تێگەیشتنگەلێکی هەڵە دەربارەی دژە خۆر

له‌لایه‌ن: ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-04-20-01:18:00 - کۆدی بابەت: 4659
تێگەیشتنگەلێکی هەڵە دەربارەی دژە خۆر

ناوه‌ڕۆك

دژە خۆر چییە؟

خەڵکی ڕای جیاوازی هەیە دەربارەی بەکارهێنانی دژە خۆر و لەخۆدانی پێش دەرچوون بۆ شوێنی کار و قوتابخانە، هەندێک بە جوانکاری ناپێویستی دادەنێن و هەندێکی تر بەکارهێنانی بەس بە کچان و ئافرەتانەوە دەبەستنەوە، وێڕای هەموو ئەمانە دژە خۆر لەو پێویستیانەیە کە ناکرێ دەستبەرداری بین بۆ پاراستنی پێست لە سوتاندنی خۆر و تیشکەکانی، بەڵکو سودەکانی هەر لێرەدا ناوەستێ و دڵنیایی خاوکردنەوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری گەر ڕۆژانە بەکاربهێنرێت، وە کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی خانە ڕوتەختەکانی پێست بەڕێژەی %40 و کەمکردنەوەی چانسی توشبوون بە شێرپەنجەی بۆیە خانەکان (میلانۆما) کە جۆرێکی تر شێرپەنجەی پێستە بەڕێژەی %50.

ئەمەش لە ڕاستیدا بەسە تا دژە خۆر شایستەی ئەوەبێت ببێتە ڕۆتینی بەیانیان و ڕۆژانەی هەمووان. 

تێگەشتنە هەڵەكان

پێویست نییە لە وەرزی زستانا دژەخۆر بەکار بهێنرێت

زۆرێک پێیان وایە کە دژەخۆر تەنها پەیوەندی هەیە بە وەرزی هاوینەوە، بەڕاددەیەک ڕەنگە هەندێک بەکاری نەهێنن لە ڕۆژێکدا کە ئاسمان هەوراوییە، بەڵام لە ڕاستیدا پێویستە وەکو ڕۆتین هەموو ڕۆژەکانی ساڵ بەکاربهێنرێت بەبێ ڕەچاوکردنی بوونی هەور، یان کەش و هەوا لەو کاتەدا، ئەمەش لەم هۆکارانەی خوارەوەدا دەردەکەوێت. 

١-تیشکی خۆر هەورەکان ئەبڕێت، بۆ تێگەیشتن لەمەش پێویستە بزانین خۆر دوو جۆر تیشکی هەیە کە پێویستە بەکارهێنەری دژە خۆر خۆی لێیان بپارێزێ، ئەوانیش:

ا) تیشکی سەروو بنەوشەیی(UVA) کە توانای هەیە بە چینە قوڵەکانی پێستدا تێبپەڕێت، وە هەور و تەنانەت شوشەی پەنجەرەش تێدەپەرێنێت، هەر ئەویش بەرپرسە لە زیادبوونی توشبوون بە شێرپەنجەی پێست، وە خێرابوونی دەرکەوتنی نیشانەکانی زۆری تەمەن لە لۆچی و پەڵە و جگە لەوانەش لەکاتێکی زووتر لە ئاسایی 

ب) تیشکی بنەوشەیی لە جۆری (UVA) کە ئەمیش هێزی کەمترە لە جۆری یەكەم هەروەها توندی ئەم تیشکە دەگۆڕێت بەپێی وەرزەکان، کە وادیارە کاریگەری لە وەرزی هاویندا زیاترە بە بەراورد بە وەرزی زستان، توانای تێپەڕینی هەیە بە خانە ڕووکەشییەکانی پێستدا و دەبێتە هۆی سوتاندنی و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات. 

٢)دژە خۆر دەتپارێزێت لە  نیشانە پێستییەکانی پیربوون، کە لە بەرامبەردا کەشی وشکی زستان دەرکەوتنیان خێرا دەکات، بۆیەش بەکارهێنانی دژە خۆر لەو ڕۆژانەدا خێرایی دەرکەوتنی هێڵەکان و چرچ و لۆچی کەمدەکاتەوە، لە دەرەنجامی توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکرایەوە کە لەسەر ٩٠٠ کەس کە تەمەنی ٥٥ ساڵیان تێپەڕاندبوو تاقی کرایەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ، دەرکەوت کە بەکارهێنانی ڕۆژانەی دژەخۆر دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری بەشێوەیەکی زۆر. 

شایەنی باسە کەشی زستان نەهێشتنی کاریگەری دژەخۆر خێرادەکات، چون کەشی وشک و با دەبنە هۆی داماڵینی دژە خۆر لەپێست، وەکاریگەرییەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، بۆیەش بەکارهێنانی یەکجار بەر لە دەرچوون لەماڵ لەڕاستیدا بەس نییە و دەبێ نوێ بکرێتەوە و بڕێکی زیاتری لێ بەکاربهێنرێت هەموو ٢ كاتژمێر جارێک یان پاش عەرەق کردنەوە، لەپێناو باشترین خۆپاراستن. 

پێویست بە بەکارهێنانی دژە خۆر ناکات لەکاتێکدا لەماڵەوەیت 

بەکارهێنانی دژەخۆر کورت نابێتەوە تەنها لە دەرچوون لەماڵ یان سەرکەوتنی ئۆتۆمبێل، بەڵکو پێویستە بەکاربهێنرێت لەکاتێکدا لە ماڵەوەیت یان لە باڵەخانەیەکدایت بەشێوەیەکی گشتی، بەتایبەت لەکاتی کارکردن لە نزیک پەنجەرە یان دەرگای شوشەیی، چون تیشکی سەروو بنەوشەیی لە جۆری یەكەم توانسی تێپەڕینی هەیە بە شوشەدا، بۆیە باشترە هەمیشە دژە خۆر بەکاربهێنرێت بەبێ ڕەچاوکردنی شوێنی کەسەکە.

دژە خۆر یارمەتیدەر نییە لە چارەسەری پەڵە 

ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکی پێست ئامۆژگاری دەکات بەوەی چارەسەری پەڵەی سوری تاریک و پێستە ڕەنگ گۆڕاوەکان سودبەخش نابێت گەر دژە خۆریش یەکێک نەبێت لە چارەسەرە پێشنیارکراوەکان.

لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت بوترێت دژە خۆر خودی خۆی چارەسەرە، بەڵام ئەگەری زیادبوونی پەڵەکە کەم دەکاتەوە و لەپێناو ئەوەشدا ئامۆژگاری دەکرێت بەبەکارهێنانی ئەو جۆرانەی کە پارێزەرەی جۆری (SPF30) زیاتر تێدایە و بشپارێزێت لە هەموو جۆرەکانی تیشکی سەروو بنەوشەیی، جگە لەوەش هەریەک لە ماددەکانی ئۆکسیدی زینک و دووەم ئۆکسیدی تیتانیۆم، بۆ ئەوانەشی پێستیان چەورە ڕێنمایی دەکرێن بە بەکارهێنانی ئەو جۆرانەی کە لەسەر ڕەچەتەکەی نوسراوە (non comedogenic).

یان نابێتە هۆی داخرانی کونیلەکانی دەموچاو، کە هەندێک جار دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی نوێ، لەلایەکی ترەوە هەندێک لەو چارەسەرانەی بۆ چارەسەری کەسی توشبوو بەو پەڵانە دەدرێت بەکارهێنانی دژە خۆر پێویستییە و هەمیشەش دەبێ نوێ بکرێتەوە، لەو چارەسەرانەش، پاکژکردنەوەی کیمیاییە، کە پێست زیاتر هەستیار دەکات بەرامبەر تیشکی خۆر، کە پێویستی بە گرنگی پێدان و ئاگاداربوونییەتی تەنانەت هەفتەیەک دوای تەواوبوونی چارەسەرەکەش، بۆ ڕێگری لە زیادبوونی بەرچاوی پەڵەکان. 

منداڵی بچووک پێویستیان بە دژە خۆر نییە

لەڕاستیدا پێویستە دژە خۆر بەکاربهێنرێت بۆ کەسانی پێگەیشتووی پیاو و ژن و تەنانەت منداڵی بچوکیش کە تەمەنیان لە ٦مانگ تێپەڕیوە، تەنها منداڵانی تازە لەدایک بوو، ئەوانەی ٦ مانگیان لە تەمەن تێنەپەڕیوە ناگرێتەوە، بەڕەچاوکردنی پێستە هەستیارەکەیان بەرامبەر چەندین جۆری ئامادەکراوە پێستییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش پێویستە لە تیشکی خۆر بپارێزرێن بەڕێگای تەندروست و کاریگەر، وەکو بەکارهێنانی کەپر و لەبەرکردنی ئەو جلوبەرگانەی کە پێست دادەپۆشن بۆ پاراستنیان لە تیشکی خۆر. 

دژە خۆر نابێتە هۆی کەمکردنەوەی هەڵمژینی ڤیتامین دی لە لاشەدا

بەداخەوە کە دژە خۆر وێڕای بەکارهێنانەکانی و لایەنە ئەرێنییەکانی هەندێک لایەنی نەرێنی هەیە لەوانەش ئەوەیە کە دەبێتە هۆی کەمتر دروسبوونی ڤیتامین دی کە بەزۆری لەش دروستی دەکات لەڕێی بەرکەوتن بە تیشکی خۆر، کە ئەمەش جێی دودڵییە بۆ ئەوانەی پشت بە خۆر دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویستی ڤیتامین دی، بەڵام ئەم کەمییە قەرەبوو دەکرێتەوە بە خواردنی ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی، وە ئەو تەواوکەرە خۆراکیانەی کە بڕی گونجاوی ڤیتامین دی یان تێدایە بەپێی تەمەنی کەسەکە، تەنانەت ئەم ڕێگایانە لە تیشکی خۆر باشترن چون دەبنە ڕێگر لە توشبوون بە شێرپەنجەی پێست.

کرێمەکانی جوانکاری هەمان کاری دژەخۆر ئەنجامدەدەن

ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەکراوەکان و تۆزی جوانکاری جیاواز هەن کە لە ڕەچەتەکانیاندا باس لەوە کراوە کە بڕێکی دیاریکراو بۆ پاراستن لە تیشکی خۆر لەخۆدەگرن، وە هەندێکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوە بەسە بۆ پاراستنی پێست لە تیشکی خۆر.

بەڵام لە ڕاستیدا ئافرەتان پێویستیان بە ٧ هێندەی ئەو بڕە دیاریکراوەیە کە بەکاردەهێنرێن لە کرێمی ئەساس بۆ گەیشتن بەو ڕادەی پاراستنەی کە لەسەری نوسراوە، وە ١٤ هێندەی بڕی بەکارهێنراو لەو تۆزەی کە پاراستن لە دژی تیشکی خۆر لەخۆدەگرێت بۆ گەیشتن بەو بڕە پاراستنەی لەسەری نوسراوە.

بۆیە ڕێنمایی دەکرێن بە بەکارهێنانی دژەخۆر بە شێوەیەکی باش بە هاوسەنگی لەگەڵ بەکارهێنانی هەر ئامادەکراوێکی جوانکاری، بەتایبەت ئەوجۆرانەی کە ئۆکسیدی زینک لە خۆدەگرن، وە ماددەی ئیکامسول و مادەی ئەڤوبینزون یان ئیکتۆکریلین کە وادیارە کاریگەرییەکەی رێکدەکەوێت لەکاتی بەکارهێنانی لەگەڵ جوانکارییەکان، و بە هاوسەنگی لەگەڵ دەستخستنی پارێزگاری پێویست لە تیشکی خۆر.


سەرچاوەکان

277 بینین