پەڕەی بەکارهێنەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-10-01:30:00 - کۆدی بابەت: 5819
پەڕەی بەکارهێنەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەڕەی بەکارهێنەر بریتییە لە کۆکراوەی زانیاری و تایبەتمەندی دەربارەی بەکار‌هێنەرێک یاخود کەسێک، پەڕەی بەکارهێنەر زانیاری گرنگ لەخۆ دەگرێت کە بەکاردەهێنرێت بۆ ناسینەوەی کەسێک، زانیارییەکان کە لە پەڕەی بەکار‌هێنەردا هەن بریتین لە ناو، تەمەن، وێنەی کەسی، هەروەها چەند تایبەتمەندییەکی تر وەک ئەو بوارەی کە باشە و شارەزایی تێیدا هەیە.

پەڕەی بەکارهێنەر زیاتر لە سۆشیاڵ میدیاکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام و لینکد ئین بەکاردێت، کە هەر کەسێک بە ویستی خۆی ئەو زانیاریانەی کە دەیەوێت لە پەڕەی تایبەت بەخۆی نیشانی دەدات.

لە کۆمپیوتەر و سیستمە کارپێکەرەکاندا (operating systems) پەڕەی بەکارهێنەر بەکاردێت بۆ پۆلێنکردن و جیاکردنەوەی فایل و دۆکیۆمێنت و تایبەتمەندییەکانی هەر بەکارهێنەرێک لە سیستمێکدا، کە زۆرجار لەم حاڵەتانەدا وشەی پەڕەی بەکارهێنەر پێی دەوترێت ئەکاونت (account) کە یارمەتی بەکارهێنەرەکان دەدات لەگەڵ سیستمەکەدا بگونجێن.

هەروەها پەڕەی بەکارهێنەری فیزیکی هەیە کە بۆ ناسینەوەی کەسەکان بەکاردەهێنرێن و لە شێوەی دۆکیۆمێنتی فیزیکیدان، وەک مۆڵەتی شۆفێری، پێناس و پاسپۆرت، یان هەر دۆکۆمێنتێکی تر کە کەسێک بە شێوەیەکی یاسایی بناسێنێت.

مێژوو

سەرەتای پەڕەی بەکارهێنەر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی پاسپۆرت، یان دۆکیۆمێنتی ناساندن (ID - identity document) کە لە ساڵی 1920 پاش جەنگی جیهانی یەکەم بە ناچاری دروستدەکرا، لەو کاتەدا پاسپۆرت وەک تۆمارێکی فەرمی حکومەت بەکاردەهێنرا، بەڵام لە ئێستادا پاسپۆرت بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنریت و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەک پیناسێکی یاسایی سەیردەکرێت.

جۆرەکانی پەڕەی بەکارهێنەر

  • پەڕەی بەکارهێنەر دەکرێت هەرجۆرێک بێت بەڵام مەرجە زانیاری یان تایبەتمەندییەکی بەکارهێنەرەکەی تێدابێت، ئەو سۆشیاڵ میدیایانەی کە پەڕەی بەکارهێنەر بەکاردە‌هێنن، وەک فەیسبووک و ئینستاگرام.
  • ئەکاونت، کە لە سیستمە کارپێکەرەکاندا بەکاردێت وەک ویندۆوس و ماک ئۆ ئێس.
  • هەروەها پەڕە بەکارهێنەرە فیزیکییەکان وەک پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری.

سۆشیال میدیاکان

سۆشیال میدیاکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام، پەڕەیەکی بەکارهێنەری پێشکەوتوویان دروستکردووە، کە وادەکات تایبەتمەندییەکانی کەسێک بزانیت بەبێ ئەوەی ڕووبەڕوو بینیبێتت، هەروەها ئەم هەموو تایبەتمەندی و زانیارییانەی کە بەکارهێنەران لە پەڕەکانی خۆیاندا دەینووسن سۆشیاڵ میدیاکان بەکاریان دەهێنن بۆ ناساندنی بەکارهێنەران بە کەسانی تر کە نایانناسن بەڵام هەمان حەز و ئارەزوویان هەیە.

زانیارییە داواکراوەکان لە سۆشیاڵ میدیایەکەوە بۆ سۆشیاڵ میدیایەکی دیکە دەگۆڕێت، بۆیە تا ئێستا نازانرێت بە چەندێک زانیاری دەتوانرێت بوترێت پەڕەی بەکارهێنەر، بەڵام هەموو سۆشیال میدیاکان لەکاتی دروستکردنیاندا داوای وێنەیەکی کەسی دەکەن، بەڵام لە ئێستادا زۆر کەس وێنەی خۆی دانانێت، بەڵکو وێنەی هونەرمەند و ئەکتەرەکان دادەنێت.

کەسایەتییە کاریگەرەکان (هاندەرەکان) - Influencers

کەسایەتییە کاریگەرەکان یاخود (SMI - Social Media Influencers)ـەکان، ئەو کەسانەن کە ناسراو و دیارن و کاریگەرییان هەیە لەسەر کەسەکان لەڕێگەی ئەو پۆست و تویتانەی کە لە سۆشیاڵ میدیاکان دەیکەن، ئەم کەسانە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا زۆر جار خاوەنی ڕێژەیەکی زۆر لە شوێنکەوتوو (فۆڵۆوەر)ـن، هەروەها ئەم کەسایەتیانە وەک خاوەن هەڵوێست و بیرۆکە سەیردەکرێن، بازاڕگەری کاریگەر (Influencer marketing) لە ساڵی 2018 زیاتر دەرکەوت بەبۆنەی ئەوەی کە سۆشیاڵ میدیای ئینستاگرام یەک ملیار بەکارهێنەری تێپەڕاند، هەروەها لە گوگڵدا زیاتر لە 60 هەزار گەڕان بۆ وشەی (Influencer marketing) کرابوو، بازاڕگەری کاریگەر (بە ئینگلیزی: Influencer marketing) بریتییە لەو بازاڕگەرییەی کە کەسێکی دیار و بەناوبانگ هەڵدەستێت بە ڕیکلام کردن یان بەکارهێنانی بەرهەمێکی کۆمپانیایەک یان گرووپێکی دیاریکراو بە مەبەستی ڕاکێشانی کڕیاری زیاتر بۆ بەرهەم و کۆمپانیاکە.

لە کەسایەتییە کاریگەرەکان لە بواری وەرزشدا وەک کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ (Cristiano Ronaldo)، لە هۆڵیوددا وەک دواین جۆنسۆن (Dwayne Johnson) و کایلی جێنەر (Kylie Jenner)، کە ئەم کەسایەتییانە هەر یەکەیان زیاتر لە 200 ملیۆن فۆڵۆوەریان هەیە.

پەڕە بەکارهێنەرە دیجیتاڵییەکان

پڕۆگرام و سیستمە نوێیەکان بۆ هەر بەکارهێنەرێک پەڕەیەکی بەکارهێنەر یان ئەکاونتێکی تایبەت دروستدەکەن، کە هەر ئەکاونتێک لە ئەکاونتێکی تر ناچێت و بەکارهێنەر دەتوانێت بە ویستی خۆی دەستکاری بکات، یەکەم پەڕەی بەکارهێنەر کە لە سیستمدا بەکارهێنرا لە سیستمی ویندۆوز ئێن تی (Windows NT)ـدا بوو.

جۆرەکانی ئەکاونت

بەڕێوبەر - Administrator

ئەکاونتی جۆری بەڕێوبەر، دەسەڵاتی هەیە بەسەر هەموو بەشەکانی سیستمەکەدا، زۆر جار یەکەمین ئەکاونتە لە سیستمەکاندا، هەروەها بەدەست ئەم ئەکاونتەیە کە بتوانرێت ئەکاونتی تر دروستکرێت، بەبۆنەی ئەوەی کە ئەم ئەکاونتە سەرەکییە و هەموو توانایەکی هەیە بۆیە زۆرجار بە ئاسانی ڤایرۆس دەڕواتە ناو سیستەمەکەوە.

میوان – Guest

ئەکاونتی جۆری میوان رێگە بە کەسەکان دەدات کە بتوانن سیستمەکە بەکاربهێنن بەڵام ناتوانن هەموو کارێک ئەنجامبدەن وەک سڕینەوە یان دابەزاندنی پڕۆگرام، لە هەندێک سیستمدا وەک سیستمی ماک ئۆ ئێس، ئەکاونتی میوان پێویستی بە دانانی پاسۆرد نییە و هەموو کارەکانیان لەلایەن ئەکاونتی بەڕێوبەرەوە سەرپەرشتی دەکرێن، ئەکاونتی میوان زیاتر لە شوێنە گشتییەکاندا بەکاردەهێنرێت، وەک کتێبخانەکان.


سەرچاوەکان



1061 بینین