دیاردە گشتییەکانی جیاوازی تاکەکەسی

دیاردە گشتییەکانی جیاوازی تاکەکەسی

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-07-00:55:00 - کۆدی بابەت: 4235
دیاردە گشتییەکانی جیاوازی تاکەکەسی

ناوه‌ڕۆك

جیاوازی تاکەکەسی

کەسەکان لە زۆر ڕووەوە جیاوازیان هەیە، هەموو ڕووەکان کاریگەریان لەسەر یەکتر هەیە، چونکە مرۆڤ پێکهاتەیەکی بایۆلۆژی و دەروونیە، دەتوانین چوار دیاردەی سەرەکی لە دیاردەکانی جیاوازی تاکەکەسیی بخەینەڕوو ئەوانیش:

١- جیاوازی جەستەیی و هەستی

هەموو کەسێک درک بە جیاوازیە جەستەییەکان دەکات، لە خودی خۆی هەستی پێدەکات لەکاتێک بەراوردی جەستەی خۆی لەگەڵ جەستەی کەسانی تر هەست بە بوونی جەندی جیاوازی دەکات، دەتوانین جیاوازیە جەستەییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بخەینەڕوو:

جیاوازی لە درێژی و پێکهاتەکانی لەش، بێگومان هەموو کەسێک پێکهاتەیەکی تایبەتی هەیە لەڕووی درێژی و قەبارەی جەستە و بەشەکانی تری لەشی، ئەوەی سایەنی باسە سروشتی جەستەمان لەڕووی درێژی کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان بۆ نمونە ئەو کەسەی باڵای لە ڕادەی ئاسایی زیاترە زۆرجار زەحمەتی دەبینێت لە دروستکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان، پێچەوانەکەشی ڕاستە. واتە ئەو کەسانەی کورتە باڵان زۆرجار دووچاری کێشە دەبنەوە لەکاتی دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لەلایەکی ترەوە ئەو قوتابیانەی کە لە ڕادەبەدەر قەڵەون یان لاوازن دووچاری کێشە دەبنەوە لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڕێکانیان چونکە دەبنە مایەی گاڵتەجاری لەلایەن کەسانی دەوروبەریان. بۆیە بوونی جیاوازیە جەستەییەکان کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی دەبێت لەڕووی بڕوابەخۆبوون و ڕادەی گونجایی دەروونی و کۆمەڵایەتی.

- جیاوازیە جەستەییەکان لەنێوان هەردوو ڕەگەز: کچ لە تەمەنی (١٢-١٥) ساڵ دەگەنە قۆناغی باڵغبوون بەڵام کوڕ لە تەمەنی (١٤-١٧) دەگەنە قۆناغی باڵغبوون. لەم قۆناغە کوڕەکان باڵاین بەرزتر و کێشیان قورستر دەبێت، کچەکان لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەگەنە لوتکەی گەشەی جەستەییان بەڵام کوڕەکان لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا دەگەنە لوتکەی گەشەی جەستەییان.

- جیاوازی هەستەوەرەکان لەنیوان تاکەکان: کەسەکان جیاوازیان هەیە لە هەستەوەرەکانیان ئەویش بەپێی پێکهاتەی هەستەوەرەکانیان بۆ نمونە هەموو کەس وەک یەک توانای بیستن و بینینیان هەیە بەڵام هێزی بۆنکردنیان و هەستکردنیان وەک یەک نییە، هەرچەندە جیاوازیەکان زۆر کەمە و لای کەسی ئاسایی هەست پێناکرێت بەڵام کاتێک یەکێک لەم هەستەوەرانە لەدەست دەدەین، کاریگەری دەروونی زۆری دەبێت لەسەرمان.

٢- جیاوازی هزری و ئەقڵی

لە کۆنەوە مرۆڤ هەستی بە بوونی جیاوازی لەنێوان کەسەکانەوە کردووە لەڕووی توانای هزریان، کەسەکانیشیان دابەشکردووە بەپێی تواناکانیان، بۆ (بلیمەت، زۆر زیرەک، زیرەکی مامناوەند، کەم ئەقڵ، گەمژە) ئەم دابەشکردنەش یارمەتی زانا دەروونزانەکانی دا بۆ دانانی پێوانەی جیاجیا بۆ زیرەکی بە مەبەستی گۆڕینی تایبەتمەندی جۆری بۆ چەندیەتی، بۆ ئەوەی ڕێژەی توانا ئەقڵیەکان دەستکەوێت، تا بتوانن بەراورد لەنێوان ڕێژەکان دەربخەن جیاوازی لەنێوان تواناکان بخەنەڕوو. زاناکانی بواری دەروونزانی لە دەرئەنجامی تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوەکانیان توانیان پیوانەی تایبەت بە ڕێژەی زیرەکی دابنین، کە لەسەر ئەم بنەمایەش تاکەکانی کۆمەڵ دابەشکران.

٣- جیاوازی لە ئامادەباشی و تواناکان

ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو قوتابیانەی ڕێژەی زیرەکیان وەک یەکە، یان ئەوانەی لە هەمان پۆلدان جیاوازیان هەیە لە توانا جیاجیاکان، بۆ هەندێکیان لە وانەی ئەدەب زیرەکن هەندێکیان لە ڕێزمان هەندێکیان لە بیرکاری و هەندێکیان لە کارە دەستیەکان هەندێکی تریشیان لە وەرزش زیرەکن، واتە لەگەڵ ئەوەی کەسەکان لە توانا گشتیەکان وەک یەکن، بەڵام لە ئامادەباشی و تواناکانیان یەکسان نین ئەگەر بمانەوێت تایبەتمەندیەکانی ئامادەباشی بزانین دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە بیخەینەڕوو:

أ- ئامادەباشی ژینگە و بۆماوە رۆڵی تیدا دەبێنێت بۆ نمونە پێکهاتەی دەستی مرۆڤ بۆماوە لێی بەرپرسیارە، ئەگەر ژینگەیەکی گونجاو هەبێت بۆ ئەوەی کەسەکە مەشق لەسەر نوسینی کۆمپیوتەر بکات، یان مەشق لەسەر لێدانی پیانۆ بکات، ئەوا لە کەسانی تر توانا و لێهاتووی زیاتر دەبێت.

ب- ئامادەباشی گشتی یان تایبەتی دەبێت، بۆ نمونە (ئامادەباشی لە بابەتی بیرکاری یان پزیشکی، یان لە یاری تۆپی پێ یان لە وێنەی ئەندازەیی).

ت- ئامادەباشیەکان بە شێوازێکی سروشتی دابەشببونە لەڕووی بەهیزی و لاوازی، واتە هەندێک کەس لە بوارێک ئامادەباشیان بەهێزە بەڵام هەندێکی تر لاوازە.

پ- ئامادەباشیەکان لە قۆناغی منداڵیدا شاراوە دەبێت و قۆناغی هەرزەکاریش سرەتاکانی سەرهەڵدانی دەبێت، لە تەمەنی (٢٠) ساڵی بەڕوونی بەدیاردەکەوێت، بۆیە پێویستە لەکاتی ئامادەکردنی لاوەکان توانستەکانیان ڕەچاوبکرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بە تەواوی ببینن.

٤- جیاوازی لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکان

مرۆڤ لە منداڵیدا ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکانی جیاواز دەبێت بەهۆی پەیوەندیەکانی لەگەڵ کەسانی دەوروبەری دەیکات، جیاوازیەکانیش لە چەندین ڕووەوە هەستی پێدەکرێت وەک لە جل و بەرگ و شێوازی دەربڕینی هەڵچوونەکان، لە شێوازی پێکەنین، لە مامەڵەکردن لەگەڵ بێگانە و هتد. بۆ نمونە هەندێک لە منداڵان خێرا هاوڕێیەتی دروست دەکەن لەگەڵ کەسانی تر و هەندێکیشیان شەرم لە هەموو کەسێک دەکەن و حەز بە گۆشەگیری دەکەن، لەلایەکی ترەوە لەناو منداڵەکان دەبینرێت هەندێکیان لە هەندێکی تریان شەڕانگێزترن، هەندێکیشیان حەز لە هاوڕێیەتی کەسانی تر ناکەن، هەندێکیشیان حەزدەکەن بەردەوام هاوکاری دەوروبەری خۆیان بکەن.

ئەوەی شایەنی باسە ئەم ڕەفتارانە ئەگەر چی بۆماوە کەم تا زۆر ڕۆڵی تێدا دەبینیت، بلام ڕۆڵی سەرەکی لەم جۆرە ڕەفتارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیەی کە مندالەکان تێیدا ژیاون، بەتایبەتی سیستەمی پەروەردەیی خێزانی، بۆ نمونە ئەگەر هات و دایک و باوک بەردەوام شەڕ و ناخۆشیان لەنێواندابوو لە دوا رۆژدا کاریگەری خراپی لەسەر ڕەوشتی مندالەکان دەبێت. تا مرۆڤیش لە تەمەن گەورەتر بێت ئەوا ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکانی ئاڵۆزتر دەبێت و جیاوازی تاکەکەسی بە ڕووی دەردەکەون، دەتوانین دیارترین جیاوازیەکان بخەینەڕوو لەوانە:

أ- جیاوازی جێندەری: منداڵ لەکاتی لەدایکبوونی هەست بە جیاوازیەکان ناکات، لە قۆناغی منداڵیدا هەر ئەوەنە دەزانێت ئەو کوڕە و خوشکەکەشی کچە، بەڵام لە دەرەنجامی پەروەردەی خێزانی منداڵ فێری جیاوازیەکان دەبێت و بەپیی ئەم جیاوازیانە جیاوازی لە ماف و ئەرکەکانەوە دروستدەبێت.

هەر ڕەگەزێک گروپی تایبەتی خۆی دروستدەکات و هەوڵدەدات سنوری هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوڕەگەزەکانی دروست بکات، ئەویش بەپێی کلتوری کۆمەڵگا. لە قۆناغی هەرزەکاری جیاوازیە بایۆلۆژیەکان بەرچاوتر دەبن و جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکانیش زیاتر دەبن بەجۆرێک شێوازی ڕەفتارکردنی هەردوو ڕەگەز دەستنیشان دەکرێت و هەر لادانێک لە دابو نەریتەکان دەبنە هۆی سزای کۆمەڵایەتی.

- جیاوازی لە پۆستە کۆمەڵایەتیەکان: پێکهاتەی کۆمەڵگا بنیادێکی تەواوە هەر کەسێک لەم بنیادە ڕۆلی خۆی دەگێڕێت، بێگومان هەرکەس ڕۆڵێکی جیاوازی هەیە لە کەسانی تر، واتە هەرکەس پلە و پایەی خۆی هەیە لەم بنیادە کۆمەڵایەتیە، بۆ جۆرێک هەندێکیان ڕۆڵی سەرکردە دەگێڕن لەناو گروپەکە و هەندێکیان خۆیان دوورەپەرێز دەگرن و گوێڕایەڵی فرمانەکان دەبن و هەندێکی تر دژایەتی بارودۆخەکە دەکەن لەناو کۆمەڵگا و وەک ئۆپۆزسیۆن کاردەکەن.

- جیاوازی لە سنوور و قوڵی و پانتایی کۆمەڵ: مرۆڤ لە قۆناغی منداڵیدا پەیوەندیەکانی زۆر سنوردار دەبێت کە خۆی لە خێزانەوە دەبینێتەوە، بەڵام بە بەرەوپێشەوەچوونی لە تەمەن ئەم سنوورە بەرفراوان دەبێت، لە کۆڵان و پاشان لە قوتابخانە پەیوەندی هاوڕێیەتی دروستدەکات، کاتێک دەگاتە قۆناغی گەورەیی لو شوێنی کارکردنی هاوڕێیەکی تر دەدۆزێتەوە، لە دەرەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بوونی کەناڵی پەیوەندی پێشکەوتوو وەک (مۆبایل و هێڵی ئینتەرنێت) سنووری پەیوەندیەکان یەکجار بەر فراوان بووە.

لەلایەکی ترەوە منداڵ لە سەرەتاکانی ژیانیدا پەیوەندی قوڵ و پتەو لەگەڵ خێزانی دەبێت، خۆشەویستی و وەفاداری بە پلەی یەکەم بۆ ماڵباتەکەی دەبێت، پاشان سنوور و وەفایی و قوڵی خۆشەویستیەکەی بۆ کەسانی تر لە دەرەوەی خێزانەوە دەبێت و لە هەندێک حاڵەت سۆز و خۆشەویستیەکان قوڵتر دەبێت لە دەرەوەی خێزان بە بەراورد لەگەڵ ناوەوەی خێزان.


سەرچاوەکان

547 بینین