ناوهڕۆك
گۆڕینی ئاڕاستە دەروونیەکان چۆن دەكرێ؟
پێش ئەوەی باسی گۆڕینی ئاڕاستەکان بکەین، پێویستە بزانین گۆڕینی ئاڕاستەکان پەیوەستە بە چەند هۆكارێك لەوانە:
١- تایبەتمەندی کەسی خاوەن ئاڕاستە.
٢- سروشتی بابەتی ئاڕاستە.
٣- ئەو بارودۆخەی دەمانەوێت ئاڕاستەکانی تێدا بگۆڕین.
بۆ گۆڕینی ئاڕاستەکان چەند ڕێگایەک هەیە ئەوانیش:
١- گۆڕینی بۆچوونی:
هەموو ئاڕاستەیەک پەیوەست بەو بۆچونەی کە مرۆڤ هەیەتی دەربارەی بابەتەکە بۆ نمونە کەسێکی سەرمایەدار بە ڕوانگەیەکی جیا لە کەسێکی مارکسی سەیری سەرمایە دەکات، ئەگەر بمانەوێت ئاڕاستەکەیان پەیوەستە بۆچوونی کەسەکە بگۆڕین دەربارەی بابەتەکە.
٢- گۆڕین لە بابەتی ئاڕاستە:
ئەگەر خودی بابەتی ئاڕاستە گۆڕانکاری بەسەردا هات و کەسەکە هەستی بەو گۆڕانکاریە کرد ئەوا ئاڕاستەکەی بەرامبەری دەگۆڕێت.
٣- گۆڕینی ئەو کۆمەڵەی کە کەسەکە تێیدایە:
ئەگەر هات و کەسەکە کۆمەڵەکەی خۆی گۆڕی و پەیوەندی بە کۆمەڵێکی نوێ کرد و ئەو کۆمەڵە نوێیە ئاڕاستەی جیایان هەبوو ئەوا کەسەکە ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ کۆمەڵە نوێیەکە بگونجێت.
٤- پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە بابەتی ئاڕاستە:
پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە بابەتی ئاڕاستە یارمەتی کەسەکە دەدات زانیاری ڕاست و دروست کۆبکاتەوە دەربارەی، لە کۆتاییدا ئاڕاستەکانی خۆی بگۆڕێت.
٥- گۆڕینی بارودۆخ:
ئاڕاستەکانی کەس دەگۆڕێت بە گۆڕینی بارودۆخەکان، بۆ نمونە ئاڕاستەی قوتابی سەبارەت بە مامۆستا دەگۆڕێت دوای ئەوەی خۆی دەبێتە مامۆستا.
٦- بەناچار گۆڕینی لە ڕەفتار:
ئەگەر هات و گۆڕینێکی ناچار ڕوودیدا لە ڕەفتاری مرۆڤ، ئاڕاستەکانیشی بەم هۆکارەوە دەگۆڕێت بۆ نمونە کۆچکردنی بە ناچاری لە شاری خۆت بۆ شارێکی تر.
٧- کاریگەری ڕاگەیاندن:
ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گواستنەوەی زانیاری و تیشک خستنە سەر ڕووداوەکان و زۆر زانیاری و ڕاستی پێشکەش بە مرۆڤ دەکات، ئەم زانیاریانەد دەبێتە هۆی ئەوەی ئاڕاستەکانی مرۆڤ بگۆڕێت بەرەو پاڵپشتی یا دژایەتی بابەتی ئاڕاستە.