بێکاری زۆرەملێ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-02:48:00 - کۆدی بابەت: 3814
بێکاری زۆرەملێ

ناوه‌ڕۆك

بێکاری زۆرەملێ چۆنە؟

دابەش دەبێت بۆ چوار جۆر:

بێکاری نەگونجان (بەریەک کەوتن)

واتە کەسانێک توانای کارکردنیان هەیە بۆیە بە دوای کارێکی گونجاو یان باشتر دەگەڕێن، ئەمەش لە کاتێکدا کەوا کاری ئەوتۆ هەیە کە لەگەڵ توانا و شآرەزایی و تەمەنیان دەگونجێت، کەچی ئەو کارانەیان دەست نەکەوتووە، لەبەر ئەوەی نەیانزانیوە کە ئەم کارانە هەیە و لە کوێیە، لە هەمان کاتیشدا خاوەن کارەکانیش هەوڵ دەدەن کرێکاری تر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی جێگای ئەو کرێکارانەیان بۆ بگرنەوە کە خەریکە تەمەنیان بەسەر دەچێ و خانەنشین دەبن یاخود بەهۆی فراوانبوونی دەزگا و کارگەکانیان پێویستیان بە کرێکاری تر هەیە.

بێکاری پەیکەربەندی (ژێرخان)

بەشێک لەو کرێکارە نەشارەزا و ناکارامانە دەگرێتەوە کە ناتوانن کار بکەن لە پیشەسازی و کشتوکاڵی تازە و پێشکەوتوو بەهۆی پێشکەوتنی شێوازەکانی بەرهەمهێنان و ڕانەهێنانی ئەم کرێکارانە، واتە نەگونجانی تواناکانی ئەو کرێکارانە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەو بازاڕی کارە، ئەم جۆرە بێکارییە زۆر دەخایەنێ بۆ کرێکارەکە تا خۆی ڕادەهێنی لەسەر ئەو پێشکەوتنانەی بەسەر ئەم بوارانەدا هاتن.
هەر لە نێو ئەم جۆرە بێکارییە ئەم دەرچووانە دەگرێتەوە کە ژمارەیان زۆر زیاتر لە پێداویستی بەو پسپۆڕیانە وەک ژمارەی زۆری دەرچوان (لە ئەندازیاران، پزیشکان، مامۆستایان، ژمێریاران) کە زۆر زیاترە لە پێداویستی بازاڕ، واتە پەیکەربەند و ژێرخانی ئابووری ناتوانێ ئەو ژمارە زۆرە لەخۆ بگرێ.
ئەم جۆرە بێکارییە زیاتر لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بەرچاو دەکەوێت، چونکە زیادەیەکی زۆری دەستی کاری ناشارەزا و هونەری کەڵەکە بووە کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕدا ناگونجێت، ئەم جۆرە بێکارییە لە ئەنجامی نەبوونی بنەماکانی دیکەی بەرهەمهێنان دروست دەبێ کە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان پێویستە.

ڕەهەندەكانی

دوو ڕەهەندی جیاواز هەیە لەسەر ئەم جۆرە بێکارییە:

  ١- نەگونجان لە نێوان توانای بێکاران و ئەو شارەزاییانەی هەیانە لەگەڵ ئەو پێداویستییەی کە هەلی کار دەیەوێ.
  ٢- نەگونجان لە نێوان ئەو شوێنەی کاری تێدایە و ئەو شوێنەش کە بێکار دەیەوێ کاری لێبکات.

بێکاری ناوبەناو

بێکاری ناوبەناو بە بێكارییەکی زۆرەملێ دادەنرێت و بەستراوەتەوە بە هەڵکشان و داکشانی چالاکی ئابووری کە بە بارگۆڕان ناودەبرێت (Trade Cycle) کە لە کاتی وەستاوی و داکشانەوە دەردەکەوێت، چونکە خواستی هەڕەمەکی لەسەر شمەک و خزمەتگوزارییەکان کەم دەبێتەوە، خاوەن کارەکان هەڵدەستن بە دەستهەڵگرتن لە بەشێک لە کرێکارەکان، ئابووریناسان و بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان بایەخێکی زۆر بەم جۆرە بێکارییە دەدەن، ئەمەش لە ئاکامی ئەو مەترسییە زۆرەی کە لێی دەکەوێتەوە. هەوڵیش دەدەن توانای بەرهەمهێنان دانەبەزێتە خوارەوە، هاوکات هەوڵی بەدیهێنانی ئاستێکی گونجاو دەدرێت لە چالاکییە ئابوورییەکان، کە وادەکات ئەم جۆرە بێکارییە دەرنەکەوێت و کاریگەرییە خراپەکانی کەمتر بێت و کەمتر کاریگەری هەبێت.
هەرچەند ئابووری وڵاتانی تازە پێگەیشتوو زیاتر پێش بکەوێ و پەیکەری ئابووری جۆراوجۆر تر بێت، ئەوا کاریگەرییە بارگۆڕانەکە کەمتر دەبێت لەسەر ئابوورییەکانی دیکە و بە پێچەوانەشەوە ڕآستە.

بێکاریی وەرزی

لە ئاکامی کەمبوونەوەی خواست لەسەر کرێکاران ڕوودەدات، بە واتایەکی تر زیادبوونی خستنەڕووی کارا لە وەرزێکی دیاریکراودا. لەوانەیە وەرزەکانی ساڵ یاخود وەرزێکی تر، کە وادەکات کاتێکی دیاریکراوی لەو ساڵەدا بێکاری زۆر بێت، بۆ نموونە لە زستاندا کرێکارانی خانوو و بیناسازی یاخود لە زستاندا کارمەندانی بواری گەشتوگوزار بێكار دەمێننەوە، کەچی لە وەرزێک کە ئاووهەوا لەبار بێت، واتە کەشێکی دیاریکراو و گونجاو یاخود ئایینی بێت، ئەو کاتانەی گەشتیاران نەبێت کاریان لەدەست دەچێت، ئەم جۆرە بێکارییە لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوودا زیاتر بڵاو دەبێتەوە کە چڕی دانیشتوانیان زۆرە و بە ڕێژەیەکی گەورە پشت بە چالاکی کشتوکاڵی دەبەستن، چونکە پێویستی بە بڕێکی کەمی سەرمایە و ئاستێکی کەمی شارەزایی و تەنکیکی هەیە، زیادبوونی کارمەند و کرێکار لەم کەرتەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی داواکاری لەسەر کرێکار لە وەرزەکانی کشتوکاڵ یاخود دروێنە لە نێوان ئەو دوو ماوەیەشدا بەشێکی زۆری کرێکاران بێکار دەبن.


سەرچاوەکان



1260 بینین