بەشی شیکاری نەخۆشییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-07-28-02:53:00 - کۆدی بابەت: 6067
بەشی شیکاری نەخۆشییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پسپۆڕی شیکاری (بە ئینگلیزی: Medical Laboratory) بە گشتی بریتییە لە بەکارهێنانی ڕێگا و شێواز و تەکنیکی هەمەجۆر و سەردەمیانە بۆ جێبەجێکردنی چەند پشکنینێکی ورد و پێویست لە سەر جەستەی مرۆڤ، لە ڕێگەی وەرگرتنی سامپڵ و نموونەی شانە و خوێن و هەر شلەیەکی تری لەش کە پێویست بێت، یارمەتیدەرە لە دیاریکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بە بەکارهێنانی چەند ئامێرێکی پێشکەوتوو و جۆراوجۆری وەکوو (ووردبین/مایکرۆسکۆب).

هەروەها هەر لەڕێگەی تاقیگە پزیشکییەکانەوە دەتوانرێت چەند شێوازێکی چارەسەر دابین بکرێت، لەوانە چارەسەر بە بەکارهێنانی خانە، چارسەر بە بەکارهێنانی جیناتە بۆماوەییەکان.

ئەنجامی پشکنینەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی وەکوو: شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و نەخۆشییەکانی خوێن و چەندان نەخۆشی تر. 

جیاوازی نێوان بەشی زانستی زیندەزانی و بەشی شیکاری نەخۆشییەکان

زانستی بایۆلۆجی بەشێکی فراوان و گشتییە بەشێکە لە کۆلێژی زانست و هەموو سیفات و تایبەتمەندی زیندەوەران (مرۆڤ و ڕووەك و ئاژەڵ) بە وردی دەخوێنرێت بواری کارکردنی فراوانترە و سنوردار نییە.

بەشی شیکاری یەکێکە لە بەشەکانی زانکۆ پۆلەتەکنیکییەکان و خوێندن تێیدا تایبەتە بە تەندروستی مرۆڤ، بواری کارکردنی سنوردارە تەنها لە تاقیگەکانە.

جیاوازی نێوان کۆلێژی شیکاری نەخۆشییەکان و پەیمانگای شیکاری نەخۆشییەکان

کۆلێژی شیکاری نەخۆشییەکان 

ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە و بابەتەکان بە چڕ و پڕتر و تیۆری و کردارەکی دەخوێنرێت و بەشێکی فراوانە، خوێندكار لە دوای تەواوکردنی ئەو چوار ساڵە دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان ئەگەر ویستی لێبوو دەتوانێت خوێندنی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا) تەواو بکات و پسپۆڕی لە چەند بوارێکی دیاریکراو وەرگرێت وەکوو:

کوردی ئینگلیزی
شانەزانی Histology
زانستی نەخۆشییەکانی خوێن و گواستنەوه‌ی خوێن Hematology
کیمیای زیندەزانی Biochemistry 
بایۆلۆجی لەشی مرۆڤ Human Biology
مشەخۆرناسی Parasitology
زانستی بەرگری Immunology

پەیمانگای تەکنیکی شیکاری نەخۆشییەکان

ماوەی خوێندن دوو ساڵە، وانە و بابەتەکان بەخێرایی و زیاتر بە کردارەکی دەخوێنرێت، خوێندكار لە دوای تەواوکردنی ئەم دوو ساڵە دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم، ناتوانێت خوێندنی باڵا و پسپۆڕی وەرگرێت.

بەڵام ئەگەر خوێندکار لە هەردوو ساڵەکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا دەتوانێت بچێتە کۆلێژی پۆلەتەکنیکی شیکاری. 

تایبەتمەندی و مەرجی پسپۆڕی شیکاری 

- بەتوانا بێت لە وانە زانستییەکانی وەکوو کیمیا و زیندەزانی.
- لێهاتوو بێت لە زمانی ئینگلیزیدا.
- توانای مامەڵەکردنی هەبێت لەگەڵ کۆمەڵێك ئامێری ورد و پێویست بۆ کارەکەی.
- وردکار و گرنگیدان بە بچوکترین وردەکارییەکان.
- نەرمونیان و لەسەرخۆ بێت توانای مامەڵەکردنی هەبێت لەگەڵ نەخۆش لە هەموو بارێکدا. 

ئەرك و کارە سەرەکییەکانی پسپۆڕی شیکاری نەخۆشییەکان

- پشکنین و شیکاری بۆ ماددە شلەکانی لەشی مرۆڤ لەڕووی پێکهاتە کیمیاویەکانی.
- دیاریکردن و دەستنیشانکردنی سوود و زیانی زیندەوەری مایکرۆسکۆپی (Microorganisms).
- پشکنینی خانە و شانەکانی لەش.
- پشکنینی خوێن بۆ زانینی ڕێژەی پێکهاتەکانی لە لەشدا.
- هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بۆ ئەنجامی پشکنینەکان بۆ دڵنیابوون لە وردیی و دروستی ئەنجامی پشکنینەکان.
- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ تۆمارکردنی داتا و ئەنجامی پشکنینەکان بە وردیی، تاکوو ڕێگری لە هەڵە و تێکەڵبوونی ئەنجامەکان بکرێت.
- چاودێری کردنی بارودۆخی نەخۆش، چونکە لە 60-70% دەستنیشانکردنی نەخۆشی و دیاریكردنی دەرمان پەیوەستن بە دەرئەنجامی ئەو پشکنینانەوە. 

شوێن و بوارەکانی کارکردن

- نەخۆشخانەکان 
- کلینیکی پزیشکی 
- کلینیکەکانی توێژینەوە زانستییەکان 
- بانکی خوێن 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت

  • هەولێر كۆلێژی تەكنیكی تەندروستی شیكاری نەخۆشیەكان
  • کۆلێژی تەکنیکی سلێمانی 
  • كۆلێژی تەكنیكی تەندروستی شێخان( سەر بە شاری دهۆك) 

گرنگترین پەیمانگاکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت

  • پەیمانگای تەکنیکی شەقڵاوە 
  • پەیمانگای تەکنیکی سۆران
  • پەیمانگای تەکنیکی کۆیە
  • پەیمانگای تەکنیکی زاخۆ 
  • پەیمانگای تەکنیکی ئامێدی 
  • پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی 
  • پەیمانگای تەکنیکی کەلار
  • پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە


سەرچاوەکان



18317 بینین