خوزامی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-23-14:24:00 - کۆدی بابەت: 4789
خوزامی

ناوه‌ڕۆك

سەرچاوەکەی

ڕووەکێکە لە شێوەی دارێکی بچوکە و لە ناوچە شاخاویەکاندا دەژێت. لە ڕۆژئاوای ئەوروپا و ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست. بە شێوەیەکی بەربڵاو دەچێنرێت لە فەڕەنسا و نەرویج و ئیتاڵیا و ئینگلتەرا لەبەر خۆشی بۆنەکەی، هەروەها ئێستاش لە ئوسترالیا دەچێنرێت بۆ ئەوەی بەکاری بهێنن بۆ بۆن دروستکردن.

ڕۆنەکەی بایەخێکی بازرگانی هەیە لە دروستکردنی بۆن و بەرام و دروستکردنی داودەرمان بە شێوەیەکی پلە دوو. ڕووەکەکە بە شێوەیەکی گشتی بە شێوەی سەوز بۆنی ناوچەکە خۆش دەکات و بە وشک کراوەییش دەکرێتە هاڕاوە (بۆدرە - مسحوق).

زۆر جۆر هەیە لە خوزامی بەڵام ئەوەی بەربڵاوە (lavandula Vera) یە. ئەو جۆرەیان لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست دەڕوێت و پێویستی بەوە هەیە بەردەوام تیشکی خۆری لێبدات، بەو جۆرەیان دەڵێن (خوزامی ئینگلیزی). ئەو جۆرەیان بۆنی زیاترە و خۆشترە و نرخەکەشی زۆر بەرزترە لە جۆری دووەم کە پێی دەڵێن (خوزامی فەڕەنسی). پێشتر ئەم جۆرە لە دەوروبەری شاری لەندەن زۆربوو بەڵام دوایی زۆربەی بڕاوە بۆ ئەوەی شوێنی ئەو دانەوێڵە بچێندرێ بەتایبەتی کاتی جەنگی جیهانی دووەم لە پاشان شوێنەکەی کرا بە خانوی نیشتەجێ بوون بۆ هاوڵاتیان.

مێژووی

ئەگریکەکان ناوی (نارداس - nardus) یان لە خوزامی ناوە کە وەرگیراوە لە وشەی (naarda)، کە شارێکی سوریە. مێژوونووس (پلینی) ناوی بردووە و ڕۆمەکان پێیان وتووە (ئەسارەم - asarum).

دڵۆپاندنی ڕۆنی خوزامی

ڕۆنی خوزامی و بۆنەکەی دەگۆڕێ لەگەڵ گۆڕانی کات و شوێن و وەرزی ساڵ، ئەو کاتەی وشک و گەرم بێت پێش ئەوەی گوڵەکەی بکرێتە گیراوە ئەوا لە نرخ و بەهای بۆنەکەی زیاد دەکات.

پێکهاتەکەی

- لە هەموویان گرنگتر بریتیە لە ڕۆنی زەیتەکەی کە ڕەنگی زەردی سەوزباوە و زۆر جاریش وەک بێ ڕەنگ دیارە، بۆنی تایبەتی خۆی هەیە و تامیشی تفت و تاڵە لەسەر زمان.

- مادەکانی کە لێی پێکهاتووە ئەمانەن (borneol, Geranial, Pinence, Limonene, Tannin, Linalyl Bretyrate, Linalool, Lonalyl acetae, Cineol).

سوودەکانی پزیشکی

١- بۆ دروستکردنی بۆنی تایبەت بە خوزامی دێت.
٢- بەکاردێت وەک هێمنکەرەوە بۆ خاوبوونەوەی ماسولکە پاش شێلان بە زەیتی خوزامی.
٣- هەندێک لە بۆنەکان بۆ زیادکردنی چالاکی و لابردنی پشێوی.
٤- وەک پاککەرەوەیەک بەکاردێت بۆ ژوورەکانی نەخۆش.
٥- بۆ خەوزڕان بەکاردێت.
٦- چالاکی دڵ و جگەر و گورچیلە زیاد دەکات.
٧- بۆنی ناخۆشی لەش و پێست ناهێڵێت.
٨- بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ڕۆماتیزم باشە.
٩- پاککەرەوەی برینە.
١٠- وەک غەرغەرە بەکاردێت بۆ چارەسەری هەوکردنی گەرو و قورقوراگە.


سەرچاوەکان



467 بینین