فریاگوزاری سەرەتایی بۆ لەهۆشچوون

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-05-23-13:31:00 - کۆدی بابەت: 5490
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ لەهۆشچوون

ناوه‌ڕۆك

لەهۆشخۆچوون (بورانەوە)

بورانەوە ڕوودەدات کاتێک کەسێک هۆشی لەدەست دەدات بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، ئەویش بەهۆی نەگەیشتنی بڕی پێویستی ئۆکسجین بە خانەکانی مێشک، بە گشتی لەهۆش خۆچوون چەند چرکەیەک بۆ چەند خولەکێک دەخایەنێت، وە ڕەنگە کەسەکە هەست بە سەرسوڕهاتن و بێ هێزی و یان دڵ تێکەڵهاتن بکات پێش ڕوودانی لەهۆشخۆچوونەکە، لەوانەیە کەسەکە پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نەبێت و خۆی چەند خولەکێک پاش بورانەوەکە بەهۆش خۆی بێتەوە، بەڵام ئەگەر هۆکاری بورانەوەکە نەخۆشییەک بێت ئەوکات توشبووەکە پێویستی بە چارەسەرە.

نیشانەکانی لەهۆشخۆچوون

بورانەوە ڕوودەدات لە کاتی لەدەستدانی هۆش بە شێوەیەکی لەناکاو، چەندین نیشانە هەن کە بەر لە بورانەوە ڕوودەدەن وەکو هەستکردن بە قورسی پێیەکان و شڵەژان و و ڕوودانی ناڕوونی لە بینین و سەر گێژ خواردن و دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە و باوێشکدان و عەرەق کردنەوە و هەستکردن بە گەرم داهاتنی لەش، هەروەها چەند نیشانەیەک دەر دەکەوێت لەسەر کەسەکە پاش بورانەوە وەکو کەوتن یان دابەزینی پەستانی خوێن یان لاوازی لێدانەکانی دڵ یان ڕوودانی بێ ڕەنگی پێست.

هۆکارەکانی بورانەوە 

لەکاتی ڕوودانی کەمی ئۆکسجینی گەیشتوو بە مێشک ئەوکات مێشک دەستدەکات بە وەستاندنی گەیشتنی خوێن بە ئەندامە نا چالاکەکانی لاشە لە پێناوی ئەوەی پارێزگاری لە وروژمی خوێن بکات بۆ ئەندامە چالاکەکان، کە هەر ئەمەش هۆکاری لەهۆش خۆچوونەکەیە،کە چەندین هۆکار هەیە کە دەبنە هۆی بورانەوە، لەوانەش:

  • تووشبوون بە شۆکێکی سۆزداری یان ترس.
  • ئازاری زۆر.
  • دابەزینی لەناکاوی پەستانی خوێن.
  • کەمبوونەوەی شەکری خوێن.
  • وشکبوونەوە.
  • ڕوودانی ناتەواوی لە هەناسەدان.
  • بەپێوە وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر.
  • وەستان بە خێراییەکی زۆر. 
  • ئەنجامدانی کارێکی زۆری جەستەیی لە کەش و هەوایەکی گەرمدا.
  • کۆکە.
  • فشار لە دەر ئەنجامی جوڵەی ڕیخۆڵەکان.
  • فێ.
  • ئەو دەرمانانەی کاردەکەن بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن وەکو دەرمانەکانی هەستیاری یان دژە قەلەقی یان خەمۆکی یان دەرمانەکانی چارەسەری بەرزە پەستانی خوێن.
  • نەخۆشی شەکرە.
  • نەخۆشییەکانی دڵ.
  • ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.
  • ناڕێکی لێدانەکانی دڵ.
  • قەلەقی.
  • نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سی.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ لەهۆشخۆچوون

ڕەنگە بورانەوە هیچ مەترسییەک لەسەر نەخۆشەکە دروست نەکات، وە ڕەنگیشە بەهۆی ڕوودانی تێکچوونێکی گەورەی دڵەوە ڕووی دابێت، بۆیە پێویستە چارەسەری لەهۆشخۆچوون بکرێت بە شێوەیەکی خێرا بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان، چەند فریاگووزارییەکی سەرەتاییش هەیە بۆ لەهۆشخۆچوون، وەکو:

  • ئەگەر کەسەکە هەستی کرد دەبورێتەوە لەکاتی هەستکردنی کەسەکە بەو نیشانانەی پێش لەهۆشخۆچوونن پێویستە لەسەریان پاڵ بکەون یان دانیشن و خێرا هەڵنەستنەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بوورانەوە، هەروەها سەریان بکەنە نێوانە ئەژنۆکانیان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەهۆشخۆچوون.
  • پێشکەشکردنی فریاگوزاری سەرەتایی بوورانەوە بۆ کەسێکی تر ئەگەر کەسی لەهۆشخۆچوو پێکراو نەبوو و هەروەها دەیتوانی هەناسە بدات، ئەوە پێویستە بخرێتە سەر پشت و دواتر پێیەکانی بەرز بکرێتەوە بۆ سەر ئاستی دڵ بە سی سانتیمەتر، هەروەها پێویستە پێڵاو و ئەو جلانەی کە کەسی لەهۆشخۆچوو ناڕەحەت دەکەن دابکەندرێن، بەڵام ئەگەر کەسەکە نەیتوانی هەناسە بدات پێویستە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فریاکەوتنی خێراوە بکرێت یان دەستکردن بە کرداری ژیاندنەوەی دڵی و سیی، وە ئەگەر کەسەکە توشی پێکان هاتبوو بە هۆی بوورانەوەکەوە ئەوە پێویستە چارەسەری ڕووشان و برینەکان بە شێوەیەکی گونجاو بکرێت، ئەگەر نەخۆشەکە تووشی خوێنبەربوون بوو پێویستە چارەسەری خوێنبەربوونەکە بکرێت لەرێگەی پەستان خستنە سەر شوێنی خوێنبەربوونەکە.


سەرچاوەکان



4829 بینین