منداڵدان - Uterun

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-29-22:08:00 - کۆدی بابەت: 3909
منداڵدان - Uterun

ناوه‌ڕۆك

منداڵدان 

بریتییە لە ئەندامیکی فراوانی دیوار ماسولکەیی شێوە هەرمێ، لوتکەکەی بۆ خوارەوەیە و بنکەکەی بۆ سەرەوەیە، بۆشایی منداڵدانیش بەشی سەرەوەی بە هێلکەدانەوە بەستراوە، هەروەها لە خوارەوەش بە زێوە بەستراوە، زێش بە مێیە کۆئەندامی زاوزێ بۆ دەرەوە دەکرێتەوە، درێژی منداڵدان لە کاتی لەدایکبوونی کۆرپەلە ٣.٥سم، کێشەکەشی ٧،٥گرامە، پاش ماوەیەکی کورتی دوو هەفتەیی دەست دەکات بە پوکانەوە، بەم شێوەیە دەمێنێتەوە تاوەکو تەمەنی پێگەشتن و بێ نوێژی و سەرهەڵدانی چالاکی جنسی، لەو کاتەدا منداڵدان دووبارە دەست بە گەشە و گەورەبوون دەکات لە ژێر کاریگەری هۆرمۆنەکانی مێینە، بەمەش درێژیەکەی دەبێتە سێ جار و کێشەکەشی دەبێتە ١٠ جارانی پێشوو، واتە بە درێژی ٧.٥سم و پانی ٥سم و ئەستووری ٣سم. لێرەوە سوڕەکانی بێ نوێژی (وەهک-کنج) دەست پێدەکات لە نێوانیاندا سکپڕی و زەیستانی دەبێت تاوەکو ئافرەت دەگاتە تەمەنی ٤٥-٥٥ساڵی، پاشان دووبارە منداڵدان دەپوکێتەوە بەڵام ئەمجارەیان پوکانەوەکەی کۆتایی و دواجارە.

بەشەکانی منداڵدان

  1. بنکەی منداڵدان بریتییە لەو بەشەی کە دەکەوێتە ئاستی سەرووی جۆگەکانی هێلکە.
  2. لەشی منداڵدان بەشی هەرە گەورەی منداڵدانە و بۆشاییەکی گەورەی تێدایە ناسراوە بە بۆشای منداڵدان.
  3. ملی منداڵدان بەشی خوارەوەی منداڵدانە و باریکە و دیواری پێشەوەی زێ دەبڕێت و شلەیەکی لینجیش دەردەدات، بۆشایی ناو ملی منداڵدانیش دوو دەمی هەیە، یەکیان دەمی ناوەوە کە لە سەرەوە کراوەتەوە بۆ ناو بۆشای منداڵدان، دووەمیش دەمی دەرەوەیە کە لە خوارەوە کراوەتەوە بۆ ناو بۆشایی زێ، ئەم دەمەی خوارەوە لەبەر تەسکی ڕێگە نادات کە ئەندامی زاوزێی نێرینە بۆ سەرەوەتر بڕوات کاتی جووتبوون تاوەکو کاتی سكپڕی پاڵەپەستۆ لەسەر پەردەی دەوری کۆرپەلە ناکات و ببێتەهۆی ڕژاندنی شلەی ئەمنیوتی و منداڵبوونی ناتەواو.
  4. ئەرکەکانی منداڵدان شوێنی بێ نوێژی و شوێنی چاندنی ‌هێلکەی پیتێنراوە، شوێنی گەشەی کۆرپەلە و هاتنەدەرەوەیەتی، هەروەها ڕێڕەوی توخمە خانەی نێرینەیە بۆ ناو جۆگەی هێلکە بۆ پیتێن.

پێکهاتەی دیواری منداڵدان

  1. دیواری ناوەوە (Endometrium) ئەویش دوو بەشە بەشی کارئەندامی، کە لەڕووی سەرەوەی دیواری ناوەوەیە و ژمارەیەکی زۆر لە خوێنهێنەری لووی تیایە. ئەو بەشەیە لە کاتی بێ نوێژیدا دادەچڕێ و دێتە خوارەوە وەک خوێنێکی پیس و خانەی مردوو، چینی سەرەکی، ئەو چینەیە کە پاش بێ نوێژی دەمێنێت و چینێکی تری نوێی کارئەندامی دروست دەکات، ئەم چینە جیاواز لە چینەکەی پێشوو بە خوێنهێنەری ڕاست دەورە دراوە.
  2. چینی ماسولکەیی (Myometriun) چینێکی ئەستوور و سەرەکییە و لە ناوەڕاستدایە، لە لووسە ماسولکە پیکهاتووە کە بە سێ تا چوار چین ڕیزبوون، ماسوولکەی منداڵدان بە دوو تایبەتمەندی لە ڕووکار دژ بەیەک ناسراوە لە لایەکەوە توانایی هەیە بۆ شکان بە شێوەیەکی زۆر فراوان، لە سەرەتایی پیتێن منداڵدان تەنها شوێنی ٥ گرام  دەبێت، بەڵام لە کۆتا ڕۆژانی سکپڕی جێگەی زیاتر لە ٥٠٠٠ گرامی هەیە، کە بریتییە لە (قەبارەی کۆرپەلە، شلەی دەوروبەری کۆرپەلە، وێڵاش) ئەوەش بەهۆی کشان و گەورەبوونی ماسوولکەکانیەتی، لەلایەکی ترەوە توانایەکی زۆری هەیە بۆ گرژبوون، کە بەهۆیەوە دەتوانێ سەری کۆرپەلە پاڵ بدات بۆ دەرەوە و دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەم گرژبوونە یەک لە دوای یەکە بۆ ماوەی چەندەها کاتژمێر یان چەند ڕۆژێک بەبێ ماندووبوون بۆ ئەوەی کۆرپەلە ڕووناکی ژیان ببینێت، گەورەیی بۆ ئەو دروستکار و داهێنەر کەڕێگای بە هەموو دروستکراوەکانی نیشانداوە بۆ ئەوەی کارەکانیان بکەن بە ڕێکی و بەبێ ماندووبوون.
  3. چینی دەرەوە-پشتەوە (Perimetrium) چینێکی پەردەییە کە دەکەوێتە ڕووی دەرەوەی دیواری منداڵدان.


سەرچاوەکان



2848 بینین