یوساکو مەیزاوا

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-04-02:19:00 - کۆدی بابەت: 5738
یوساکو مەیزاوا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یوساکو مەیزاوا بازرگانێکی ملیاردێری ژاپۆنی و هەروەها کۆکەرەوی هونەرە (art collector)، لە ساڵی 1998 کۆمپانیای ستارت تودەی (Start Today) دامەزراند، هەروەها لە ساڵی 2004 وێب سایتیکی فرۆشتنی کەرەستەی مۆددەی دامەزراند کە ئێستا یەکێکە لە گەورەترین وێبسایتەکانی ژاپۆن، لە بەرواری کانونی دووەمی ساڵی 2020 داهاتی یوساکو مەیزاوا بە 2 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا، هەروەها بیست و دووم دەوڵەمەندترین دانیشتووی ژاپۆنە.

سەرەتای ژیانی

مەیزاوا لە ساڵی 1991 لە قوتابخانەی دواناوەندی وەسیدا جوتسوگیۆ (Waseda Jitsugyo) دەستی بە خوێندن کرد، لە قوتابخانەدا مەیزاوا باندێکی موزیکی دروست کرد کە ناوی سویچ ستایل (Switch Style) بوو، کەتێیدا مەیزاوا تەپڵ لێدەر بوو، ئەم گرووپا موزیکییە یەکەم بەرهەمیان لە ساڵی 1993 بڵاوکردەوە، مەیزاوا پاش ئەوەی کە قوتابخانەی تەواوکرد بڕیاریدا کە نەچێتە زانکۆ و بەڵکو لەگەڵ هاوڕێ کچەکەیدا گەشت دەکات بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لەوێ هەڵدەستێت بە کۆکردنەوی سی دی و تۆمارکراوەکان، لە ساڵی 1995 دەگەڕێتەوە بۆ ژاپۆن، ئەو بەرهەمانەی کە کۆیکردبوویەوە دەبن بە سەرەتایەک بۆ بنیادنانی کۆمپانیاکەی، کە هەڵدەستا بە بە فرۆشتنی ئەو بەرهەم و سی دییانەی کە لەدەرەوەی وڵات لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە هاوردەی دەکرد.

پیشە

لە ساڵی 1998 مەیزاوا کۆمپانیایەی دامەزراند بەبۆنەی هاوردەکردنی سی دی و ئەلبومەوە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە، کۆمپانیاکە ناوی ستارت تودەی (Start Today) بوو، لەهەمان ساڵدا باندەکەی گرێبەستێکی لەگەڵ (BGM Japan)ـدا بەست، لە ساڵی 2002 کۆمپانیای ستارت تودەی بوو بە پلاتفۆڕمێکی ئۆنلاین و دەستی کرد بە فرۆشتنی جل و بەرگ، لە ساڵی 2004ـدا مەیزاوا وێب سایتێکی تری کردەوە بەناوی زۆزۆتاون (Zozotown).

لەم دواییانەدا مەیزاوا براندی زۆزۆ (ZOZO)ـی ڕاگەیاند کە جلێکە بە ناوی زۆزۆ سوت (ZOZOSUIT) کە هەڵدەستێت بە پێوانەکردنی قەبارەی لەشت.

مەیزاوا وازی لە کۆمپانیای زۆزۆ هێنا کاتێک ٪50.1 پشکەکانی لە ئەیلولی ساڵی 2019 بە کۆمپانیای سۆفت بانک (SoftBank) فرۆشت بەبڕی 3.7 ملیار دۆلار (400 ملیار یەن)، هەروەها ٪30 پشکەکانی تایبەت بەخۆی لە کۆمپانیای زۆزۆدا فرۆشت بە کۆمپانیای یاهوو ژاپۆن (Yahoo Japan).

دامەزراوەی هونەری سەردەم

مەیزاوا دامەزرێنەری (دامەزراوی هونەری سەردەم - Contemporary Art Foundation)ـە لە تۆکیۆ، کە لە ساڵی 2012 دامەزراوە و ئامانجەکەی بریتییە لە "هاندانی هونەرمەندە گەنجەکان کە پایەی جیلی نوێی هونەری سەردەمن"، دامەزراوەی هونەری سەردەم ساڵانە دوو پێشانگا دەکاتەوە، لە مانگی مایسی ساڵی 2016 مەیزاوا سەرنجی میدیاکانی بۆخۆی ڕاکێشا بەبۆنەی فرۆشتنی تابلۆیەک لە زیادکردنێکدا (مەزاد) بەبڕی 57.3 ملیۆن دۆلار، کە وێنەی شەیتانە و لەلایەن ژۆن میچێڵ (Jean-Michel Basquiat)ـەوە دروستکراوە، هەروەها لە ساڵێ دواتردا و لە مایسی ساڵی 2017 ڕیکۆردەکەی خۆی شکاند کە دووبارە تابلۆیەکی تری فرۆشت بە 110.5 ملیۆن دۆلار، کە وێنەیەکی کەللەسەرێک بوو لەلایەن هەمان نیگارکێشی پێشووەوە کێشرابوو.

گەشتکردنی بەدەوری مانگ

لە 17 مانگی ئەیلولی ساڵی 2018 بڵاوکرایەوە کە مەیزاوا یەکەمین سەنرشین و گەشتیار دەبێت کە گەشتبکات بە دەوری مانگدا کە ناوی گەشتەکە بریتییە لە پڕۆژەی دیەرموون (dearmoon project)ـە، کە گەشتەکە بە کەشتی ستارشیپی کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX Starship) ئەنجامدەدرێت، کە ئەم کەشتییە لە ساڵی 2017ـەوە لە بەرهەمهێناندایە، گەشتەکە لە ساڵی 2023 ئەنجامدەدرێ و نزیکەی 6 ڕۆژ دەخایەنێت، سەرەتا مەیزاوا بڕیاریدابوو کە 6 هونەرمەند لەگەڵ خۆی ببات وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی هونەری، بەڵام لە مانگی مارتی ساڵی 2021 بڵاوی کردەوە کە سەرنشینەکان کەسی ئاسای دەبن.

ئەرکی وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی

لە مانگی نایسی ساڵی 2021 مەیزاوا بڵاوی کردەوە کە لەگەڵ سەرکێشەکانی بۆشایی ئاسمان (Space Adventures) گەشت دەکات بۆ وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی کە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2021 ئەنجام دەدرێت.

خاوەنی زۆرترین ڕیتویت

لە کانونی دووەمی ساڵی 2019 مەیزاوا بوو بە خاوەنی زۆرتین ڕیتویت لە تویتەرەکەیدا، کە بڵاویکردبوویەوە بڕی یەک ملیۆن یەن (واتا 9300 دۆلار) دەدات بە 1000 کەس کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵدەبژێردرێن، بەڵام دەبێت ئەو کەسەی کە هەڵدەبژێردێت تویتەکەی مەیزاوا ڕیتویت بکات و فۆڵۆوی بکا، بەم بۆنەیەوە زیاتر لە 4 ملیۆن خەڵک تویتەکەی مەیزوایان ڕیتویت کرد و فۆڵۆویان کرد.


سەرچاوەکان



972 بینین