ناوهڕۆك
جۆرەکانی بیر
سێ جۆر بیرمان هەیە ئەوانیش:
بیری هەستی (الذاکرة الحسیة)
هەستەوەرەکانمان بەردەوام دەوروژێندرێت لەڕێگەی چەندین زانیاری جیاجیا، چاوەکانمان ڕۆژانە چەندین دیمەن دەبینێت، دەستەکانمان هەست بە گەرمی و ساردی و نەرمی و ڕەقی شتەکانی دەوروبەری خۆی دەکات، واتە هەموو وروژێنەرەکانی دەوروبەرمان دەچێتە ناو بیری هەستیمان و بۆ ماوەیەکی زۆر کەم دەمێنێتەوە، ئەم جۆرە بیرە زۆر بەسوودە بۆ یانی ڕۆژانەمان.
بیری هەستی چەندین تایبەتمەندی هەیە لەوانە:
١- ڕێکخستنی گواستنەوەی زانیارییەکان لەنێوان هەستەوەرەکان و بیری کورت خایەن دەتوانێت (چوار یەکەی مەعریفی) لەیەک کاتدا بگوازێتەوە و ئەم یەکە مەعریفیە (وشە یان پیت یان ڕستەیەک بێت).
٢- کۆکردنەوەی وروژێنەرەکان بۆ ماوەیەکی کورت بۆ چەند چرکەیەک دوای نەمانی وروژێنەرەکان.
٣- گواستنەوەی وێنەیەکی ڕاست دروست لە جیهانی دەرەوە لەڕێگەی هەستەوەرەکان، خستنەڕووی زانیارییەکان و کۆد دانان بۆی.
بیری کورت خایەن (الذاکرة القصیرة المدی)
لەم جۆرە بیرە مرۆڤ دەتوانێت ئەو زانیاریانە بیری خۆی بهێنێتەوە دوای ماوەیەکی کورت لە بیستنی یان بینینی، لەگەڵ ئەوەی ئاگای تەواوی لینەبووبێت، مرۆڤ دەتوانێت هەموو زانیارییە ڕوونەکان بە ئاسانی کۆ بکاتەوە تا وادەیەکی کەم.
بیری کورت خایەن دوو کاری هەیە
(یەکەم/ کۆکردنەوەی زانیاریەکان بۆ ماوەیەکی کورت...
دووەم/ هەڵبژاردنی زانیاریەکان بۆ ئەوەی زانیاری مەبەستدار لەناو زانیارییەکان بباتە بیری درێژخایەن) ئەم جۆرە بیرەش چەندین تایبەتمەندی هەیە لەوانە:
- ماوەی کۆکردنەوەی زانیاریەکان سنووردارە بۆ ١٥ تا ١٨ چرکە دەمێنێتەوە.
- وادەی کۆکردنەوەی زانیاریەکان سنووردارە، زانا (میللەر) توانای ئەم بیرەی بۆ هەڵگرتنی زانیاریەکان بە (نۆ یەکەمی مەعریفی) داناوە.
- دوای ١٨ چرکە لە گەیشتنی زانیاریەکان بۆ بیری کورت خایەن، مامەڵەی لەگەڵ نەکرا و دووبارە نەکراوە و مەشق نەکرا بۆ خەزنکردنی، زانیارییەکان لەبیر دەکرێتەوە.
- پەرتەوازەبوونی ئاگا کاتی مامەڵەکردنی لەگەڵ زانیاریەکان لەبیری کورت خایەن، دەبیتە هۆی ئەگەری لەدەستدانی زانیارییەکان.
- خێرایی وەرگرتنی زانیاریەکان بۆ بیری کورت خایەن، زانیاریە کۆنەکان ناچاردەکات بچنە دەرەوەی بیری کورت خایەن، ئەم حاڵەتەش پێی دەوترێت (گۆڕین).
پڕۆسەی کۆد دانان لەبیری کورت خایەن
کۆد دانان لەبیری کورت خایەن، بە سێ جۆر دەکرێت ئەوانیش:
یەکەم/ کۆد دانانی دەنگی: مرۆڤ لەکاتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەوروبەری هەوڵدەدات کۆد بۆ دەنگەکان دابنێت بۆ ئەوەی لێکیان بکاتەوە، بۆ نمونە کۆدی دەنگی بۆ ژمارە (٤) جیاوازە لە ژمارە (٧) و هەردووکیان جیاوازن لە ژمارە (٩)، لەلایەکی ترەوە ئێمە زیندەوەرەکان لەڕێگەی دەنگەکانیانەوە دەناسینەوە ئەگەر وێنەکانیشیان نەبینین.
دووەم/ کۆد دانانی وێنەیی: مرۆڤەکان پەنا دەبەنە بەر جیاکردنەوەی شتەکانی دەوروبەریان بەپێی وێنەکانیان، ئەم جۆرە کۆد دانانە دەناسرێت بەبیری فۆتۆگرافی چونکە مرۆڤ وێنەکان وەک کامێرا دەگرێت و لە بیری خۆی کۆیدەکاتەوە.
سێیەم/ کۆد دانانی واتایی: دەتوانرێت کۆد بۆ وروژێنەرەکانی دەوروبەرمان دابنێین بۆ ئەوەی بە ئاسانی زانیاریەکانمان بیربێتەوە، بۆ نمونە ئێمە کۆد بۆ دەنگی ئافرەت و پیاو و منداڵ بەجیا دادەنێین، زیندەوەرەکان دابەشدەکەین بۆ چەند بەش بەپێی ژیانیان لەدەرەوەی ئاو یان لەناو ئاو ....هتد.
بیری درێژخایەن
توانینی مرۆڤە لە بیرهاتنەوەی زانیاریەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دوور، وەک چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک یان چەند ساڵێک وە هەندێک جارتا درێژایی تەمەنی لەگەڵیدا دەبێت وەک ناوی مرۆڤ و مێژووی لەدایکبوونی یان وشە سەرەتاییەکان.
هێنانەوەی زانیاری لە بیری درێژخایەن چەند ستراتیژیەکی تایبەتی هەیە، وەک (چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاریەکان و پێکهێنانی و دووبارە بەکارهێنانی).