بەربەستی دەنگ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-27-14:56:00 - کۆدی بابەت: 5572
بەربەستی دەنگ

ناوه‌ڕۆك

خێرایی دەنگ

خێرایی دەنگ بریتییە لەو دووریەی کە دەنگ دەیبڕێت لە یەکەیەکی کاتدا، کاتێک کە پلەی گەرمی 20 پلە بێت، خێرایی دەنگ لە هەوادا دەگاتە 343 مەتر لە چرکەیەکدا، ئەم خێراییە بە پلەی گەرمی کاریگەر دەبێت، بە کورتی خێرایی دەنگ بریتییە لە خێرایی بڵاوبوونەوەی شەپۆلەکانی دەنگ لە هەوادا، خێرایی دەنگ لە ماددەیەکەوە بۆ ماددەیەکی دیکە دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی کە لە گازەکاندا کاتێکی زیاتری پێدەچێت بە بەراورد بە شلەکان، زۆرترین خێراییشی لە ناوەندە ڕەقەکاندایە.

بەربەستی دەنگ چییە؟

بەربەستی دەنگ دەنگێکە کە وەک دەنگی هەورەگرمە وایە، کاتێک مرۆڤ گوێی لێدەبێت کە فڕۆکە یان جۆرێک لە جۆرەکانی هەڵگر بە خێراییەکی زیاتر لە خێرایی دەنگ دەگوازرێتەوە لە هەوادا، ئیدی لەو کاتەدا بەربەستی دەنگی شکاندووە، هەوا (وەک هەر ڕێگریکەرێکی دیکە) کاردانەوەی دەبێت لەگەڵ جووڵەی ئەم تەنانە بە هەوادا، گەردیلەکانی هەوا بە خێراییەکی زۆر دوور دەخرێنەوە و فڕێدەدرێنە دوورەوە دوای ئەوەی بە توندی بەر تەنە جووڵاوەکە دەکەون، ئەم شێوەیەش شەپۆلێکی شۆک دروست دەکات.

پێویستە ئەوە بزانین کە ئەو دەنگەی کە لە خێرایی دەنگدا دروست دەبێت تەنها لەو کاتەدا نییە کە بەربەستی دەنگ دەشکێت، بەڵکو هەتاوەکو تەنەکە بە خێراییەکی زیاتر لە دەنگ بڕوات ئەو دەنگە هەر بەردەوام دەبێت. بەڵام ئەم دەنگە تەنها بەو کەسە دەگاتە کە لە دوای شێوە قووچەکییەکەوەیە لە دوای تەنە جووڵاوەکەوە، کاتێک تەنەکە دەجووڵێت، شێوە قووچەکییەکە لەگەڵیدا دەجووڵێت و تەنها ئەوانەی لە دواوەن گوێیان ئەو کاریگەرییەیان پێدەگات، بۆیە هەر کات تەنەکە چاودێرێک تێدەپەڕێنێت، دوای تێپەڕینەکە بە ماوەیەکی کەم کەسەکە گوێی لە دەنگی شکاندنی بەربەستی دەنگ دەبێت.

بوارە کارتێکەرەکان لەسەر بەربەستی دەنگ

هەریەکە لە بارستایی و قەبارەی فڕۆکە کاریگەرییان لەسەر بەربەستی دەنگ هەیە، هەروەها درێژیی فڕۆکەکەش کاریگەریی هەیە، هەروەها هەتا فڕۆکەکە پانتر بێت دەنگەکە بەهێزتر دەبێت، پەستانی هەوا و پلەی گەرمییەکەی و ئاڕاستەی با ـیش کاریگەریان لەسەر بەربەستی دەنگ هەیە.


سەرچاوەکان



2145 بینین