دیاردەی کارپێکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-09-12:32:00 - کۆدی بابەت: 5241
دیاردەی کارپێکردنی منداڵ
منداڵ و پەروەردە

کارپێکردنی منداڵ ، دیاردەی کارپێکردنی منداڵ ، چارەسەرکردنی دیاردەی کارپێکردنی منداڵ ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

کارپێکردنی منداڵ

کارپێکردنی منداڵ چەند کارێکن کە منداڵ پێی هەڵدەستن لە کاتێکدا بە ئەرکێکی گران دادانرێت لەسەر منداڵەکە و تووشی مەترسیان دەکات، کارپێکردنی منداڵ پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە، چونکە کارپێکردنی منداڵ یەکێکە لە دیارترین پرسەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگا، لەبەر ئەوەی یان هۆکارێکە بۆ بێبەش بوونی منداڵ لە خوێندن، یاخود دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە تووشی کێشەی گەورە بێت بەهۆی ئەنجامدانی خوێندن و کار لە یەک کاتدا، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە هەندێک بازرگانی کردن بە منداڵەوە لەخۆدەگرێت کە دەبێت بنبڕ بکرێن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دانیان پێدانراوە وەک کارە نایاساییەکان دوورخستنەوەی منداڵان و فرۆشتنیان و بازرگانی کردن پێیانەوە، هەروەها بەکارهێنانیان لە ململانێ چەکدارەکان یاخود کارە بەدڕەوشتییەکان (وەک سێکس) و هیتر، هەروەها ئەو کارانەش دەگرێتەوە کە منداڵ لە خوار تەمەنی یاساییەوە ئەنجامی دەدات.

هۆکاری بڵاوبوونەوەی دیاردەی کارپێکردنی منداڵ

کارپێکردنی منداڵ یەکێکە لە دیارترین ئەو کێشانەی کە کۆمەڵە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاریان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کردووە و هەوڵیان داوە بڵاوبوونەوەی ڕێگری لێبکردێت و زۆرترین هەوڵ دراوە بۆ بنبڕ کردنی، ئەمەش لەبەر باوەڕیانە بەوەی کە ئەو چین و تەمەنە مافی ژیانێکی مرۆڤانەیان هەیە کە گونجاوە لەگەڵ تەمەن و قۆناغەکەیان.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی دیاردەی کارپێکردنی منداڵ

  • پێویستیی خانەوادەکان بە داهاتێکی زیادە تا بتوانن خواردن و پێویستییە گرنگەکانیان دابین بکەن.
  • کەمیی و نەگونجاوی کار بۆ گەورەکان.
  • زیاتربوونی بەرهەمی کشتوکاڵی لەو دەستی کارەی کە هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە خانەوادەکان منداڵەکانیان بخەنە نێو کەرتی کشتوکاڵ تا داهاتێکی زیاتر پەیدا بکەن.
  • کەمیی کرێی کارکردنی منداڵ، لەبەر ئەوەی کە منداڵان کەمتر دەتوانن سکاڵا بکەن دەربارەی موچەکانیان بە بەراورد لەگەڵ گەورەکاندا.
  • نەبوونی دەسەڵاتی زۆربەی خێزانەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن.
  • باوەڕ هێنانی زۆر خێزان بەوەی کە خوێندن و قوتابخانە سەرکەوتن و سوود ناهێنێت بۆ منداڵەکانیان، بەڵکو کار ژیانێکی شیاو  بۆ منداڵەکانیان فەراهەم دەکات.
  • کۆچکردنی بەردەوامی منداڵان و جێگیر نەبوون لە شوێنێکی دیاریکراودا، ئەمەش دەبێتە هۆی بێبەشبوونیان لە خوێندن و تۆمار نەکردنی ناویان لە قوتابخانە، بەم جۆرەش ناچار دەبن ڕووبکەنە کار.

چارەسەرکردنی دیاردەی کارپێکردنی منداڵ

ئەنجامدانی کاری بەرەنگاربوونەوەی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە هەوڵ و ماندوبوونی هەموو دەزگاکانی دەوڵەت هەیە، ئەمەش لە پێناو پاراستنی منداڵان لەم دیاردەیە و فەراهەم کردنی یارمەتی بۆیان و گەیاندنیان بە مافی خوێندن و ژیانێکی خۆشگوزەران و هیتر.

دیارترین ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کارپێکردنی منداڵ

  • گۆڕینی ڕوانگەی گشتیی کۆمەڵگەکان دەربارەی ئەم پرسە، چونکە کاتێک کۆمەڵگاکان زانینێکی قووڵیان بۆ ئەم دیاردەیە دەبێت و دەزانن منداڵ تووشی چ مامەڵەیەک دەبێت لە ژینگەی کاردا، بێگومان زاناتر دەبن و هەوڵی زیاتر دەدەن و سوور دەبن لەسەر وەستاندنی ئەم کێشەیە و داوای حکومەتی وڵات دەکەن بۆ ئەوەی یاسا و چاکسازی و کۆت و بەندی باش دابنێت کە پشتگیری نەهێشتنی ئەم دیاردەیە دەکات.
  • دروستکردنی لیژنەی چاودێریکرنی تایبەت و بەرپرس لە لیکۆڵینەوە و پارێزگاری کردنی منداڵان و ڕێگریکردنیان لە کارکردن و زیادکردنی ڕۆشنبیریی لە لای خەڵک دەربارەی کاریگەریی و مەترسییەکانی کارکردنی منداڵان.
  • پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گرنگەکان و خوێندن بۆ ئەو منداڵانە تاوەکو ئەگەری سەرکەوتن تیایاندا بەرز ببێتەوە، لەبەر ئەوەی لە کاتی سەرقاڵ بوونی منداڵ بە خوێندن و ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە، کاتێکی بەتاڵ نامێنێت بۆ چوونە سەر کار.
  • پێشکەشکردنی هاریکارییە پێویستەکان بۆ ئەو خانەوادە هەژارانەی کە ناچارن منداڵەکانیان بنێرن بۆ ژینگەی کارکردن تاوەکو داهاتێکی ڕۆژانەیان هەبێت.

کاریگەرییەکانی دیاردەی کارپێکردنی منداڵ

زۆربەی کات بەهۆی کارکردنەوە منداڵان کاریگەرییەکی نەرێنیان لەسەر دروست دەبێت، شآیەنی باسە کە بازرگانیکردن بە منداڵەوە هەمیشە بەهۆی بیانووی داراییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی هەبوونی پرسی کۆمەڵایەتی دیکەوەیە، وەک ئەو چینەی کە منداڵەکە لێیەوە هاتووە، بەپێی ئەمەش دەکرێت مەودای کاریگەریی دیاردەی کارپێکردنی منداڵ باس بکرێت و ڕوون بکرێتەوە.

  • توشبوونی منداڵ بە پێشێلکردنی جەستەیی وەک برین و شکاوی  و سووتاوی و گێژبوون و شەکەتی، یاخود کاریگەریی دەروونی، وەک خەوی ناخۆش و ترسی لەڕادەبەدەر.
  • دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، بە تایبەت بۆ کچانی پێش تەمەنی پێگەیشتن، هەروەها دووگیانبوونی پێشوەختەی ناحەز و لەباربردن. هەروەها توشبوونی منداڵ بە نەخۆشیی گواستراوە لە ڕێگای سێکسەوە لە ڕێگای پەیوەندییە سێکسییەکانەوە، وەک ئایدز، بەم شێوەیەش منداڵ لەسەر ڕێگا دەردەچێت و ئاڵوودەی کحول و ماددەی هۆشبەر دەبێت.
  • ئازاری جەستەیی کە منداڵەکە تووشی دەبێت، وەک سزای جەستەیی و مامەڵەی دەروونی خراپ، بۆ نموونە ''سووککردن'' و لۆمەکردن و هێرشکردنی زارەکی، تێبینیی خراپ لەسەردان و زەلیلکردن.
  • پشتگوێخستنی سۆزداریی منداڵەکان، وەک بێبەشبوون لە سۆزی خێزانیی و خۆشەویستی، بەم شێوەیەش ئەمە دەبێتە هۆی بێ ئومێدی و گۆشەگیری.
  • پشتگوێخستنی جەستەیی، وەک دابین نەکردنی خۆراکی پێویست بۆ منداڵەکان، هەروەها جل و بەرگ و پەناگە و چارەسەری پزیشکی.
  • لەدەستدانی بەهرە و ئامادەگییە فێرکارییەکان، بەم شێوەیەش ژیانی نەهامەتی و هەژاری تیایاندا هەر بەردەوام دەبێت.


سەرچاوەکان



2769 بینین