کالسیۆم - کانزای لەش

له‌لایه‌ن: ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-04-25-16:58:00 - کۆدی بابەت: 4845
کالسیۆم - کانزای لەش

ناوه‌ڕۆك

کالسیۆم چییە؟

کالسیۆم بە یەکێک لە زۆرترین کانزاکانی لەش دادەنرێت، ڕێژەی سەدا ٩٩ـی لە لەشدا لە ئێسک و دداندا خەزندەکرێت، کە کالسیۆم هاوکارە لە پاراستنی پێکهاتەی ئێسک و ئەرکەکانی، زیاتر لەوەش کالسیۆم چەندین ڕۆڵی گرنگی هەیە لە لەشدا: کە گرنگی هەیە لە پاراستنی ئەرکی دەمارەکان و ماسولکەکان و لولەکانی خوێن.
دەکرێت کالسیۆم بەدەست بهێنرێت لە چەندین سەرچاوەی خۆراکی، هەروەها بە شێوەی تەواوکەری خۆراکی و دەرمانیش (وەکو دەرمانەکانی دژە ترشەڵۆک)بەردەستە، بەڵام باشترە ڕۆژانە لە ڕێگەی خۆراکە دەوڵەمەندەکانەوە بەدەست بهێنرێت ئەگەر کرا.

سوودەکانی کالسیۆم چییە؟ 

کالسیۆم چەندین ئەرکی هەیە لە لەشدا:

سوودە تەندروستییەکانی کالسیۆم

سوودەکانی کالسیۆم بۆ لەش لەمانەدا خۆی دەبینێتەوە:

-پاراستنی تەندروستی ئێسکەکان: زۆربەی کالسیۆمی ناو لەش لە (ئێسک و ددان)دایە، وە پێویستییە بۆ پاراستنی ئێسک و گەشەکردنی، کەمی کالسیۆمیش دەبێتە هۆی ڕوودانی لاوازی و  فشەڵبوونی ئێسەکەکان.

-گرژبوونی ماسولکەکان: کالسیۆم یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی گرژبوونی ماسولکەکان، چون کاتێک دەمارەکان ماسولکەیەک هان دەدەن، لەش کالسیۆم دەردەدات بۆ هاندانی پڕۆتینەکانی ناو ماسولکەکە بۆ چوونەوەیەک، کاتێکیش لەش کالسیۆم ڕادەکێشێتەوە لە ماسولکەکە، دەبێتە هۆی پشوودانی.

-پاراستنی تەندروستی دڵ: کالسیۆم ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە خوێن مەیاندن و وەستاندنی خوێنبەربوون، پڕۆسەی خوێنمەیاندن پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و چەندەها پێکهاتە لەخۆ دەگرێت کە یەکێکیش لەوانە کالسیۆمە، هەروەها کالسیۆم یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی گرژبوونی ماسولکەکانی دڵ، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ خاوبوونەوەی لووسە ماسولکەکانی ناو لولەکانی خوێن، تێبینی ئەوەش کراوە کە بەدەستهێنانی بڕێکی زۆری کالسیۆم ڕاستەوانەیە لەگەڵ دابەزینی پەستانی خوێن

سوودەکانی کالسیۆم بۆ منداڵان

تاکە هەلی دروستبوونی ئێسکێکی بەهێز قۆناغی منداڵی و هەرزەکارییە، ئەو منداڵانەشی کە ژیانیان بە وەرگرتنی بڕی پێویستی کالسیۆم دەستپێدەکەن لەکاتی گەورەبووندا ئێسکێکی بەهێزتریان هەیە، ئەمەش دەیانپارێزێت لە فشەڵبوونی ئێسک لە دوایین قۆناغەکانی ژیاندا، وە منداڵان و تازە لەدایکبووان پێویستیان بە بڕی پێویستی کالسیۆم و ڤیتامین دی هەیە تا پارێزراو بن لە نەخۆشی ئێسکە نەرمە، کە ئەویش نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی نەرم بوونەوەی ئێسکەکان و چەمینەوەی قاچەکان و لاوازی گەشەکردنیان، وە ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردنی ماسولکەکان و لاوازیان.

سوودەکانی کالسیۆم بۆ ئافرەتانی دووگیان

کالسیۆم پێکهاتەیەکی گرنگە بۆ لەش لەکاتی دووگیانیدا، کە دایکەکە پێویستی بە بڕێکی زیاتری کالسیۆمە بۆ پاراستنی تەندروستی خۆی و کۆرپەلەکەی، ئەو کۆرپەلەیەش لە منداڵدانی دایکیدا خەریکی گەشەکردنە پێویستی بە کالسیۆمە بۆ دروستبوونی ئێسک و ددانەکانی، هەروەها پێکهاتەیەکی گرنگیشە بۆ پاراستنی دڵی منداڵەکە و ماسولکەکانی و دەمارەکانی و هۆڕمۆنەکانی.
لەبەرئەوەی ئافرەتی دووگیان کالسیۆمی لەشی خۆی دەبەخشێت بە منداڵەکەی بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئایا دایکەکە بە بڕی پێویست کالسیۆم وەردەگرێت یان نا منداڵەکە بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی ئەو بڕە کالسیۆمەی کە پێویستی پێیەتی، بۆیە ئەو بڕەی دایکەکە پێویستیەتی لە کالسیۆم زیاد دەکات لەم قۆناغەدا، خۆ ئەگەر بڕی پێویست وەرنەگرێت ئەوا ڕەنگە چەندین کێشەی بۆ دروست بکات، لەو کێشانەش ئەوەیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازی ئێسک و زیادبوونی مەترسی توشبوون بە فشەڵبوونی ئێسکەکان لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا.

سەرچاوە خۆراکییەکانی کالسیۆم

دەکرێت کالسیۆم لە چەند جۆرێکی جیاوازی خواردن و خواردنەوەوە وەربگیرێت، لەوانەش:
-شیر 
-ماست 
-پەنیر
-جێگرەوەکانی شیری پاڵپشت، وەکو شیری سۆیا.
-سەردین و سەلەمون 
-شەربەتی میوەی دەوڵەمەند بە کالسیۆم
-نانی بەیانیان کە کالسیۆم لەخۆ بگرێت
-تۆفو
-سەوزەواتی گەڵا سەوز وەکو : برۆکلی، جەرجیر، گەڵای لفت، کەلەرم.
-پاقلەمەنییەکان و چەرەسات
-گەنمەشامی 
-تۆو و بوندوق، کونجی و چای.

چی دەبێتە هۆی کەمی کالسیۆم؟

دەتوانرێت باوترین هۆکارەکانی کەمی کالسیۆم بەم شێوازەی خوارەوە ڕوون بکرێتەوە:

-زیادبوونی تەمەن، کە مەترسی توشبوون بە کەمی کالسیۆم زیاد دەکات.

-کەم خواردنی کالسیۆم بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، بەتایبەت لەکاتی مناڵیدا.

-خواردنی ئەو دەرمانانەی دەبنە هۆی کەم هەڵمژینەوەی کالسیۆم و چەند دەرمانێکی تریش، وەکو: فینیتۆین، فینۆباربیتاڵ، ریفامپین، کۆرتیکۆستیرۆیدەکان و ئەو دەرمانانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەری بەرزبوونەوەی بڕی کالسیۆم لە لەشدا، وە هەندێک دەرمانی چارەسەری کیمیایی.

-بەرگەنەگرتنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالسیۆم.

-گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان بەتایبەت لە ئافرەتاندا، بۆ نمونە کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین دوای کۆتاییهاتنی سوڕی مانگانە.

-هەندێک کارتێکەری بۆماوەیی. 

-بەدخۆراکی و هەڵنەمژینەوەی کالسیۆم، یان کەم هەڵمژینەوە. 

-کەمبوونەوەی ڤیتامین دی کە پێویستە بۆ هەڵمژینەوەی کالسیۆم.

-هەوکردنی پەنکریاس.

-بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی مەگنیسیۆم لە خوێندا.

-بەرزبوونەوەی ئاستی فۆسفات لە خوێندا.

-کردەی گواستنەوەی خوێنی چەندبارە بوەوە.

_سێپتیک شۆک (شۆکێکە لە دەرەنجامی بڵاوبوونەوەی هۆکارەکانی نەخۆشی بە هەموو لەشدا ڕوودەدات).

-لەکارکەوتنی گورچیلە. 

-کورتهێنانی ڕژێنی پاراسایرۆیدی کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو هۆڕمۆنانەی بەرپرسن لە ڕێکخستنی ئاستی کالسیۆم لە خوێندا. 

-بڕینی بەشێک لە ڕژێنی پاراسایرۆیدی وەکو بەشێک لە نەشتەرگەریەک کە ئامانجی بڕینی بەشێک لەڕژێنی سایرۆیدە.

-نەخۆشی فشەڵبوونەوەی ئێسک، کە ڕەنگە ڕووبدات لەپاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ زیادەڕەوی لە چالاکی ڕژێنی پاراسایرۆید.

نیشانەکانی کەمی کالسیۆم چین؟

لە قۆناغەکانی سەرەتای کەمی کالسیۆمەوە ڕەنگە کەسەکە هەست بە هیچ نیشانەیەک نەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لێکەوتەکانی زیاد دەکەن لەگەڵ بەرەوپێشچوونی حاڵەتەکەدا، چون کەمی کالسیۆم کار لە هەموو بەشەکانی لەش دەکات، وە دەبێتە هۆی چەند لێکەوتەیەکی زۆر توند لەوانەش:

-شێواوی و لەدەستدانی یادگە.
-هەستکردن بە سڕی  لە دەستەکان و پێیەکان و دەموچاو.
-خەمۆکی.
-وڕێنە و خەیاڵکردن.
-کەشەنگبوونی ماسولکەکان.
-لاوازی و پوکانەوەی نینۆکەکان.
-لاوازی ئێسک و شکانی ئێسک بە ئاسانی.

چەند کارتێکەرێک کە کار لە هەڵمژینەوەی کالسیۆم دەکەن

لە ڕیخۆڵەکاندا هەموو کالسیۆمی ناو خواردەمەنییەکان هەڵنامژرێت، بەڵکو تەنها لەسەدا ٣٠ی کالسیۆمەکە هەڵدەمژرێتەوە، ئەوەش دەگۆڕێت بەپێی ئەو خۆراکەی بەکارهێنراوە، ڕەنگە چەند کارتێکەرێکی تریش کاریگەریان هەبێت لەوانە:

-بڕی بەکارهێنراوی کالسیۆم: چون بە زیادبوونی بڕی کالسیۆمی وەرگیراو، رێژەی هەڵمژینی کەمدەکات.
-تەمەن: ڕێژەی هەڵمژینەوەی کالسیۆم لە منداڵی بچووک و تازە لەدایک بوودا دەگاتە لەسەدا ٦٠، چون پێویستیان بە بڕێکی زیاترە بۆ دروستکردنی ئێسکەکان، لە تەمەنی پێگەیشتندا ڕێژەکە کەمدەبێتەوە بۆ لە سەدا  (١٥-٢٠)، وەبەردەوام ڕوو لە کەمیە بە زیادبوونی تەمەن، بەڵام دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ کە هەڵمژینەوەی کالسیۆم زیاددەکات بەشێوەیەکی سروشتی لەکاتی دووگیانیدا.
-وەرگرتنی ڤیتامین دی: ڤیتامین دی یارمەتیدەری هەڵمژینەوەی کالسیۆمە، ئەکرێت ئەم ڤیتامینە لە خواردنەوە دەستبخرێت، هەروەها پێستیش توانای دروستکردنی هەیە لەکاتی بەرکەوتن بە تیشکی خۆر بە بڕی پێویست.

پێکهاتەکانی تری ناو خۆراک

دەکرێت هەندێک پێکهاتەی ناو هەندێک خۆراک پەیوەندی هەبێت بەکالسیۆمەوە، ئەو پێکهاتانەی کە دەبنە ڕێگر لە هەڵمژینەوەی کالسیۆم وەکو ترشی فایتیک و ترشی ئۆکسالیک.
لەو خۆراکانەی کە بڕێکی زۆری ترشی ئۆکسالیکیان تێدایە وەکو سپێناخ ، پەتاتە، ڕێواس و فاسۆلیا، بەڵام ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ترشی فایتیک بەرهەمەکانی دانەوێڵەی کامڵ کە ڕیشاڵ و کەپەک و تۆو و بوندوقیش لەخۆدەگرێت. وە هەریەک لەم پێکهاتانە بەڕێژەی جیاواز کار لە هەڵمژینەوەی کالسیۆم دەکەن، بۆ نمونە دۆزراوەتەوە کە خواردنی سپێناخ و شیر بەیەکەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەڵمژینەوەی کالسیۆمی ناو شیرەکە، لەبەرامبەردا بەرهەمە گەنمییەکان نابنە ڕیگر لەبەردەم هەڵمژینەوەی کالسیۆم.


سەرچاوەکان

225 بینین