەبات و تێکۆشاندا بە ئامانجە رەواکانی ناگات.
ئەسیری وەک شۆڕەسوارێکی مەیدانی ئەدەبی نەتەوەی کورد لە نێوان ساڵەکانی (١٩٢١-١٩٣٤)ز دلێرانە ئەسپی شیعری شۆڕشگێڕی تاوداوە و هۆنراوە ئاگرینەکانی، وەک مەشخەڵی گڕی ئاگری بابەگوڕگوڕ تاریکی کوردستانی ڕووناک کردۆتەوە، لەبەر ئەمە بە شاعیرێکی شۆڕشگیڕی قۆناغی دوای حاجی قادری کۆیی دادەنرێت.
ئەسیری شەیدای دیمەنە جوانەکانی کوردستان بووە، و وێنە و نەقش و نیگاری کوردستانی ڕەنگین، وەستایانە لەناو تابلۆی هۆنراوەکانیدا دەکێشێت وەک لەم هۆنراوەیەدا:
نموونەیەك لە هۆنراوەكانی
بێرە کوردستان
بێرە کوردستان عەزیزم گەر تۆ سەیرانت دەوێ
بتبەمە قەندیل ئەگەر تۆ گوڵزاری کوێستانت دەوێ
سەیری ئەو خێڵانە، کە نیشتوونەتە داوێنی چیا
با بچین بۆ ماڵی کوردی گەر تۆ خوێشانت دەوێ
بتبەمە پای تاقی لای سەر پیل و سەر میل و کرند
پێت پیشاندەم سەد هەزار ئاساری ساسانت دەوێ
ئاوی ساف و ڕۆشنی چەشنەکانی داوێنی چییا
لێی بنۆشە دەم بە دەم، گەر ئاوی حەیوانت دەوێ
لاوی کوردی من، لەبەرکە شاڵی زاخۆ و ئامێدی
گەر تۆ سەد چاتر لە ڕەنگی شاڵی کرمانت دەوێ
هەڵسە گەشتی چیمەن و گوڵزاری کوردستان بکە
گەر لە بۆ دەردی دەروونت داو و دەرمانت دەوێ
ڕۆح و ماڵت سەرفی ڕێگەی میللەتت کە ڕوحەکەم
گەر لە خوا لوتفی عەمیم و وجود و ئیحسانت دەوێ
ئەی ئەسیری هێندە عەشقی میللەتی کوردت هەیە
بشمری لام وایە قەبری گردی سەیوانت دەوێ