سپیکردنەوەی پارە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-06-08:48:00 - کۆدی بابەت: 5196
سپیکردنەوەی پارە

ناوه‌ڕۆك

کۆکردنەوەی پارە

لە جیهاندا زۆر کەس لە هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی داراییدان، هەوڵ دەدەن بە تێپەڕبوونی کات پارەی زیاتر و زیاتر بەدەست بهێنن لە ڕێگای وەبەرهێنان و وەکارخستن و کۆکردنەوەی ئەو پارەیەی کە مانگانە و ساڵانە بەدەستی دەهێنن، هەروەها هەندێک کەس هەوڵ دەدەن مەزەندەیەکی دارایی خۆیانیان هەبێت تاوەکو بزانن خەرجییەکانیان چەند بووە لە بەرامبەر پاشەکەوتەکانیاندا، دوای کۆکردنەوەی داهاتەکەیان هەڵدەستن بە وەبەرهێنان لەو پارەیەدا ئەگەر هەلیان بۆ بڕەخسێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا لەوانەیە پەنا ببرێتە بەر شێوازی نایاسایی و ناڕەوشتی بۆ بەدەستخستنی پارە و داهات، یەکێک لەو کێشانەی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە بە شێوەی نایاسایی داهات بەدەست دەهێنن، بریتییە لە دۆزینەوە و چاودێریکردنیان لە لایەن دامەزراوە ئەمنی و یاساییەکانەوە، ئەوەش لە ڕێگەی چاودێریکردنی ئەو پارەیەی کە مامەڵەی پێوە دەکەن.

سپیکردنەوەی پارە چییە؟

چالاکییەکی ئابووری نایاسایی کە زۆرینەی کات گروپ و باندە تاوانکارەکان پەنای بۆ دەبەن بریتییە لە سپیکردنەوەی پارە، کرداری سپیکردنەوەی پارە بۆ گۆڕینەوە و ''پاککردنەوەی'' ئەو پارەیەیە کە لە کار و چالاکییە نایاساییەکاندا بەدەستهاتوون، پاشان ئەو پارەیەی دوای کردارەکە وەدەست دەکەوێت دەتوانرێت بە شێوەیەکی سەلامەتتر سوودی لێ ببینرێت، بەم شێوەیەش بەرگێکی یاسایی دەکرێت بە بەری پارە نایاساییەکەدا، چونکە کاتێک بە شێوەیەکی نایاسایی بڕێکی زۆری پارە مامەڵەی پێوە دەکرێت لە لایەن گروپ و باندە نایاساییەکانەوە، شوێنپێ هەڵگرتن و دۆزینەوەی گروپەکە ئاسان دەبێت لە لایەن دامەزراوە یاسایی و ئەمنییەکانەوە، ئەویش لە ڕێگەی چاودێریکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە مامەڵەی پێوەکراوە، چونکە هەر دراوێکی کاغەزی لە لایەن هەر حکومەتێکەوە دەربچێت ناونیشان و کۆدی تایبەتی لەسەرە کە چاودێریکردنی دراوەکە ئاسان دەکات(ئەم چاودێریکردنە لە بڕە پارە زەبەلاحەکاندا دەکرێت ئەنجام بدرێت), بەڵام پاش سپیکردنەوەی پارە نایاساییەکە دۆزینەوەی تاوانباران گران دەبێت و شوێن پێیان ون دەبێت، ئیدی هەڵگری پارەکە دەتوانێت بە ئازادی بەکاری بێنێت، دەکرێت کردارەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت، بەڵام سپیکردنەوەی پارە کارێکی ئاسان نییە و بە یەکێک لە کردارە داراییە ئاڵۆزەکان دادەنرێت کە پێویستی بە شارەزاییەکی فراوان هەیە لە سیستەمە دارایی و یاسایی و نێودەوڵەتییەکاندا، کەسی ئەنجامدەر پێویستە کەلێنی یاسایی و دارایی بدۆزێتەوە و بتوانێت بە سەلامەتی سپیکردنەوەی پارە لەو کەلێنانەوە ئەنجام بدات.

کرداری سپیکردنەوەی پارە پشت دەبەستێت بە کۆمەڵێك (ناوەند-وسیط) کە وەک پردێکی پەڕینەوە وان و بەکار دەهێنرێن بۆ گۆڕینی پارە نایاساییەکان بۆ پارەی یاسایی، لە دیارترین ناوەندە داراییەکان بریتین لە: بانک، دامەزراوە داراییەکان، کۆمپانیاکانی نێوەندگیری دارایی و کۆمپانیاکانی حەواڵەکردن، وە لە دیاترین ئەو کارە یاساییانەی کە پارەی نایاساییان تێدا بەکار دەهێنرێت بریتیین لە کڕین و فرۆشتنی پشکی کۆمپانیا و دامەزراوەکان، هەروەها چوونە نێو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، یاخود بەکارهێنانی دراو بۆ کڕینی کانزا گرانبەهاکان و پاشان دووبارە فرۆشتنەوەیان، دەربارەی سپیکردنەوەی پارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، زۆر جار پشت دەبەسترێت بە کۆمپانیا فرە ڕەهەندەکان (ئەوانەی کە لە زیاتر لە بوارێکدا کار دەکەن) بۆ گواستنەوەی پارەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بە شێوەیەکی یاسایی.


سەرچاوەکان



2274 بینین