کەناڵی سوێس

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-05-21:58:00 - کۆدی بابەت: 3612
کەناڵی سوێس

ناوه‌ڕۆك

کەناڵی ئاوی

کەناڵی ئاوی بریتییە لە ڕێڕەوێک لە نێوان دوو ڕووبەری ئاوی هەڵدەکەنرێت، وەک دەریا و زەریاکان، باشترین نموونە لەسەر کەناڵی ئاوی بریتییە لە کەناڵی سوێس، کە بە کەناڵێکی ئاوی دادەنرێت لە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور. کەناڵەکانی سوێس دابەش دەبن بۆ کەناڵی گواستنەوەی ئاوی و کەناڵی ئاودێری، کەناڵە ئاودێرییەکان بۆ ئاودانی کشتوکاڵ بەکاردێنرێن بە تایبەتی لە ناوچە فراوانەکان، لە کاتێکدا کەناڵەکانی گواستنەوەی ئاوی بەکاردێن بۆ هاتوچۆکردنی بەلەم و کەشتییەکان، لەبەر ئەوە کەناڵەکانی گواستنەوەی ئاوی قەبارەیان گەورەترە، هەروەها درێژیی کەناڵە ئاوییەکان پشت دەبەستێت بە دووری نێوان دوو ڕووبەرە ئاوییەکە، یەکێکی دیکە لەو کەناڵە ئاویانەی کە بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران، بریتییە لە کەناڵی دوبەی، ئەم کەناڵە لەبەر ئەوە دروستکراوە بۆ ئەوەی ببێتە جەمسەرێکی نوێی بازرگانی و گەشتیاری بۆ شآری دوبەی، لەسەر ئاستی جیهانیش کەناڵە ئاوییەکەی شاری ڤینیسیا (بندقیة) لە ئیتاڵیا زۆر ناسراوە، چونکە بە ناوەڕاستی شاری ڤینیسیادا تێپەڕ دەبێت.

زانیاری دەربارەی کەناڵی سوێس

کەناڵی سوێسی ئاوی بە یەکێک لە دیارترین و گەورەترین پڕۆژەکانی جیهان دادەنرێت، لەبەر ئەوەی یەکێکە لە گەورەترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، ئەم کەناڵە دەریای ناوەڕاست بە دەریای سوور دەبەستێتەوە، درێژییەکەی نزیکەی 193کم ـە، لەبەر ئەوە ئەم کەناڵە جیهان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگایەکی نزیکتری دروستکردووە، ئەم کەناڵە بە شارەکانی پۆر سەعید و ئیسماعیلیە و سوێسدا تێپەڕ دەبێت، دوای کردنەوەی کەناڵەکە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان زۆر ئاسانتر بوو و ڕێچکەکەیان زۆر کورتتر بوویەوە، یەکێک لە تایبەتەمەندییەکانی ئەم کەناڵە ئەوەیە کە کەشتییەکان لە هەردوو لاوە پێیدا تێپەڕ دەبن، دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کەناڵەکەش لە ئەستۆی دەزگای کەناڵی سوێسدایە، کە بریتییە لە دەزگایەکی میسری کە سەر بە سەرۆکایەتی وەزیرانی میسڕە، کە بریتییە لەو لایەنەی کە بەرپرسە لە وەرگرتنی باج لەو کەشتیانەی بە کەناڵەکەدا تێپەر دەبن.

کەناڵی سوێس بە بارودۆخی سەختدا تێپەڕیوە لەو کاتەوەی کە دروست کراوە، دوای ئەوەی سەرۆکی میسڕیی ئەوکات ''جمال عبدالناصر'' بە نیشتیمانیکردنی کەناڵەکەی ڕاگەیاند، ئەمە هەر بە ئاسانی تێپەڕ نەبوو، بۆیە میسر بە چەندین جەنگ و بڕیاری سەختدا تیپەڕیوە کە کاریگەری لەسەر ئابووریی و سیاسەتی گشتیی وڵاتەکە هەبووە، دوای ئەم بڕیارەی عبدالناصر بەڕێوەبردنی کەناڵەکە کەوتە دەست دەزگایەکی سەر بە سەرۆکایەتی وەزیرانی میسڕ، کە ناونراوە ''هیئة قناة السویس'' واتە لیژنەی کەناڵی سوێس یان دەزگای کەناڵی سوێس، ئەم دەزگایە سەرپەرشتی چەند کارێک دەکات، دیارترینیان کۆکردنەوەی ئەو باجەیە کە لەو کەشتیانە وەردەگیرێت بە کەناڵەکەدا تێدەپەڕن، ئەم دەزگایە یەکێكە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات لە میسڕ، بە جۆرێک ناوەندی قازانجەکانی کەناڵەکە لە ساڵێکدا دەگاتە 5 بۆ 6 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

بەندەرەکانی کەناڵی سوێس

  • بەندەری ڕۆژهەڵاتی پۆر سەعید.
  • بەندەری ڕۆژئاوای پۆر سەعید.
  • بەندەری سوخنە.
  • بەندەری سوێس.
  • بەندەری ئەدەبیە.

دامەزراندنی کەناڵی سوێس

مێژووی دامەزراندنی کەناڵی سوێس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1859، لەو ساڵەوە کاری هەڵکەندن دەستی پێکرد، کارکردن تیایدا بەردەوام بوو بۆ ماوەی دە ساڵ، تا ساڵی 1869، کۆمپانیایەکی فەڕەنسی سەرپەرشتی کاری دروستکردنەکەی دەکرد، کۆمپانیاکە مافی کارپێکردن و چنینەوەی داهاتی کەناڵەکەی بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ وەرگرت لە بەرامبەر دروستکردنی کەناڵەکە، کاری دروستکردنەکە نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری میسڕیی پێویست بوو، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە نزیکەی 120 هەزار لەو کرێکارانە کۆچی دواییان کردووە لە دەرەنجامی ئەو برسێتی و پەتا و خراپ مامەڵەکردنەی کە تووشی هاتوون لە کاتی کاتی هەڵکەندنەکەدا، یەکەمین بیرۆکە بۆ دروستکردنی ئەم کەناڵە هات بە مێشکی ناپلیۆندا لە کاتی هەڵمەتی فەڕەنسی بۆ سەر میسڕ لە ساڵی 1798ـدا، بەڵام نەیتوانی بیکات بە ڕآستی.

بە نیشتیمانی کردنی کەناڵی سوێس

سەرۆکی میسڕیی بڕیاری بە نیشتیمانیکردنی کەناڵەکەی دا لە ساڵی 1956 و بە دیاری کراوی لە 26ـی تەموزی ئەو ساڵە، بەڵام ئەم بڕیارە پێشوازییەکی ئەرێنی لێ نەکرا لە لایەن زلهێزەکانی جیهانەوە، ئەم بڕیاردانە وەک وەڵامێک بوو بۆ پچڕاندنی پارە و بودجە لە پڕۆژەی بەنداوی بەرز ''السد العالي'' لە میسڕ لە لایەن بانکی نێودەوڵەتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، دوای ئەم بڕیارەی میسڕ کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان سەریان هەڵدا، یەکەمیان بریتی بوو لە بەستنی هەژمارەکانی میسڕ لە ئینگلتەرا و وڵاتانی دیکە، بڕیارەکەی سەرۆکی میسڕ 6 بەندی سەرەکی لەخۆدەگرت، لە پێشی هەموویانەوە بە نیشتیمانی کردنی کۆمپانیای جیهانیی کەناڵی سوێس بۆ کۆمپانیایەکی میسڕی، هەروەها شیکردنەوەی هەموو ئەو لیژنانەی کە ئەوکات کەناڵەکەیان بەڕێوە دەبرد، کاردانەوەکان تەنها لەسەر ئابووری کۆتاییان پێ نەهات، هەر زوو دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و فەڕەنسا و بەریتانیا بڕیاری هاتنە ناوەوەی سەربازیان دا، ئەمە سەرەتای دەستدرێژیی سێ وڵات بوو بۆ سەر میسڕ.

دەستدرێژیی سێ وڵات

جەنگی سوێس هەر وەک میدیاکانی ڕۆژئاوا ناویان نابوو دەستیپێکرد لە 29ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1956، شوێنی ئەم جەنگە لە ناوچەی سینا و سوێس بوو، دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و بەریتانیا و فەڕەنسا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیان لە خاکی میسردا ئەنجام دا وەک وەڵامێک بۆ بڕیاری میسڕ بۆ بە نیشتیمانی کردنی کەناڵی سوێس، سەرەتای ئەم ڕووداوە لە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەی ساڵی 29ـی تشرینی یەکەم بوو کاتێک ئیسرائیل هێرشی سەربازی کردە سەر میسڕ، پاشآن بەریتانیا هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر قاهیرە لە بەرواری 31ـی هەمان مانگ، هەروەها فڕۆکەوانی فەڕەنسی لەسەر سینا دەرکەوت، ئەوەی حاڵەتەکەی خراپتر کرد ئامادە نەبوونی میسڕ بوو بۆ ئەو جەنگە، ڕۆژی شەممە کە دەیکردە 3ـی تشرینی دووەم سەختترین ڕۆژی جەنگ بوو، ئەوڕۆژە فڕۆکە بەڕیتانییەکان ئاسمانی میسڕیان تەنیبوو، جەنگ بەم شێوەیە بەردەوام بوو هەتا ویلایەتە یەکگرتووەکان هاتە ناوەوە و بڕیاری ئاگربەست ڕاگەیەنرا لە حەوتی تشریننی دووەمی ساڵی 1956ز.

میسڕییەکان ناوی دەستدرێژیی سێینەیان نا لەو جەنگەی کە ئیسرائیل و بەریتانیا و فەڕەنسا دژی میسڕ بەرپایان کرد و چوونە زەوی و ئاسمانی میسڕ، ئەم جەنگە بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل ناوچەی سینا داگیر بکات دوای ئەوەی کە سوپای میسڕ لێی کشایەوە، ئەم داگیرکارییە بەردەوام بوو هەتا مانگی سێی ساڵی 1957، بەڵام دەربارەی کەناڵی سوێس، بڕیاری داخستنی ڕاگەیەندرا بۆ ماوەی ٥ مانگ بەهۆی جەنگەوە، لە کاتێکدا دڵنیاکردنەوە پێشکەش کرا بۆ کەشتییە ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بە سوێسدا تێپەڕ ببن، زیانەکان لە بەرەی میسڕدا زۆر قورستر بوون بە بەراورد بە بەرەی سێ وڵاتەکە، ئەم زیانانە لەسەر ئاستی هەریەکە لە سەرباز یان مەدەنی و بێتاوان یاخود لەسەر ئاستی ئەو زیانە مادییانە بوو کە میسڕ تووشی بوون، ئەم جەنگەش دووەمین جەنگ بوو کە لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلدا ڕوویدا، یەکەمیان ئەو جەنگە بوو کە فەلەستین لەسەر زەوییە فەلەستینییە ئیسرائیلییەکان کردی دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی داگیرکەر لەسەر زەوییە داگیرکراوەکان.


سەرچاوەکان

1092 بینین