محەمەد ڕەزا شەجەریان

له‌لایه‌ن: - ڕابەر سالار - به‌روار: 2021-07-18-02:16:00 - کۆدی بابەت: 5940
محەمەد ڕەزا شەجەریان

ناوه‌ڕۆك

شەجەریان

محەمەد ڕەزا شەجەریان یەکێکە لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی وڵاتی ئێران لە جۆری مۆسیقای سوننەتی، بە نازناوی "مامۆستای ئاوازی ئێران" و "خسرو اواز ایران" ناسراوە، زۆرێک لە خەڵکی ئەو بە باشترین مۆسیقاکار و گۆرانیبێژی مێژووی ئێران دەزانن هەم لە ڕووی هونەر و هەم لە ڕووی کەسایەتییەوە، شەجەریان خاوەن پێگەیەکی نێودەوڵەتییە و ناوی بۆ هەمیشە لە مێژوو دەمێنێتەوە. 

لەدایکبوون ئەیلوولی ١٩٤٠
شوێنی لەدایکبوون مەشهەد - ئێران
کۆچی دوایی ٨/١٠/٢٠٢٠
هۆکاری کۆچی دوایی شێرپەنجەی گورچیلە
ئارامگا ئارامگای فیردەوسی، توس، خوراسان، ئێران
پیشە هونەرمەند، فێرکار، مۆسیقاژەن، مامۆستا، قورئانخوێن، گۆرانیبێژ، خۆشنووس
هاوسەر فرخنده گل افشان - کتایون خوانساری
منداڵ ٥ منداڵ
واژوو Shajarian signature2.png

ژیان

محەمەد ڕەزا شەجەریان لەدایكبووی ساڵی ١٩٤٠ـی شاری مەشھەدی ئێرانە، ئاواز دانەر، گۆرانی بێژ، و خۆشنووسێکی بەناوبانگی سەردەمی نوێی هونەری ئێرانە و سەدان خەڵاتی بەنرخی ھەیە لەو بوارانەدا، لە ساڵی ٢٠١٠ بە یەکێك لە ٥٠ دەنگەکەی سەدەی ٢٠ ناسێنرا و لە ئێران نازناوی (خسروی اواز)ـی ئێرانی پێ بەخشراوە و لە جیهاندا دوو خەڵاتی گرامی (Grammy awards)ــی هونەری پێبەخشراوە. 

ئەو مامۆستانەی کە محمد ڕەزا لایان ئاواز فێر بووە (عبداللە دەوامی، اسماعیل مھرتاش، نور علی برومند) بوون، شەجەریان لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا دوای سەرکەوتنەکانی هاوسەرگیری لەگەڵ فرخنده گل افشان دەکات و پێکەوە دەبنە خاوەنی سێ کچ و کوڕێک بە ناوەکانی (فەرزانە، موژگان، ئەفسانە، هومایون)، کە کوڕەکەی بووەتە جێگری باوکی و یەکێکە لە دیارترین دەنگەکانی سەدەی بیست و یەکی وڵاتەکە و وەک باوکی دەنگێکی نێودەوڵەتی هەیە. 

دوای دەست کردن بە خۆش نووسین لای چەند مامۆستایەک دوای ٣ ساڵ توانی پلەی نایاب وەربگرێت، باوکی محەمەد ڕەزا ئاواتەخواز بوو کە ناوی بنەماڵەی شەجەریان زیاتر لە خوێندنەوەی قورئان دەربکەوێت و پەرەی  پێبدرێت بەهۆی دەنگخۆشی کوڕەکەیەوە، بەڵام محەمەد ڕەزا بە ناوی خوازراوی (سیاوش بیدگانی) لە ڕادیۆیەک بە گۆرانی و مۆسیقا دەست بەکاربوو، پاش ماوەیەک باوکی ڕەزامەندی بۆ دەربڕی کە بە ناوی بنەماڵەکەیانەوە (شەجەریان) دەربکەوێت و ناوی خۆی بڵێت.

لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٦ شەجەریان بە ڕووخسارێکی جیاواز و موویەکی کورتەوە دەرکەوت، و زۆربەی ڕاگەیاندنەکان وتیان تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە، شەجەریان لەو نەورۆزەدا وتی: "منیش لەگەڵ میوانێکی ١٥ ساڵە ساڵەهای ساڵە بووین بە ناسراو و هاوڕێ پێکەوە، ئێستاش لەبەر ئەوەیە لێرەم و بە پێی دەستورەکانی ئەوە ئاوا مووی سەرم کورت کردۆتەوە و بووم بە کەسێکی گوێڕایەڵ، تا ماوەیەکی کە لێرە دەبم چونکە ئارامیەکی باشم هەیە و لێرە زۆر دڵخۆشم، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم میوانە بگەینە ڕێککەوتن ان شاء اللە کە گەشتیەنە ڕێککەوتن بەڕێدەکەوم و بۆلای ئێوە هاونیشتمانیانی ئازیز و درێژە بە کارە هونەریەکانم دەدەم".

لە دەیەی سەرەتای ژیانی بەهۆی ئەو دەنگ خۆشیەی کە هەیبوو لای باوکی دەستی کرد بە پەروەردەکردن و پەرەپێدانی هێزی دەنگی کە ئەوکات باوکی قورئانخوێنێکی بەناوبانگ بووە.

دەیەی دووەمی ژیانی

لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بۆ یەکەم جار دەنگی قورئان خوێندنی لە ڕادیۆی خۆراسان پەخش کرا، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا چووە بەشی پەروەردەی سەرەتایی لە مەشهەد و هەر لەو ساڵە لەگەڵ مامۆستایەکی مۆسیقا ئاشنا بوون، دوای وەرگرتنی دیبلۆم لەو بەشە بە شێوەی کاتی دامەزرا و دەستی بە وانە وتنەوە کرد، لەو کاتەدا لەگەڵ سەنتور ئاشنا بوو و دواتر بە شێوەیەکی گشتی فێربوونی لای جەلال ئیخباری دەست پێکرد.

دەیەی سێهەمی ژیانی

شەجەریان لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا دوای سەرکەوتنەکانی لەگەڵ فرخندە گل افشان هاوسەرگیری کرد، لەو خێزانەی بوو بە خاوەنی سێ کچ بە ناوەکانی (فەرزانە و موژگان و ئەفسانە)، هەروەها کوڕێک بە ناوی هومایون، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ڕۆشتە تاران و لەگەڵ ئەحمەدی عەبادی یەکترییان ناسی و لە وانەکانی ئیسماعیل مێهرتاش بەشدار دەبوو، هەر لەم ساڵەدا بۆ فێربوونی خەت خۆشی و جواننووسی لە ئەنجوومەنی خۆشنووسەکان ڕۆشتە لای ئیبراهیم بوزەری، لە ٢٦ ساڵیدا خەتخۆشی لای حەسەن میرخانی درێژە پێدا، لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا پلەی باڵا بۆ خۆشنووسی وەردەگرێت.

دەیەی چوارەمی ژیانی

دوای ئەوەی باوکی محەمەدڕەزا ئاواتەخواز بووە ناوی بنەماڵەی شەجەریان زیاتر لە خوێندنەوەی قورئان دەربکەوێت و پەرەی  پێ بدرێت، محەمەد ڕەزا بە ناوی خوازراوی (سیاوش بیدگانی) لە ڕادیۆیەک دەست بەکار دەبێت، پاش ماوەیەک باوکی ڕەزامەندی بۆ دەردەبڕێت کە بە ناوی بنەماڵەکەیانەوە (شەجەریان) دەربکەوێت و ناوی خۆی بڵێت.

لە ٣١ ساڵیدا فەرامەرزی پوریانی ناسی و سەنتور و ڕیتمی ئاوازی لای ئەو زیاتر پەرەپێدا، لە ٣٢ ساڵی لە بەرنامەی (گوڵەکان) نور عەلی خانی برومەندی ناسی و شێوازی ئاوازی سەید حسێن تاهیرزادە لای ئەو فێر بوو، کە گەیشتە ٣٣ ساڵی، لای مامۆستای گەورەی ئاواز (عەبدوڵا دەوامی) شێوەی ئاواز خوێندن و ڕیتمی خوێندنی ئەو فێر بوو، لە هەمان ساڵدا لەگەڵ کۆمەڵە هونەرمەندێکی ئەوکات (محەمەد ڕەزا لوتفی، ناسر فەرهەنگ فەر، حسێن عەلیزادە، جەلال زولفنون، داود گنجەیی) بە ئەندامی بنکەی پاراستنی شیعر و گۆرانی سەرپەرشتی داریوش سیفەت پێکەوە کاریان دەکرد. 

گۆرانی (داروگ) لە یەکەمین ئەو وتنانەیە کە هۆنراوەی نوێی تێدا بەکارهاتووە، وە یەکەمین ئاوازەکانی شەجەریانە کە بەشێوەی گفتوگۆ وتویەتی (زبان محاورەای).

لە ٣٥ ساڵیدا لە فیستیڤاڵی هونەری شیراز شەجەریان لەگەڵ محەمەد ڕەزا لوتفی هەستان بە پێشکەشکردنی ئاوازی (ڕاستی پێنج گا) کە دوای ماوەیەک ئەلبوومەکەشی هەر بەو ناوەوە دەرچوو و بڵاوکرایەوە، لەو سەردەمە ئاوازی ڕاستی پێنج گا زۆر بە کەمی پەخش دەکراو خەریک بوو فەرامۆش دەکرا.

بە گەشتن بە ٣٦ ساڵی شەجەریان بەشداری لە پێشبڕکێی خوێندنەوەی قورئان کرد کە بۆ سەرتاسەری ئێران کرابوو و توانی پلەی باڵا بەدەست بهێنێت و ساڵی دواتر کۆمپانیای ئاوازی دڵی دامەزراند. 

وەکوو زۆربەی هونەرمەندەکانی تر ئەوکات هاوکاری خۆی لەگەڵ زۆربەی دامودەزگاکانی حکوومەت ڕاگرت، وەکو ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، وەکوو خۆی دەڵێت: "ئەو ڕۆحەی من دەمچڕاند لەوێ جێی نەدەبووەوە و پەخش نەدەکرا بۆیە لێی هاتمە دەرەوە"، لەو سەردەمە زۆربەی هونەرمەندانی گرووپی (عارف و شیدا) و بەڕێوەبەری ڕادیۆ و پەخشی ئەوکات شاعیری ئێرانی (هۆشەنگ ئیبتیهاج) بەهۆی بوونی ڕەخنەیان هاتنە دەرەوە.

دوای ئەم ڕووداوانە محەمەد ڕەزا لوتفی بە پشتیوانی هۆشەنگ ئیبتیهاج هەستا بە دروستکردنی (کانوونی چاوش) کە زۆربەی ئەندامانی گرووپی عارف و شەیدا بوون، شەجەریان لەو سەردەمە لەگەڵ شەهرام نازری، ئاواز خوێنانی چاوشی بوون و چەند ئەلبومێکیان هەیە کە زۆریان سروودی نیشتیمانی و شۆڕشگێڕانەیە.

لە نێوان ئەلبوومە هاوبەشەکانی شەجەریان و نازڕی دەکرێت ئاماژە بە (چاوش ٢) بکرێت کە دوو سروودی بەناوبانگ لە خۆ دەگرێت کە (شب نورد، آزادی)ـیە، یەکێک لە سروودە بەناوبانگەکان (چاوش ٦) کە ئەمڕۆ بە (سپیدە) ناسراوە کە تایبەتە بە گرووپی شەیدا و لە ئاوازی شەجەریان و سەرپەرەشتی لوتفییە، لە زانکۆی ئێران پەخش کراوە و سروودێکی شۆڕشگێڕیە، خەڵکێکی زۆر لەم کۆنسێرتە بەشدار بوون کە هۆنراوەی گۆرانییەکە هی هۆشەنگ ئیبتیهاجە، لەو کاتەدا گرووپەکە لە بیری ئەوە نەبوون ڕیکۆردی کۆنسێرتە بکەن بەڵام بە ڕێکەوت کەیوان ئیبتیهاجی کوڕی شاعیر ئەو گۆرانیەی ڕیکۆرد کردووە.

لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا دوعای (ربنا)ـی خوێند کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی ئێران پەخش دەکرا لە  مانگی ڕەمەزاندا و یەکێکە لە گرانبەهاترین خوێندنەکان لە سەردەمی نوێی ئێران، تەنانەت لەدوای گرژی نێوان حکوومەت و هاووڵاتیانی ئێرانی، شەجەریان وتی تاکە شتێک کە تەلەفزیۆن بۆی هەیە پەخشی بکات ئەو دوعایەیە چونکە ئەوە هی من نییە و هی خەڵکی ئێران هەموویەتی.

دەیەی پێنجەمی ژیانی

لە نێوان تەمەنی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی شەجەریان هاوکاریەکی فراوانی لەگەڵ پەرویز مشکاتیان دەستپێکرد کە بەرهەمی ئەم هاوکاریە زۆرە چەند ئەلبوومێکی جوانی لێکەوتەوە وەک: (بیداد، آستان جانان، سر عشق؛ماهور، نوا، دستان، گنبد مینا، دود عود، جان عشاق، قاصدک)، هەر لەو دەیەی ژیانی کۆنسێرتێکی گەورەی لە دەرەوەی ئێران گێڕا بە سەرپەرشتی مشکاتیان.

لە نێوان ئەم ئەلبومانەی (بیداد) دڵخوازێکی زۆری هەبوو لەبەر ئەو باردۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە سەردەمی شۆڕشی تێکەوتبوو، وە خەڵکێکی زۆر هەبوو دژی دەسەڵاتی ئەو کاتە و خودی شەجەریان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ BBC وتبووی: (ئەم بەرهەمە کاریگەرە لەو سەرچاوەوە هەڵقوڵاوە کە حکوومەت بەڵێنێکی زۆری دابوو بە خەڵک و جێبەجێی نەکردبوو).

دەیەی شەشەمی ژیانی

لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا لەگەڵ جەمشید عندلیبی، داریوش پیرنیاکان، موڕتەزا ئەعیان کۆمەڵە کۆنسێرتێکیان لە ئەوروپا و ئەمریکا سازکرد کە هەڵگری ئەم ئەلبوومانە بوون (پیام نسیم، دل مجنون، سرو چمان).

دوای جیابوونەوەی لە فرخوندە گل افشار لە ٥٣ ساڵیدا، هاوسەرگیری لەگەڵ کەتایۆن خوانساری ٢٦ ساڵە کرد، کە کوڕێکی لێی هەیە و ناوی (رایان)ـە.

لە ساڵی ١٩٩٢ بە هاوکاری لەگەڵ گروپی آوا ئەلبومی (آسمان عشق)ـیان بڵاو کردەوە، دوای ماوەیەک ئەلبومی تایبەت بە کۆنسێرتی پاریسیان کە لە ساڵی ١٩٩٣ بە هاوکاری محەمەد ڕەزا لوتفی، و مەجید خلج پەخش کرا خستە بازاڕەوە بە ناوی (چشمە نوش).

دوای ماوەیەک شەجەریان ئەو ئەلبوومانەی کە بە هاوکاری پەرویز مشکاتیان کاری تێدا کردبوو خستە بازاڕەوە کە (بهاریە، جان عشاق، گنبد مینا) بوون.

ئەلبومی (قاصدک) کە کۆتا کاری شەجەریان بوو لەگەڵ پەرویز مشکاتیان لەو کۆمەڵە کۆنسێرتە بوو، بەڵام هیچ کات بە کوالێتی بەرزی دەنگی و شێوەیەکی یاسایی بڵاو نەکرایەوە.
ئەلبومی (یاد ایام) یەکەمین کاری شەجەریان و هومایونی کوڕی بوو کە لە کۆنسێرتی ئەمریکا پەخش کرا لە ساڵی ١٩٩٢، (یاد ایام) لە ساڵی ١٩٩٥ بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو بوویەوە، ماوەیەک دواتر ئەلبوومی (رسوای دل) بڵاوبوویەوە کە لەگەڵ گرووپی آوا هاوکار بوون، لە ساڵی ١٩٩٦ ئەلبوومێکی بە هاوکاری مەجید درەخشانی بە ناوی (در خیال) دروست کرد، لە ساڵی ١٩٩٧ ئەلبوومی (معمای هستی) بە هاوکاری محەمەد ڕەزا لوتفی و هومایون شەجەریان و عەبدولنەفی ئەفشارنیا، و ئەلبوومی (عشق داند) کە ئەرشیفی داهێنانی خوێندن و داهێنانی ساز لێدان لەگەڵ محەمەد ڕەزا لوتفی بوو لە ساڵی ١٩٨٠ بڵاو کرانەوە، هەر لە ساڵی ١٩٩٧ بە هاوکاری داریوش تەڵایی و سەعیدپور فەرەج و هومایون شەجەریان ئەلبوومی (شب وصل) خرایە بازاڕەوە.

شەجەریان بە هاوکاری کەیهان کەلهوڕ لە ساڵی ١٩٩٨ هەستا بە بڵاوکردنەوەی چەند ئەلبوومێک بە ناوەکانی (کویر، شب سکوت) کە لەسەر بنچینەی میوزیکی مەقامی باکووری خۆراسان بنیات نرا، و چەند سازێکی میلـلی تێدا بەکارهاتووە، شەجەریان دوای ماوەیەکی تر هەستا بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ گرووپی آوا و دوو ئەلبومیان بەرهەم هێنا بە ناوەکانی (آهنگ وفا، آرام جان).

لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن یونسکۆ خەڵاتی (Unisco Picasso gold medal)ـی پێبەخشرا، کە هەر پێنج ساڵ جارێک دەدرێت بەو هونەرمەندانەی تێکۆشانێکی زۆریان کردووە بە ناساندنی فەرهەنگی وڵاتیان بە دەرەوە. 

لە ساڵی ١٩٩٩ ئەلبوومی (بوی باران)ــی بە هاوکاری حەسەن یوسف زەمانی بڵاوکردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٠ تاوەکوو ٢٠٠١ هاوکار بوو لەگەڵ حسێن عەلیزادە و کەیهان کەلهوڕ و هومایونی کوڕی، یەکەمین بەرهەمی ئەم هاوکاریە ئەلبومی (زمستان است)ــە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کالیفۆڕنیا پەخش کرا دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ خرایە بازاڕەوە، ئەم ئەلبوومە لە هۆنراوەی هۆنراوەبێژ (مهدی اخوان ثالث)ــە. 

دەیەی حەوتەم

شەجەریان لە ساڵی ٢٠٠٢ دوو ئەلبوومی تری بڵاوکردەوە بە ناوەکانی (بی تو بەسر نمیشود، فریاد) بە هاوکاری کەیهان کەلهوڕ و حسێن عەلیزادە و هومایونی کوڕی، ئەم دوو ئەلبومە بوون بە پاڵێوراوی خەڵاتی گەورەی گرامی جیهانی. 
ئەم گرووپە چوار کەسییە لە زستانی ساڵی ٢٠٠٣  کۆنسێرتێکی گەورەیان لە تاران ساز کرد بۆ هاوکاری بومەلەرزەکەی شاری بەم کە بە ناوی (هم نوا با بم)ـەوە بوو، شەجەریان و کەیهان کەلهوڕ و هومایونی شازادەی کوڕی پاییزی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ کۆتا جار و کۆتا ئیشیان پێکەوە هەستان بە پەخشکردنی کۆنسێرتێک کە بووە هۆی دروستکردنی دوو ئەلبوم بە ناوەکانی (ساز خاموش ، سرود مهر).

پرۆژەی باخی هونەری (بم) بەم

دوای بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠٠٣ شاری بەم شەجەریان بۆ پشتیوانی خەڵک چەندین کۆنسێرتی یەک لە دوای یەکی بە ناوی (هم نوا با بم) سازکرد، ئەو سەرەتای پارەی کۆنسێرت و ئەو لۆگۆیانەی سەر بە بەم بوون بۆ بونیادنانەوەی پڕۆژەکە سەرف کرد، سەرەتا ڕۆشتن و کارکردنی پرۆژەکە لاواز بوو لەبەر ڕێگری دەسەڵاتداران و و دروستکردنی کێشە بۆ پڕۆژەکە، بەهۆی ئەمەشەوە شەجەریان وازی لە پڕۆژەکە هێنا بە یەکجاری.
لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی کاتی دەڵێت: "چەند مانگێکە لە جێی ئەوەی توانامان لە بەرەو پێشبردنی پڕۆژەکان سەرف بکەین کەوتوینەتە بەرامبەر کۆمەڵێک پڕوپاگەندە و قسەی ناڕاستەوە، من ئیتر توانام نییە بەرامبەر ئەم هەموو ڕێگری و سەختی و پڕوپاگەندە درۆینانە بوەستم، بۆیە چۆن یەکەم ڕۆژ لەگەڵ ئەنجوومەنی بەڕێزی (بەم) دەستمان پێکرد، ئاوا دەیخەمە خزمەتتان". 

پرۆژەی باخی هونەری بەم لە ژێر بینایەکی ٧ هەزار مەتریدا بونیاد نرا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری بەم، ئەم پرۆژەیە پێکهاتووە لە بەشی میوزیک و کتێبخانەی هونەری و ساڵۆنی کۆبوونەوەکان، و پێشانگاکان.

لە ساڵی ٢٠٠٧ شەجەریان جارێکی دی لەگەڵ گرووپی آوا هاوکار بوونەوە و کۆنسێرتێکی زۆریان سازکرد لە (تاران، ئەسفەهان، ئەوروپا، ئەمریکا و کەنەدا)، لەم ماوەدا دوو کاری دەنگی بە ناوەکانی (غوغای عشق بازان) و (کنسرت محمد رضا شجریان و گروە آوا) بە هاوکاری گرووپی ئاوا خرانە بازاڕەوە، وە هەر لەم ساڵەدا دایکی شەجەریان کۆچی دوایی دەکات، و دوای ٣٠ ساڵ جارێکی کە دوعای ربنا ئەخوێنێتەوە.

دوای پەخش کردنی کۆنسێرتی (فانکفۆری کەنەدا) گەورە ڕۆژنامەی کەنەدا (The Globe and mail) شەجەریانی بە ئەفسانەی میوزیکی ڕۆژهەڵات وەسف کرد.

لە ساڵی ٢٠٠٨ هەستا بە دروستکردنی گرووپێک بەهۆی خۆشویستن و هۆگربوونی بە جەلیل شەهنازی مامۆستای و ناوی لێنا (گرووپی شەهناز)، لە ئەندامە دیارەکانی ئەو گرووپە موژگانی کچی و مەجید درەخشانی و شاهۆ عەندەلیبییە کە هونەرمەندێکی کوردە، لەو ڕۆژەوە شەجەریان لەگەڵ ئەو گرووپە کاری کردووە و یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەو گرووپە ئەوەیە ئەو سازانەی شەجەریان خۆی دروستی کردوون (داهێنانی خۆی بوون) تیایدا دەژەنران.

شەجەریان و گرژی و ئاڵۆزی وڵات

دوای خولی دەیەمی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی شەجەریان لە پەیامێکدا بۆ عزت اللە ضرغامی ئەوەی خستە ڕوو کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە و ناتوانن کە هیچ ئاوازێکی ئەو لە پەخشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی لێبدەن، و سرودەکانی (ای ایران ای سرای امید) هی ساڵی هەشتاکانە و تەلەفزیۆن هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە دروستکردنیان بۆیە بۆیان نییە لە ڕووی یاسا و شەرعیشەوە لە هیچ کەناڵ و ڕاگەیاندنێکیان لێبدرێت، وە لە پەیامەکەشیدا ئەوەی وت کە دوعای (ربنا، مناجات افشار)ـی خۆی پێشکەش کردووە بە میلـلەتی ئێران و ئەم دوانەیان جیان و دەتوانن بەکاری بهێنن، بەڵام دوای سکاڵای فەرمی شەجەریان لە سەداو سیمای حکوومەت بەشێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ڕایانگەیاند کە ئیتر دوعای ربنایشی پەخش ناکەین، محەمەد حسێن سۆفی کاربەدەست وتی: "لەمەودا لە مانگی ڕەمەزانیش گوێتان لە دوعای ربنا نابێت لە ڕادیۆ و پەخشەکانی سەداو سیما".

شەجەریان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بی بی سی وتی: (لە بارودۆخێکدا کە خەڵک لە شۆک و سەرسوڕماندان بە وتەی بەڕێز ئەحمەدی نەژاد زبڵ و بێسوودەکان کەوتونەتە جوڵە، بۆیە دەنگی من لەناو سەدا و سیما جێگای نییە، دەنگی من بۆ بێسوودەکانە و هەر بۆ بێسوودەکانیش دەبێت)، ئەمەش دوای ئەوە هات سەرۆکی ئەوکات بەهۆی گەندەڵی و فێڵەوە لە هەڵبژاردن سەرکەوت و خەڵکی دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و ئەویش خەڵکی بە زبڵ و بێسوود و هیچ ناوبرد، هەر لەو ساتانەدا ڤیدیۆیەکی شەجەریان بڵاوکرایەوە کە لە ئۆتۆمبێلێکدایە و دەڵێت بە کەسێک کامێراکەت بخە سەر من و هەردوو دەستی بە نیشانەی ئازادی بەرزدەکاتەوە و دەڵێت: "مەرگ بۆ دیکتاتۆر".

هەر لەو کاتەدا گۆرانیەکی بە ناوی (زبان آتش) بۆ ناڕەزایەتی لە حکوومەت و پشتگیری خۆپیشاندەران وت کە لە ساڵی ٢٠٠٩ بە هاوکاری مەجید درەخشانی و هۆنراوەی فەرەیدون موشیری بوو، لە دوای ئەم ڕووداوەوە بە هەموو شێوەیەک گۆرانیەکانی قەدەغە کرا لە سەدا و سیمای حکوومەت. 

دەیەی هەشتەم

ساڵی  ٢٠١١ هەستا بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم ئەلبوومانە پێکەوە (مرغ خوش خوان، دوو ئەلبوومی کنسرت محمد رضا شجریان گروە شهناز لە دوبەی، کنسرت محمد رضا شجریان و گروە شهناز لە تاران)، دوای ئەمە بۆ ماوەیەک هاوکاری لەگەڵ برایانی پورناضری (تهمورس پور ناضری، سهراب پورناضری) کرد و بەرهەمەکەی بریتیبوو لە (رنگهای تعالی)، کە لە ڕاستیدا ئەم بەرهەمە بە شێوەکی یاسایی بڵاونەکرایەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاوکرایەوە، دوای ئەمە شەجەریان هاوکاری خۆی لەگەڵ براکانی پورناضری ڕاگرت.

لە ساڵی ٢٠١٤ جارێکی دی هاوکاری لەگەڵ گرووپی شەهناز بە سەرپەرشتی سەعید فەرەج پور تۆڕێکی کۆنسێرتی جیهانیان ساز کرد بە ناوی (سرگشتگان عشق).

لە ساڵی ٢٠١٥ ڕاگەیەندرا کە شەجەریان بە شێوەیەکی تەواو لە هەموو کارێکی هونەری قەدەغە دەکرێت بە تایبەت کۆنسێرت.

نەخۆشی

لە مانگی ٦ـی ٢٠١٥ لەبەر نەخۆشی لە نەخۆشخانەی کسری دەخەوێنرێت، دواتریش لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٦ بە ڕووخسارێکی جیاواز و موویەکی کورتەوە دەرکەوت کە زۆربەی ڕاگەیاندنەکان وتیان تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە، لەوێشدا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: (منیش لەگەڵ میوانێکی ١٥ ساڵە ساڵەهای ساڵە بووین بە ناسراو و هاوڕێ پێکەوە، ئێستاش لەبەر ئەوە لێرەم و بەپێی فرمانەکانی ئەوە ئاوا مووی سەرم کورت کردۆتەوە و بووم بە کەسێکی گوێڕایەڵ، تا ماوەیەکی کە لێرە دەبم چونکە ئارامیەکی باشم هەیەو لێرە زۆر دڵخۆشم، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم میوانە بگەینە ڕێککەوتن ان شاء اللە کە گەشتینە ڕێککەوتن بەڕێدەکەوم بۆلای ئێوە هاونیشتمانیانی ئازیز و درێژە بە کارە هونەریەکانم دەدەم).

شەجەریان جگە لە حەزی بۆ ئاواز، حەزێکی زۆریشی بۆ خۆشنووسی هەبووە کە لە ساڵی ١٩٦٥ دەستی کردووە بە خۆفێرکردن لە خۆشنووسی لە خەتی (نستعلیق) لەلای مامۆستایان (ابراهیم بوذری) و (حسین میر خانی) و توانی پلەی باڵا بەدەست بهێنێت لەو بوارەدا، لە ساڵی ٢٠١٠ لە تەلاری وەحدەت هەستا بە نمایشکردنی نووسراوەکانی لەگەڵ گەورە هونەرمەندانی خەتخۆشی ئێران. 

خوێندنی قورئان

شەجەریان یەکەم جار لای باوکی (مهدی شجریان) کە خۆی قورئانخوێنی مەشهەد بووە قورئان خوێندن فێربووە، لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا لە ڕادیۆی مەشهەد دەستی بە قورئان خوێندن کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٨ لە  سەرتاسەری ئێران پێشبڕکێ بۆ قورئان خوێنان کرا و شەجەریان توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، لە هاوینی ساڵی ١٩٧٩ لە مالیزیا دوای ئەوەی قورئانخوێنی یەکەمی ئێران ئامادەنابێت، بە شێوەیەکی لەناکاو ئاگاداردەکرێتەوە کە دەبێت بەشداری بکات و شەجەریان لەوێ پلەی دووەم بەدەست دەهێنێت.

لەبەر وەسیەت و قسەی باوکی هەستا بە دەرکردنی دوو سیدی قورئان بە ناوەکانی (بە یادی باوک ١، بە یادی باوک ٢) و دوای مردنی باوکی هەستا بە بڵاوکردنەوەیان کە ئەمڕۆ لە یوتیوب بەردەستن.

ئەو سازانەی شەجەریان دایهێنان

شەجەریان درووستکەری چەندین سازە لە میوزیکی ئێرانیدا و لە ساڵی ٢٠١١ لە پێشانگایەک ئەم سازانەی خستە پێش چاوی هەمووان کە بریتین لە: (صراحی، شهر آشوب، ساغر، کرشمە، سبو).

کۆچی دوایی

دوای چوار ساڵ لە کۆتا دەرکەوتنی ڤیدیۆیی کە وتبووی ١٥ ساڵە دووچاری شێرپەنجە بوومەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٤/١٠/٢٠٢٠ بەهۆی نەمانی هۆشیاری و ئاگایی گوازرایەوە بۆ بەشی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەی جەم لە شاری تاران، دوانیوەڕۆی پێنج شەممە لە بەرواری ٨/١٠/٢٠٢٠ لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کاتژمێر پێنجی ئێوارەی هەمان ڕۆژ هومایون شەجەریانی کوڕی هەواڵی کۆچی دوایی باوکی دڵنیاکردەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسی: "خاکی پێی خەڵکی ئێران بۆ دیداری مەعشووق هەڵفڕی"، دواتریش هومایون لە نەخۆشخانە هاتە دەرەوە بۆ هێورکردنەوەی خەڵکی کە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە بە گریانەوە چاوەڕێ بوون بزانن تەرمەکەی چی بەسەر دێت، هەندێکیش لەو کاتەدا بە وتنەوەی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دەنگیان هەڵدەبڕێ، دوو ڕۆژ دواتر لەسەر وەسێتی خۆی لە شاری مەشهەدی ئێران لە نزیک ئارامگای فیردەوسی شاعیر بە خاک سپێردرا.

لەدوای کۆچی دوایی ئەو زۆرینەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی سەردانی بەردەوامی هەبوو بۆیان و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەت کە خاوەنی چەندین هەزار هەواداری شەجەریانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هەواڵی کۆچی دوایی ئەویان بڵاوکردەوە. 

خەڵات و ڕێزلێنانەکانی

ناونانی شەقامێک بەناوی (محمد رضا شجریان) لە ساڵی ٢٠١٨ لە تاران کە پێشتر ناوی (بلواری فلامک) بوو. 

خەڵاتی (بنیاد آقاخان) لە ساڵی ٢٠١٨ لە فیستیڤاڵی میوزیکی آقاخان خەڵاتی تایبەتی (خوداوەندگاری میوزیک)ـیان پێشکەش بە شەجەریان کرد، ئەم خەڵاتە لە شاری لیسبۆن لە وڵاتی پورتوگال پێشکەش کرا و موژگان شەجەریان لە جێی باوکی وەریگرت. 

نیشانەی بەرزی هونەر بۆ ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٧ لە پێنجەمین فیستیڤاڵی هونەر بۆ ئاشتی درا بە محمد رضا شجریان.

نیشانەی سوارچاکی میلـلی شایستەی لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن کۆنسوڵی فەڕەنساوە پێدرا، شەجەریان و شەهرام نازڕی تەنها دوو هونەرمەندی گۆرانیبێژن ئەم نازناوەیان وەرگرتبێت و ناویان تۆمار کرابێت لە کۆنسوڵگەری فەڕەنسا. 

خەڵاتی بیتا: لە ساڵی ٢٠٠٩ مەراسیمێک لە ژێر ناونیشانی (سێهەمین ساڵی گەورەڕاگرتنی ئەدەب و هونەری فارسی) لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی خەڵاتی بیتا درا بە شەجەریان.

خەڵاتی یونسکۆ: لە ساڵی ١٩٩٩ بوو بو خاوەنی خەڵاتی پیکاسۆو دیبلۆمی باڵای یونسکۆ لە پاریس، ئەم خەڵاتە هەر پێنج ساڵ جارێک دەدرێت بەو هونەرمەندەی کە هونەر و ئەدەبی وڵاتەکەی دەناسێنێت و لە پێناویدا تێدەکۆشێت. 

ژیان و چالاکییەکانی

ژیان و کارو چالاکیەکانی شەجەریان لە چەندین کتێب و گۆڤاردا چاپکراوە، کە هەندێک لەو نوسراوانەی لەسەر ژیانی هەن:

١- (راز مانا) ژیان و تێڕوانینەکانی شەجەریان.
٢- (هزار گلخانە آواز) پێک هاتووە لە ئاواز و ئەو ڕیزە میوزیکیانەی شەجەریان دروستی کردوون.
٣- (خسرو خوبان)

٤- (نغمەهای سیاوش، متن و آوازهای ٥١ کاست و سیدی محمد رضا) 
٥- (سروش مردم) ژیان و دیدی شەجەریان.

لە شاگردە بەناوبانگەکانی 

  • معصومە مهر علی
  • حسام الدین سراج
  • مظفر شفیعی
  • قاسم رفعتی
  • همایون شجریان
  • ایرج بسطامی
  • محسن کرامتی
  • علی رستمیان
  • سینا سرلک
  • شهرام ناضری
  • مجتبی عسکری
  • بیژن کامکار
  • محمد اصفهانی

ڕووداوەکانی ژیانی بە شێوەی زنجیرەیی

١٩٤٠: له‌ دايكبوونى له‌ شارى مه‌شهه‌د.

١٩٤٥: سه‌ره‌تاى گۆرانى وتنى منداڵانه‌ له‌ چۆڵه‌وانيدا.

١٩٤٨: فێربوونى خوێندنه‌وه‌ى قورئان لاى باوكى.

١٩٤٩:به‌ژداريكردنى له‌ كۆڕى قورئان خوێندن له‌ ته‌مه‌نى نۆ ساڵيدا.

١٩٥٠: سه‌ره‌تاى خوێندنى قورئان له‌ ئاهه‌نگ و بۆنه‌ و كۆبوونه‌وه‌ سياسيه‌كان له‌و ساڵانه‌دا، و ده‌رچوونى له‌ پۆلى چواره‌مى سه‌ره‌تايى له‌ قوتابخانه‌ى فروخى.

١٩٥٢: خوێندنى قورئان بۆ يه‌كه‌م جار له‌ ڕاديۆى خوراسان به‌ بانگهێشتى به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاديۆ.

١٩٥٣: دەرچوونی له‌ تاقيكردنه‌وه‌كانى شه‌شه‌مى سه‌ره‌تايى وه‌كو قوتابيه‌كى باش له‌ناو قوتابيه‌كانى شارى مه‌شهه‌د.

١٩٥٥: به‌ژداريكردن له‌ پێشبڕكێكانى تۆپی پێ له‌ ناوه‌ندييه‌كانى مه‌شهه‌د.

١٩٥٧: چوونى بۆ (دانشسراى مقدماتى) له‌ مه‌شهه‌د، ئاشنايى له‌گه‌ڵ بەڕێز (جوان) يه‌كه‌مين مامۆستاى میوزيكى شه‌جەريان.

١٩٥٨: سه‌ره‌تاى هاوكارييه‌كانى بۆ ڕاديۆى خۆراسان و پێشكه‌شكردنى ئاوازى بێ مۆزيك و خوێندنى قورئان بۆ ڕاديۆ.

١٩٥٩: ده‌رچوون و به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى (دانش سراى مقدماتى) و دامه‌زراندنى له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن و ئاشنايى به‌ سه‌نتور.

١٩٦١: فێربوونى نۆته‌ و سه‌نتور لاى (جلال اخبارى) و دروستكردنى سه‌نتور و توێژينه‌وه‌ى له‌ پێناو باشتركردنى ده‌نگى سه‌نتور، به‌ستنى په‌يمانى هاوسه‌رێتى يه‌كه‌مى له‌گه‌ڵ فه‌ر‌خه‌نده‌ گوڵ ئه‌فشان.

١٩٦٢: ئاهه‌نگ و سه‌ره‌تاى ژيانێكى خێزانى سى ساڵه‌ كه‌ به‌رهه‌مى به‌ستنى ئه‌م په‌يمانه‌ سێ كچ و كورێكه‌.

١٩٦٥: له‌دايكبوونى كچى دووه‌مى (ئه‌فسانه‌) له‌ مه‌شهه‌د، (ئه‌فسانه‌ دواتر ئه‌بێته‌ خێزانى په‌رویز مشكاتيان) و گواستنه‌وه‌ى له‌ شائاباده‌وه‌ بۆ شارى مه‌شهه‌د و وانه‌وتنه‌وه‌ى له‌ پۆلى شه‌شه‌م، هەروەها به‌ژداريكردنى له‌ پێشبڕكێى (باسكه‌)ـى مامۆستايان له‌ مه‌شهه‌د.

١٩٦٦: گواستنەوەی بۆ قوتابخانه‌ى سه‌ره‌تايى عبداللهيانى مه‌شهه‌د و چاودێرى و جێگری قوتابخانه‌ى ناو براو.

١٩٦٧: وانه‌وتنه‌وه له‌ قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانى مه‌شهه‌د و گواستنه‌وه‌ى بۆ شارى تارانى پايته‌خت، وانه‌وتنه‌وه‌ى له‌ قوتابخانه‌ى صه‌فه‌وى. سه‌ره‌تاى چالاكيه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌كانى ڕاديۆى ئێران، ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ (ئه‌حمه‌د عبادى)، چوونه‌ خولی وانه‌ى ئاواز لاى مامۆستا (مهرتاش) و ئه‌نجومه‌نى خوشنوسان لاى مامۆستا بوزه‌رى، ئاشنايه‌تى به‌ ره‌زا ورزنده‌ (مامۆستاى سه‌نتور)، تۆماركردن و پێشكه‌ش كردنى يه‌كه‌م به‌رنامه‌ له‌ ڕاديۆى ئێران به‌ناونيشانى (برگ سبز٢١٦) كه‌ له‌ شه‌وى هه‌ينى ١٥ئازه‌ر په‌خش كرا، كاركردنى له‌ ڕاديۆ و ته‌له‌فيزيۆن به‌ناوى خوازراوى (سياوش بيدكانى) تا ساڵى ١٩٧١ و دواتر به‌ناوى خۆيه‌وه‌، ئاشنايه‌تى به‌ (ئيسماعيل مهرتاش) له‌ خولى ئاوازى ناوبراودا.

١٩٦٨: گواستنەوەی له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌ سروشتيه‌كان، سه‌ره‌تاى چوونه‌ خولى (خط) خۆشنوسى مامۆستا (حسن ميرخانى).

١٩٦٩: له‌دايك بوونى كچى سێيه‌مى (موژگان) له‌ تاران، بنياتنان و دامه‌زراندنى ڕاديۆى (ئێف ئێم)به‌ شێوازى ئستريۆ فۆنيك، و پێشكه‌ش كردنى به‌رنامه‌ى (سێگا) به‌ تارى عيبادى و تارى مه‌جيد بۆ يه‌كه‌م جار به‌ ئیستريۆ، به‌ژداريكردن له‌ جه‌ژنى هونه‌رى شيراز بۆ يه‌كه‌م جار، وه‌رگرتنى له‌ تاقيكردنه‌وه‌ى خۆشنوسى (قۆناغى باڵا) و چوونه‌ خولى خۆشنوسى مامۆستا حسين ميرخانى.

١٩٧٠: سه‌ره‌تاى هاوكارى له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌كانى ته‌له‌فيزيۆنى ميللى ئێران له‌ به‌رنامه‌ى (هفت شهر عشق) و وه‌رگرتنى له‌ تاقيكردنه‌وه‌ى خۆشنووسى پله‌ى (نایاب)ـى ئه‌نجومه‌نى خۆشنووسانى وه‌زاره‌تى فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر، گەشتکردنی بۆ (برغان) له‌گه‌ڵ مامۆستا حسين ميرخانى، ئيبراهيم بوزه‌رى (مامۆستاى خۆشنوسى شه‌جەريان)، خه‌سره‌ و زه‌عيمى (به‌ڕێوبه‌رى ئه‌نجومه‌نى خۆشنوسان) فه‌رامه‌رزپيل ئارم (وێنه‌كێش و مامۆستاى خۆشنوسى شه‌جەريان).

١٩٧١: ئاشنايى له‌گه‌ڵ مامۆستا فه‌رامه‌رز پايور و پرۆڤه‌ى سه‌نتور و فێربوونى ڕه‌ديفى ئاوازى صه‌با لاى ناوبراو، ئاشنايى و هاوكارى له‌گه‌ڵ هۆشه‌نگ ئيبتهاج له‌ به‌رنامه‌ى (گلهاى تازه‌)ى ڕاديۆ.

١٩٧٢: ده‌ستپێكردن و ئاماده‌كردنى به‌رنامه‌ى (گلهاى تازه‌) له‌لايه‌ن (ئيبتهاج)ـه‌وه‌ له‌ ڕاديۆ و سه‌ره‌تاى هاوكاريكردنى، فێربوونى ره‌ديفه‌كانى ئاواز و به‌سته‌ كۆنه‌كان لاى مامۆستا (عه‌بدوڵا ده‌وامی)، پێشكه‌شكردنى كۆنسێرتێك له‌ باكوورى ئێران له‌گه‌ڵ مه‌نصورى صارمى و هونه‌رمه‌ندانى دى.

١٩٧٣: ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ مامۆستا (نور على برومه‌ند) و فێربوونى شێوازى ئاوازى (سيد حسين تاهيرزاده‌) لاى ناوبراو له‌ ناوه‌ندى پاراستنى مۆزيكى و ئاشنايه‌تى به‌ هونه‌رمه‌ندانى ناوه‌ند: محه‌مه‌د ره‌زا لوتفى، ناصر فرهنگفر، حسين عليزاده‌، جلال زوالفنون، گنجه‌اى، مقدسى، حدادى و چه‌ندانى تر.

١٩٧٤: سه‌فه‌ر بۆ كۆنسێرته‌كانى هیندسان، پاكستان، ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ مامۆستا (ئه‌حمه‌د عبادى)، سه‌فه‌ر بۆ چين و ژاپۆن له‌گه‌ڵ (ئه‌حمه‌د حه‌رار، كه‌ريم فه‌كور و په‌روێز قازى سعيد) وه‌كو ميوانانى تايبه‌ت له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانى گه‌شتى ئاسمانى بۆ ئه‌م دوو وڵاته‌.

١٩٧٥: له‌دايكبوونى هومایونى كورى له‌ تاران (له‌م كاته‌دا شه‌جەريان له‌ ڕاديۆ خه‌ريكى تۆماركردنى به‌رنامه‌يه‌كه‌ له‌ ده‌ستگاى هومايون، كه‌ هه‌واڵى بۆ دێنن كوڕى بووه‌ به‌ناوى هه‌مان مه‌قامه‌وه‌ كه‌ خه‌ريكى وتنێتى ناوى كوڕه‌كه‌ى ده‌نێت، ده‌نا وا بڕيار بووه‌ كوڕى بێت ناوى بنێت چكاوك)، گواستنەوەی له‌ وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌ سروشتيه‌كان (به‌ناو نيشانى فه‌رمانبه‌ر) بۆ راديۆ، بچڕانى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى پاراستنى مۆسیقا و به‌رده‌وامى له‌سه‌ر خوێندنى ئاواز له‌ ماڵى مامۆستا نور عه‌لى برومه‌ند.

١٩٧٦: به‌ژداريكردنى له‌ ڤيستيڤاڵى (نيشاپور) له‌گه‌ڵ فه‌رامه‌رز پايور، سايه‌، حسن ناهيد، رحمت الله بديعى، محه‌مه‌د ئيسماعيلى، عبدالوهاب شهيدى، و هۆشه‌نگ زه‌ريف، ئاماده‌بوونى له‌ ڤيستيڤاڵى جه‌ژنى هونه‌رى شيراز (له‌ حافزيه‌) له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ره‌زا لوتفى و فه‌رهه‌نگفر و پێشكه‌شكردنى به‌رنامه‌ى (راست پێنجگا) وازهێنان و پچرانى په‌يوه‌ندى ته‌واو له‌ ڕاديۆ.

١٩٧٧: پێشكه‌ش كردنى به‌رنامه‌ى نه‌وا به‌هاوكارى (محه‌مه‌د ره‌زا لوتفى)و گروپى شه‌يدا له‌ جه‌ژنى هونه‌رى شيراز. تۆماركردنى به‌رهه‌مى (چهره‌ به‌ چهره‌) و (گلبانگ). وازهێنان له‌ راديۆ، بنياتنانى كۆمپانياى (دل ئاواز) بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى خۆى.

١٩٧٨: به‌ده‌ست هێنانى پله‌ى يه‌كه‌م له‌ قورئان خوێندندا له‌سه‌رتاسه‌ر ئێراندا، تۆماركردنى به‌شێك له‌ (تلاوت قران)، بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى (گلبانگ)، هاوكارى له‌ بنياتنانى ناوه‌ندى (چاوش) له‌گه‌ڵ هۆشه‌نگ و لوتفى بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ كارى مۆسیقا له‌ ده‌ره‌وه‌ى راديۆ و ته‌له‌فيزيۆن، (شه‌جريان تيايدا وانه‌ى ده‌وته‌وه‌).

١٩٧٩: ئاشنايه‌تى به‌ فه‌يله‌سوف و مامۆستا غولام ڕەزا دادبە "جانسوز" له‌ ماڵى مامۆستاى خۆشنوسى مورته‌زا عبدالرسولى و سه‌ره‌تاى فێربوون و ناسينى فه‌رهه‌نگى نه‌وا، فه‌رهه‌نگى په‌هله‌وانى و جوانه‌ مه‌ردان ، و تۆماركردنى به‌رهه‌مى (خلوەت گزيده‌)، (پيغام اهل راز) له‌ دوو به‌ش پێك هاتوه‌ (راز دل، انتظار دل) و دوایين كۆنسێرته‌كانى له‌گه‌ڵ گرووپى پايور له‌ هۆڵى روده‌كى زانكۆى ميللى.
١٩٨٠: كۆچى دواى مامۆستا عه‌بدوڵا ده‌وامى، تۆماركردنى ئه‌لبومى (عشق داند) له‌ ئاوازى ئه‌بوعه‌تا، تۆماركردنى به‌رهه‌مى (ساز قصه‌گو). بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌لبومى په‌يامى ئه‌هلى ڕاز (راز دل، انتظار دل).

١٩٨٢: له‌دواى سێ ساڵ دابڕان له‌ چالاكى و كۆنسێرت (به‌هۆى دروستكردنى تۆمەتەوە) پێشكه‌شكردنى كۆنسێرتێك له‌ کونسوڵخانەی ئيتاڵيا له‌ تاران به‌ هاوڕێیەتی په‌رویز مشكاتيان و ناصر فرهنگفر (ئاستان جانان)، تۆماركردنى به‌رهه‌مى (نوا) -مركب خوانى- (سرعشق-ماهور-بيداد-همايون).

١٩٨٣: تۆماركردنى ئه‌لبوومى (همايون مثنوى) له‌گه‌ڵ منصور صارمى، تۆماركردنى مۆزيكى (چوارگا) له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ شه‌ريف و ئاوازه‌كانى تر له‌ به‌رنامه‌ تايبه‌تيه‌كانيدا.

١٩٨٥: پێشكه‌ش كردنى ئه‌لبومى (گنبد مينا) و (جان عشاق)، بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى (بيداد).

١٩٨٦: بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌لبومه‌كانى (نوا مركب خوانى)، (سرعشق ماهور)، (ئاستان جانان) و تۆماركردنى ده‌ ئاواز به‌ هاوكارى ڤيۆلۆنى حەبيبوڵا به‌ديعى له‌ مونيخ له‌ ماڵى دكتۆر عەلى خادمى.

١٩٨٧: سه‌ره‌تاى كۆنسێرته‌كانى له‌ ئه‌وروپادا له‌ پاش شۆڕشى ئيسلامى، ده‌ستپێكردنى هاوكارى له‌گه‌ڵ گرووپى عارف، پێشكه‌شكردنى به‌رهه‌مى (دودعود) و (دستان).

١٩٨٨: پێشكه‌شكردنى سێ شه‌و كۆنسێرت بۆ به‌رزڕاگرتنى يادى حافز له‌ هۆڵى روده‌كى (وحدت)، بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى (نيسان).

١٩٨٩: پێشكه‌شكردنى هه‌ردوو به‌رنامه‌ى (ماهور) و (ابوعه‌تا) له‌ كۆنسێرته‌كانى له‌ ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ پيرنياكان، جه‌مشيد عه‌نده‌ليبى، و ئه‌عيان. پێشكه‌شكردنى به‌رنامه‌كانى (نوا) و (ئه‌فشارى) له‌ كۆنسێرته‌كانى پایيزه‌ى ئه‌وروپا به‌ هاوكارى مشكاتيان و گرووپى عارف، دوو شه‌و كۆنسێرت له‌سه‌ر بانگهێشتى شاره‌وانى بارسلون له‌م شاره‌ به‌ هاوكارى نه‌ى حسين عمومى، تارى ته‌ڵايى و تەپڵی شميرانى.

١٩٩٠: گەشتکردن بۆ تاجيكستان له‌سه‌ر بانگهێشتى وه‌زيرى ڕۆشنبيرى و هونه‌رى تاجيكستان، په‌رده‌لادان له‌سه‌ر په‌يكه‌رى (باريرد) و دوو شه‌و كۆنسێرت له‌ كۆشكى باربرد به‌ هاوڕێیەتی كه‌مانچه‌ى مەحموود ته‌برێزى زاده‌، پێشكه‌شكردنى كۆنسێرته‌كانى له‌ ئه‌مريكا به‌ هاوكارى پيرنياكان و عندليبى و اعيان، پێشكه‌شكردنى ئه‌لبومه‌كانى (سرو چمان و پيام نسيم و دل مجنون) هه‌رسێكيان له‌ ئه‌مريكا، كۆنسێرتى شه‌جەريان بۆ بومه‌له‌رزه‌ى (رودبار) له‌ لۆس ئه‌نجلوس، سيمينارێك له‌ پێنج زانكۆى ناودارى ئه‌مريكا بۆ قوتابيان و توێژه‌ره‌وان، (تيايدا شه‌جەريان باسى له‌ هونه‌ر و مۆزيك و گرفته‌كان دەکات.

١٩٩١: پێشكه‌شكردنى پێنچ شه‌و كۆنسێرت له‌ پاركى(ئارم)و هه‌شت شه‌و كۆنسێرت بۆ خه‌ڵكى باشورى ئاران له‌ فه‌رهه‌نگ سه‌راى به‌همه‌ن. پێشكه‌ش كردنى كۆنسێرتى شكۆمه‌ندى بۆ ماوه‌ى پێنچ شه‌و له‌ ناوچه‌ى (چهل ستون)ـى ئه‌سفه‌هان، كۆنسێرته‌كانى له‌ ئه‌وروپادا له‌گه‌ڵ جهاندار و گروپى ئاوا، جيابوونه‌وه‌ى له‌ هاوسه‌رى يه‌كه‌مى فه‌رخه‌نده‌ گوڵ ئه‌فشان، تۆماركردنى به‌رهه‌مى (دل شدگان و ئاسمان عشق) و بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى (سرو چمان و پيام نسيم و دل مجنون و خلوت گزيده‌).

١٩٩٢: به‌ستنى په‌يمانى هاوسه‌رێتى بۆ دووه‌م جار له‌گه‌ڵ (كتايون خوانسارى)، كۆنسێرته‌كانى قۆناغى دووه‌م له‌ ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ داريوش پبرنياكان، جه‌مشيد عه‌نده‌ليبى و هۆمايۆن شه‌جريان مانگى ٨ تا ١١، پێشكه‌شكردنى به‌رنامه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ (هابيل على و هومايۆن) له‌ هۆڵى روده‌كى (وحدت)ـى تاران، تۆماركردنى ئه‌لبوومى (ياد ايام)، بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى (دلشدگان و ئاسمان عشق).

١٩٩٣: بڵاوبوونه‌وه‌ى گوزارشت و گفتوگۆيه‌كى به‌ناوى (محمد ره‌زا شه‌جەريان) مامۆستاى ئاوازى ئێران له‌ كوێيه‌؟، له‌ بڵاوكراوه‌ى نويد فضيلت، ژماره‌ ١٦، پێشكه‌شكردنى به‌رنامه‌كانى (سه‌ گا) و (راست پنجگا) له‌ كۆنسێرته‌كانى ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ لوتفى و مجيد خلج له‌ هاويندا.

١٩٩٤: پێشكه‌شكردنى كۆنسێرتى (قاصدك) له‌ كۆنسێرته‌كانى ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ په‌رویز مشكاتيان و هومايۆن شجريان.

١٩٩٥: كۆنسێرته‌كانى ئه‌سفه‌هان، شيراز، سارى، كرمان و كوردستان له‌گه‌ڵ گرووپى ئاوا، كۆنسێرتێك له‌ ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ لوتفى، پێشكه‌شكردنى به‌رهه‌مى (چشمه‌ نوش) له‌ فه‌ره‌نسا، بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌لبومه‌كانى (همايون مثنوي، گنبد مينا، جان عشاق، چشمه‌ نوش و ياد ايام)، تۆماركردنى به‌رهه‌مى (درخيال).
١٩٩٦: كۆچى دوايى باوكى، مهدى شجريان له‌ ته‌مه‌نى ٨٥ ساڵيدا، پێشكه‌شكردنى به‌رهه‌مى (رسواى دل) له‌ دوبه‌ى.
بڵاوكرنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى (درخيال، ساز قصه‌گو).

١٩٩٧: له‌ دايكبوونى كوڕى دووه‌مى (ڕايان له‌ هاوسه‌رى دووه‌مى) له‌ كه‌نه‌دا، پێشكه‌شكردنى به‌رنامه‌كانى (سه‌گا و ماهور) له‌ كۆنسێرته‌كانى ئه‌وروپا به‌ هاوكارى داريوش طلايى، سعيد فرجپورى و هومايۆن شجريان له‌ پايیزدا.
تۆماركردنى مۆزيكى (شب، سكوت، كوير)، پێشكه‌شكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌لبومى (معماى هستى) له‌ (كۆڵن)ـى ئه‌ڵمانيا، تۆماركردنى به‌رهه‌مى (شب وصل) بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌لبومى (رسواى دل، ابو عطا، و عشق داند).

١٩٩٨: پێشكه‌شكردنى كۆنسێرته‌كانى له‌ تاران، ئه‌سفه‌هان و له‌ ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ گرووپى ئاوا، پێشكه‌شكردنى كۆنسێرتێك له‌ ئه‌مريكا. تۆماركردنى به‌رهه‌مى (ئارام جان) و بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى (پيام نسيم، شب، سكوت، كوير، چهره‌ به‌ چهره‌، راست پنجگا).

١٩٩٩: پێشكه‌شكردنى (ماهور، افشارى) له‌ پێنج شه‌و كونسێرتدا به‌ سوودى قوتابيان له‌ شارى هشتگرد، به‌ ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى پيكاسۆ له‌ لايه‌ن ڕێكخراوى يونسكۆوه‌ له‌ پاريس، بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى (ئارام جان) تۆماركردنى (ئاهنگ وفا)، بڵاوكردنه‌وه‌ى دوو به‌رهه‌مى (تلاوت قران)ـى١و٢.
بڵاوبوونه‌وه‌ى كتێبى (راز مانا) ژيان و ديدگاى به‌رهه‌مى مامۆستاى ئاوازى ئێران محەمەد ڕەزا شەجەریان.

٢٠٠٠: پێشكه‌شكردنى (نوا) و دادوبيداد (زمستان است) له‌ كۆنسێرته‌كانى ئه‌وروپا و ئه‌مريكا و كه‌نه‌دا به‌ هاوكارى حسين عليزاده‌، كيهان كلهر، هومايۆن شجريان، ئه‌نجامدانى كارى نۆژدارى (گەدە و په‌نكرياس) بۆى له‌ واشنتون.

٢٠٠١: كارى نۆژدارى (قۆڵۆن) له‌ تاران.

٢٠٠٢: پێشكه‌شكردنى به‌رنامه‌ى (راست پنجگا، فرياد) له‌ كۆنسێرته‌كانى ئه‌مريكا و كه‌نه‌دا به‌ هاوكارى حسين عليزاده‌، كيهان كلهر، هومايۆن شجريان، ده‌رچوونى بڵاوكراوه‌ى (دفتر هنر) ژماره‌ ١٥ تايبه‌ت به‌ شجريان له‌ كاليفۆرنيا.

٢٠٠٣: ده‌رچونى گۆڤارى (موسقى قرن٢١) تايبه‌ت به‌ شجريان. بڵاوبوونه‌وه‌ى كتێبى (سروش مردم) بيروڕاكانى شجريان، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانى بۆ ئينگليزى عرفان قانعى فرد زانكۆى (كمبريج)ـى به‌ريتانيا.

٢٠٠٤: بڵاوبوونه‌وه‌ى كتێبه‌كانى (هزار گلخانه‌ أواز) محمد ره‌زا شجريان، (شور ترانه‌) و (أواى ايران).

٢٠٠٥: پێشكه‌شكردنى چوارشه‌و كۆنسێرت له‌ تاران بۆ يارمه‌تى لێقه‌وماوانى بومه‌له‌رزه‌ى به‌م و به‌رزراگرتنى، كۆچى دوايى هونه‌رمه‌ند ئيره‌جى بەستامی له‌ بومه‌له‌رزه‌ى ناوبراودا، (داهاتى ئه‌م كۆنسێرته‌ بۆ دروستكردنه‌وه‌ى ناوه‌ندێكى هونه‌رييه‌ له‌شارى به‌م).

٢٠٠٦: كۆنسێرتێك له‌ كه‌نه‌دا به‌ هاوكارى حسين عليزاده‌ و كيهان و هومايۆن.

٢٠٠٧: بڵاوبوونه‌وه‌ى كتێبێك به‌ناوى (لطيفه نهانى) ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌رهه‌مه‌كانى شجريان.


سەرچاوەکان



2743 بینین