ئوردن 

ئوردن 

له‌لایه‌ن: ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-07-19-15:38:00 - کۆدی بابەت: 5963
ئوردن 

ناوه‌ڕۆك

شوێنی جوگرافی

شانشینی ئوردنی هاشمی وڵاتێکی عەرەبییە، دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، هەروەها لە ناوەندی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەشی باشوری وڵاتانی شام و باکوری نیمچە دوورگەی عەرەبییە، ڕووبەرەکەی 89.213 کیلۆمەتر دووجایە، پایتەختەکەی شاری عەممانە.

سنوری هاوبەشی هەیە لە باکوورەوە لەگەڵ سوریا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ فەڵەستین، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ عێڕاق، لە باشوریش لەگەڵ سعودییە، هەروەها تاکە بەندەری ئاویی هەیە لە سەر دەریای سوور.

وڵاتی ئوردن ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە بە بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی هاوسنووری، هەرچەندە هاونیشتمانیانی ئەو وڵاتە بەدەست گرانی و هەژاری و بێکارییەکی زۆرەوە دەناڵێنن. 

مێژووی وڵات 

لە دێر زەمانەوە ژیان هەبووە لە سەر خاکی ئوردن و خاوەنی چەندان شارستانیەتە، و چەندان گەل و تیرە نیشتەجێی خاکەکەی بوون، لەوانە ئەدۆمییەکان، موئابییەکان، ئەنباتییەکان.

ئوردن ژێردەستەی فەرمانڕەوایی ڕۆمانی بیزەنتییەکان بوو تاکو سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی، کە کۆتاییان بە دەسەڵاتی بیزەنتیەکان هێنا، پاشان لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامیدا ناوچەکە ڕۆل و پێگەی گرنگی هەبووە.

لەسەردەمی عوسمانییەکان خاکی ئوردن بەشێك بووە لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی.

لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم پاشا عەبدوڵڵای کوڕی حوسەین لە ساڵی 1921 بە یارمەتی بەڕیتانییەکان ئیمارەی ڕۆژهەڵاتی ئوردنی بنیاتنا کە لەو سەردەمە بەشێك بوو لە فەڵەستین، تا ساڵی 1946 سەربەخۆیی تەواوەتی وەرگرت و میر عەبدوڵڵا وەکو پاشای وڵات هەڵبژێردرا.

بەهۆی هاوسنووری لە گەڵ فەڵەستین چەندان جار گرژی و ئاڵۆزی و جەنگ ڕویداوە لە نێوان ئیسڕائیل وڵاتی ئوردن.

ئوردن وڵاتێکی پاشایەتی مەرجدارە و دەستووری ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٩٥٢ دا پەسەند کراوە، دەسەڵاتی ئیداری و بەڕێوەبەرایەتی لە ئەستۆی شای ئوردن و کابینەی حکوومەتەکەیدایە. 

ژمارە و پێکهاتەی دانیشتوان 

لە سەرژمێریی 2015 ژمارەی دانیشتووانی ئوردن 9.5 ملیۆن کەس بوون و ئێستا نزیکەی ١٠ ملیۆنن، وڵاتی ئوردن بەهۆی شوێنی جوگرافی و هاوسنووری لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پشێوی و ئاڵۆزیان تێدایە چەشنی سوریا و عێڕاق و فەڵەستین هەمیشە شوێنی پەنابەری ئەو وڵاتانە بووە، بۆیە پەنابەران بەشێکی دانیشتوانی ئوردن پێکدەهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرترین پەنابەرانی وڵاتی ئوردن فەڵەستینین بەجۆرێك تا کۆتایی ساڵی 2016 ژمارەیان گەیشتۆتە 2,175,491 پەنابەر.

هەروەها بەهۆى بارودۆخی سیاسی وڵاتی سوریا، پەنابەرانی سوری ژمارەیان گەیشتۆتە 1.4 ملیۆن کەس لە ئوردن، و پەنابەرانی عێڕاقیش لە دوای 2003ـوە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرەو ئوردن سەفەریان کردوە ژمارەیان نزیکەی ملیۆنێك کەسە، بێجگە لە پەنابەری لوبنانی و یەمەنی و لیبی، ئەم بڕە زۆرەی پەنابەران کاریگەری هەبووە لەسەر دروستبوونی بێکاری لە وڵات و هەمیشە ئوردن لە وڵاتانی پێشەوەیە بۆ بێکاری و نەبوونی دەرفەت بۆ گەنجانی وڵاتی خۆی.

98% دانیشتوان لە نەتەوەی عەرەبن 2% لە کەمینە نەتەوەکانی وەکوو ئەرمەن و شەرکەس و کوردن.

کولتوور و دابونەریتی ئوردن بەوە ناسراوە کە میواندۆست و دڵفراوانن بۆ میوان و کەسی غەریب. 

زمان و ئاینی فەرمی دانیشتوان 

زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە لە وڵاتە، هەموان قسەی پێدەکەن، چەند شێوەزارێکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تری ئوردن دەگۆڕێت و جیاوازەلە شێوەزارەکانی تری عەرەبی، بۆ نموونە شێوەزاری دانیشتوانی باکوور و ناوەڕاستی ئوردن لە یەکەوە نزیکە بە زمانێکی پاراو قسەدەکەن، بەلام دانیشتوانی باشور بە شێوەزارێکی گشتی نزیك لە دەشتەکی(بەدەوی) قسەدەکەن.

ئاینی ئیسلام بەربڵاوترین ئایینە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە ڕێبازی سوننەن، بەپێی ئاماری ساڵی 2001 لە %92 دانیشتوان موسڵمانی سوننەن، لە %6 شوێنکەوتوی ئاینی مەسیحیین، 2% لە موسوڵمانی شیعەن.
هەروەها کەمینەی ئاینی دورزییەکان لە ئوردن لەو ناوچانەی نزیکی سنووری سوریان بوونیان هەیە.
بەپێی دەستووری ئوردن ئازادیی بیروباوەڕی بۆ هەمووان دەستەبەرە، هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان شوێنی پەرستشی تایبەت بە خۆیان هەیە بە ئازادانە نەریتە ئاینییەکانیان جێبەجێ دەکەن. 

ئابووری وڵاتی ئوردن 

وڵاتی ئوردن لەو وڵاتانە دادەنرێت کە ڕێژەی داهاتی تاکەکەسی مامناوەندە، بە پێی ئاماری ساڵی 2009 ڕێژەی داهاتی تاك 3730 دۆلار بووە.
باری ئابووری وڵات پەیوەستە بە لایەنی بازرگانی و گەشتیارییەوە، هەروەها پشت دەبەستێت بە پیشەسازییەکانی دەرمان و پەیینی کیمیایی.

لە باشوری وڵات کانگای بەرهەمهێنای فۆسفات هەیە و وڵاتی ئوردن سێیەم سەرچاوەی بەرهەمهێنانی فۆسفاتە لە جیهاندا، خاکی ئوردن بڕێکی زۆر لە کانزاکانی وەکوو پۆتاسیۆم و خۆێ و گازی سرووشتی و بەردی کلس لە خۆدەگرێت ئەم کانزایانە زۆر یارمەتی ئابووری وڵاتی ئوردن دەدەن چونکە زەوی بەپیتی کشتوکاڵی زۆر سنوردارە، سەرچاوەی ئاویی لە ئوردن زۆر کەمە.

دراوی وڵاتی ئوردن دیناری ئوردنییە، دەبێتە 1000 فلس و 100 قرووش، نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تا ڕادەیەك جێگیرە. 

کەرتی کشتوکاڵ 

کشتوکاڵ زۆر گرنگە و ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە ئابووری وڵاتی ئوردندا، بەڵام ڕووبەڕوی چەندان کێشەی سەرەکی دەبێتەوە، لەوانە وشکە ساڵی و کەمی بارانبارین و کەمی زەوی بەپیت بۆ کشتوکاڵی نەبوونی سەرچاوەی ئاوەیی چەندان کێشەی تریش، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم کێشانە وڵاتی ئوردن توانیویەتی بە بڕی 2.8% بەروبوومی ناوخۆیی دەستەبەر بکات، ئەو وڵاتە پشتی بەستووە بە بەرهەمە ناوخۆییەکانی بۆ دابینکردنی بڕێکی زۆر لە بابەتە خۆراکییەکان، بەڵام بڕێکی زۆر لە گەنم و شیرەمەنییەکان و شەکر و گۆشت و سەوزە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، گرینگترین ئەو وڵاتانەی ئوردن بەرهەمی هەمەجۆر و جیاوازی لێوە هاوردە دەکات بریتین لە سعودیە و چین و ئەمریکا و میسڕ

سەرچاوەی ئاویی 

ئوردن لەو وڵاتانەیە کە دەناڵێنێت بەدەست کەمی و نەبوونی سەرچاوەی ئاوەییەوە، سەرچاوەی ئاویی بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوییە.

هەروەها وڵاتی ئوردن دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو و ئاوەڕۆکان دەکات بە چەند پرۆسەیەکی ئاڵۆز بەکاریاندەهێنێتەوە بۆ ئاوەدانی کشتوکاڵی. 

سامانی ئاژەڵی 

ئاژەڵداریی سامانێکی سەرەکییە لە کەرتی کشتوکاڵی کە بڕی 55% ئەو کەرتەیە، لە پلەی یەکەمدا كەرتی پەلەوەر و پاشان کەرتی مانگا و مەڕوماڵات، گوندنشینان بە شێوەیەکی سەرەکی بە کاری ئاژەڵادارییەوە خەریکن. 

کەرتی گەشتیاری 

گەشتیاری لە ئوردن لە گرنگترین کەرتەکانە، ساڵانە نزیکەی 3 ملیار دۆلار قازانجی لەو کەرتە بۆ دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2009 سێ ملیۆن گەشتیار سەردانی وڵاتی ئوردنی کردووە، چونکە چەندان شوێنەواری مێژوویی گرنگ لە خۆدەگرێت لەوانە بەترا کە یەکێکە لە حەوت سەمەرەکەی جیهان، ڕووباری ئوردن، شاخی نیبۆ مادبا، چەندان مزگەوت و کڵێسای کۆنی مێژوویی کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست.

چەندان شوێنی سروشتی هەیە لە باکور وەکو ناوچەی ئەربەد کە ناوچەیەکی دڵڕفێنە و سروشتێکی پاك و خاوێنی هەیە.

دەریای مردوو یەکێکە لەو شوێنانەی کە جێی سەرەنجی گەشتیارانە کە چەند چارەسەرێکی سروشتی تێدایە وەکوو ئاوی گەرمی دەوڵەمەندە بە کانزای سروشتی بەسود.


سەرچاوەکان

189 بینین