بەخشین و دیاری - هبة

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-07-01:29:00 - کۆدی بابەت: 4245
بەخشین و دیاری - هبة

ناوه‌ڕۆك

باسی بەخشین و دیاری - هبة

هەر شتێک بداتە یەکێکی تر بێ ئەوەی هیچ لە بەرامبەر وەربگرێ، پێی ئەگوترێ بەخشین. ئینجا ئەگەر لە ڕێگای خوا بیداتێ، هەر پێی ئەگوترێ خێر. ئینجا ئەگەر لە شوێنێک بینێرێ بۆ شوێنێکی تر، هەر پێی ئەگوترێ دیاری.

بەخشین بە هەر ناوێک بێ، هەر سوننەتە (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: تهادوا تحابوا) رواه أبویعلی، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی دیاری بۆ یەکتری ببەن، چونکە دیاری ئەبێتە هۆی خۆشەویستیتان، ئەگەر شتێک بداتە کاربەدەستێک بۆ ئەوەی لە کارێکی ناڕەوادا یارمەتی بدا، یان مافی کەسێکی تری بداتێ، ئەوە پێی ئەگوترێ بەرتیل (عن أبیب هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: لعن الله الراشي والمرشي والرائش) رواه احمد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی لەعنەتی خوا لە بەرتیلدەر و لە بەرتیلخۆر و لە پێکهێنەرەکەیان بدا، بەڵام ئەگەر کارەکەی ڕەوا بوو و مافی کەسی تری لەدەست نەئەدا، بەڵام کاربەدەستەکە بەبێ بەخشیش بۆی نەئەکرد، ئەوە تەنها بۆ کاربەدەستەکە حەرامە.

هەر شتێک فرۆشتنی دروست بێ بەخشینی دروستە، شتی بەخشراو و دیاری و خێر نابێتە موڵکی پێبەخشراوەکە تا پێبەخشراوەکە وەریئەگرێ، پێش وەرگرتن دروستە خاوەن ماڵەکە پەشیمان ببێتەوە (عن أم کلثوم -رضي الله عنها-: بعث النبی ﷺ هدیة إلی النجاشی، فمات قبل أن تصل إلیه، فاستردها) رواه الحاکم والبیهقی، پێغەمبەر ﷺ دیارییەکی بۆ (نەجاشی) نارد، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە دەستی، (نەجاشی) مرد، جا پێغەمبەر ﷺ دیارییەکەی گەڕاندەوە، هەر کاتێک پێبەخشراوەکە بەخشراوەکەی، یان دیارییەکەی، یان خێرەکەی وەرگرت، دروست نییە بۆ خاوەن شتەکە شتە بەخشراوەکە وەربگرێتەوە تەنها ئەگەر دایک و باوک، یان داپیرە و باپیرە بێ، دروستە وەری بگرێتەوە (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: عن النبی ﷺ: لا یحل لرجل مسلم أن یعطي العطیة ثم یرجع فیها إلا الوالد فیما یعطي ولده) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی دروست نییە مرۆڤی موسوڵمان شتێک ببەخشێ، ئینجا وەری بگرێتەوە، تەنها باوک بۆی دروستە ئەو شتەی بەخشیویەتە منداڵی خۆی وەریبگرێتەوە.

سوننەتە باوک و دایک بە یەکسانی شت ببەخشنە منداڵەکانیان، بەڵام کۆمەڵە زانایەک فەرموویانە یەکسانی واجبە (عن النعمان بن بشیر -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: إتقوا الله واعدلوا بین أولادکم) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی لە خوا بترسن و دادپەروەر بن لەنێوان منداڵەکانتان.

هەر کاتێک بە درێژایی تەمەن شتێکی بەخشییە یەکێکی تر، واتە گوتی ئەم شتەم بەخشییە تۆ بە درێژایی تەمەنت، ئینجا کە مردی بۆ خۆم بگەڕێتەوە، یان بە چاوەڕوانی پێی بەخشی، واتە گوتی وا ئەم شتەم بەخشییە تۆ ئەگەر من پێشدا مردم هەر بۆ خۆت، ئەگەر تۆ پێشدا مردی بگەڕێتەوە بۆ خۆم، ئەو شتە هەر بۆ پێبەخشراوەکەیە بە درێژایی تەمەن یان بۆ پێبەخشراوەکەیە بە چاوەڕوانی بۆ میراتگرەکانی ئەو پێبەخشراوەیە لە دوای مردنی، واتە بە هیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی.

ئەگەر پیاوێک خشڵی زێڕ و زیوی کڕی و دایە ئافرەتەکەی خۆی بۆ ئەوەی خۆی پێ بڕازێنێتەوە، ئەو خشڵە نابێتە هی ئافرەتەکە تا مێردەکە بە زوبان ئەڵێ وا بەخشیمە تۆ. ئەویش قبوڵی بکا، جا ئەگەر ئافەرەتەکە و مێردەکە، یان میراتگرەکانیان بووە کێشەیان، مێردەکە ئەیگوت نەمبەخشیوە و هەر بۆ ڕازاندنەوە داومەتێ. ئافرەتەکەش ئەیگوت پێت بەخشیوم هیچ شاهیدیش لە نێوانیاندا نەبوو، ئەوە باوەڕ بە مێردەکە و بە میراتگرەکانی مێردەکە ئەکرێ ئەگەر سوێند بخۆن.


سەرچاوەکان



2203 بینین